ژیاننامە
یوسف عهبدولڕەحمان عیسا، ساڵی ١٨٨٦ له گوندی سه‌فتی سه‌ربه قه‌زای مێرگه‌سۆری پارێزگای هه‌ولێر له دایك بووه و خێزاندار بووە، ساڵى ١٩٣٢ دواى نسکۆى شۆڕشی یەکەمى بارزان ئاوارەى وڵاتى تورکیا بووە. ساڵى ١٩٤٥ ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بووە، ساڵى ١٩٦٦ کۆچى دوایی کردووە و لە زێدى خۆى بە خاک سپێردراوە.
خەباتنامە
ساڵى ١٩٣١ پەیوەندى بە شۆڕشی یەکەمى بارزان کردووە و ساڵى ١٩٣٢ بەشدارى شەڕى بەناوبانگى دۆڵا ڤاژێی کردووە، ساڵى ١٩٤٣ پەیوەندى بە شۆڕشی دووەمى بارزان بە ڕابەرایەتى مەلا مستەفا بارزانى دەکات، ١١ی تشرـینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا و له گه‌ڵ كوڕی ئه‌حمه‌د یوسف عهبدولڕەحمان بەرگری لە كۆمار كردووه. به‌شداری له شەڕەکانى سنوری سه‌قز و ته‌رگه‌وه‌ڕ و مه‌رگه‌وه‌ڕ کردووە.
دواى ڕووخاندنی کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕکانی بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە تاکو لە ڕێکەوتى ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە سەر سنووری ئێران- عێراق. جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ڕێکەوتى٦ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور (کۆتۆل) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى هەڤاڵانى بارزانى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە دەگوازرێتەوە كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە یوسف سه‌فتی لە مانگی تشـرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، یوسف سه‌فتی له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
دوای گه‌ڕانه‌وه له گوندی سه‌فتی قەزاى مێرگەسۆر نیشتەجێ دەبێت، بە هۆى هەڵکشانى تەمەنى بەشدارى شۆڕشی ئەیلوولى نەکردووە.
سه‌رچاوه:
١- چاوپێکەوتن لەگەڵ کەس کەسوکاری، مانگی ١٢ی ٢٠٢٣ هه‌ولێر.
٢- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئیسنكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان