یاسین بێرۆخی

یاسین جەوهەر ماماڵ، ناسراو بە (یاسین بێرۆخی)، ساڵی ١٩٢٥ لە پاریزگای هەکاری لەدایک بووە، ساڵى ١٩٤٦ لە کۆماری دیموکراتی کوردستان پەیوەندى بە هێزى بارزانەوە کردووە، ساڵی ١٩٦١ بووتە پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


 یاسین جەوهەر ماماڵ، ناسراو بە (یاسین بێرۆخی)، ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی بێرۆخی پاریزگای هەکاری باکووری کوردستان لە دایکبووە، منداڵ بووە کاتێک باوکی کۆچی دوایی دەکات، ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ دایکی و براکەی لەبەر سەختی باری ژیانیان ڕوودەکەنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ١٩٤٤ دەگەڕێنەوە بۆ گوندی مەزنێ لەدەڤەری مێرگەسور، ساڵی ١٩٤٥ دووبارە ئاوارە دەبنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەگوندی نار لەدەڤەری مەرگەوەڕ نیشتەجێ بوونە. ساڵى ١٩٧٥ بۆ جارى سێیەم ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە گوندی جەڵدیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای نەڵیوان لە شنۆ و لەوێشەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگای ڕەبەت لە سەردەشت و دواتر بۆ شاری کرمان، ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی مەرگەوەڕ لە پارێزگای ورمێ و لەوێ نیشتەجێ بووە. ساڵى ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی جەماوەرى باشوورى کوردستان، گەڕاوەتەوە و  لە شارۆچکەی بەحرکە و دواتر لەپیرمام نیشتەجێ بووە، ساڵی ١٩٩٣ خانەنشین کراوە.

ساڵى ١٩٤٦ پەیوەندى بە هێزى بارزان کردووە و لە سوپاى کۆماری کوردستان بۆتە پێشمەرگە، بەشدارى شەڕی ملقەرەنى کردووە، دوای ڕووخانى کۆماری کوردستان لەبەرەی شەڕی نەلۆس بووە، ساڵی ١٩٤٧ گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و بۆ ماوەیەک لە شارۆچکەی دیانا دەست بەسەر بووە، دواتر ڕەوانەی شاری موسڵ کراوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کراوە، دوای ئازادکردنی دوورخراوەتەوە بۆ شارۆچکەی دیبەگە لەپارێزگای هەولێر و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ کرێکاری کردووە، دواتر دەکرێتە سەرباز و دوای بیست و پێنج ڕۆژ لە سەربازی، هەڵاتووە بۆ گوندی قوشتەپە و دواتر چووەتە بێستانە و لەلای عەلی مەحمود ئاغای دزەیی ماوەتەوە.

یاسین بێرۆخی، ساڵی ١٩٥٣ لەگوندی بێستانەوە چووە بۆ گوندی بێرۆخ لەسنووری باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٥٥ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ سەربازی پێ دەکەن و ساڵی ١٩٥٧ سەربازی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٥٩ دوای گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە یەکێتی سۆڤیەت، ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ گوندی زەرگەت لە دەڤەری شێروان مەزن، لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە و بەشداری شەڕی زنتا و شەڕی سەری پیرس و شەڕی زێبارییەکانی کردووە و لەو شەڕەدا بریندار بووە.

ساڵی ١٩٦٢ پەڕیوەتەوە بۆ دەڤەری سۆران، ساڵی ١٩٦٣ کاتێک کە سوپای عێراق هێرشی کردۆتە سەر دەڤەری بارزان، دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی بارزان و بەشداری شەڕی سەری پیرس و شەڕی سەری ئاکرێی کردووە و بریندار بووە، لەهەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە بۆ دەڤەری سۆران و لەگەڵ حادی حەسکۆ لە سەنگەسەر بووە، دوای شەهیدبوونی حادی حەسکۆ، ناوبراو ساڵی ١٩٦٦ چووەتە لای حاجی بێرۆخی و کراوە بەسەرلق و بەشداری شەڕی گوندى سەرچیای کردووە.

دوای ڕێککەوتننامەى ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، کراوەتە پاسەوانی سنووری لە کانی سماق لە ناحیەى گەڵاڵە، ساڵى ١٩٧٤ دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ڕژێمی عێراق بۆ سەر هێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول لەشەڕی چیای گۆڕەز بریندار بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان،  بەهۆی خزمەتەکانى، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

میتۆ ئەحمەد زەینەڵ ستونى

میتۆ ئەحمەد زەینەڵ ستوونى، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى ستونی ناحیەى شێروان مەزن لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٧٠ دواى بەیاننامەى ١١ى ئادار، لە فەوجى ٤ى هێزى باڵەک، کراوەتە پاسەوانى سنوور. ساڵى ١٩٩٧ ساڵی کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

سەعید ئیسماعیل ئەحمەد

سەعید ئیسماعیل ئەحمەد سپینداری، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی سپیندار لەدەڤەری بەرواری ژێری سەربە قەزای ئامێدی لەدایک بووە، ساڵی ١٩٥٨ پەیوندی بە ڕیکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩٩٧ بۆتە ئەندامی دەزگای ئەیلوول، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە، لە ٣١ی ئایاری ٢٠٠١ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ڕەمەزان عیسا شەریف

ڕەمەزان عیسا شەریف ناسراو بە (ڕەمەزان عیسا)، ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی سێلکێ ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٥٩ نایب زابت بووە لە سوپاى عێراق، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٢ دواى ئەوەى ئاشکرا بووە، ڕیزەکانى سوپاى جیهێشتووە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە، لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٠٨ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ڕەسول فەقێ خۆشناو

ڕەسول فەقێ خۆشناو ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی( گەڕووتە) لە قەزاى شەقڵاوە پارێزگاى هەولێر لە لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بۆتە ئەندامی لێژنەی ناوچەی شەقڵاوە. ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کراوە بە فەرماندەی هێزی کۆڕەک لە پیرمام، دوای دامەزراندنی دەزگای ئەیلول، کراوەتە جێگری بەرپرسی دەزگاکە. لە ١٦ی ئابی ١٩٩٣ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خالید کۆچەر

خالید ڕەشید ئەحمەد ناسراو بە (خالید کۆچەر)، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی گرفیل سەربە قەزای سێمێل لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٢پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندی بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر