ساڵى ١٩٤٣ کاتێک مەلا مستەفا بارزانی لە سلێمانى گەڕایەوە دەڤەرى بارزان، پەیوەندى بە هێزى شۆڕشگێڕان کردووە و چەکى هەڵگرتووە، لەبەر لێهاتوویی و ئازایەتى کراوەتە سەرقۆڵ، بەشدارى شەڕی گوندى بێستر لەبنارى چیاى پیران لەقەزاى مێرگەسۆر و شەڕى مەیدان مۆریک و شەڕەکانى دەڤەرى بلێ و بارزان و چیاى پیرس لە قەزاى ئاکرێ کردووە.
لە ١١ی تشرینی یەکەمى ١٩٤٥ لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ لە هێزی بارزان سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز، بەتایبەتى شەڕى بەناوبانگى قاراوەى لە سەروچاوە کردووە، لە ٢ى شوباتى ١٩٤٧ دواى ڕووخانى کۆمار لەشەڕى نەڵۆس قاچى ڕاستى بەسەختى بریندار بووە و چاوی چەپیشى لەدەست داوە، بەهۆى سەختى برینەکانى نەیتوانیوە لەگەڵ بارزانى و هەڤاڵانى بچێت بۆ یەکێتى سۆڤیەت. بۆیە لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانى و بنەماڵەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ باشوورى کوردستان، بەهۆى ئەوەى کەمئەندام بووە لە لایەن حکومەتی عێراق دەستگیر نەکراوە. دوای چاکبوونەوەی برینەکانی ڕووی لە زنجیرە چیای برادۆست کردووە، تا ساڵی ١٩٥٨ لەو شاخانە ماوەتەوە بە قاچاغ ژیاوە، بۆ پەیداکردنى خواردن و خۆراک چۆتە گوندەکانى دەڤەرەکە و خەڵکی گوندەکانیش هاوکارییان کردووە و خواردنیان بۆ بردووە، زستانان بۆ خۆپاراستن لە سەرما و سۆڵە لە ئەشکەوتەکان ماوەتەوە.
ساڵی ١٩٥٨ دواى ئەوەى بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت بۆ عێراق گەڕایەوە و شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، کەکۆ مەلا عەلى پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕش کردووە و لەگەڵ حەمەدەمین میرخان مێرگەسۆری بۆتە پێشمەرگە و بەشداری شەڕی گەلی زاویتەی لەدەڤەرى بادینان کردووە، لە ٧ى شوباتى ١٩٦٢ بەشداری شەڕی مرێبای لە ناوچەی شێخانى دەڤەرى بادینان کردووە.
دواى ئەوە مەلامستەفا بارزانى بۆ ناوچەى سۆران پەڕیوەتەوە، کەکۆ مەلا عەلى لەگەڵ هێزەکە چووەتە ناوچەى سۆران، بەشدارى هەموو شەڕەکانى دەڤەرەکەى کردووە، ساڵى ١٩٦٢ لە دەڤەرى سیدەکان لەیەکێک لەشەڕەکان بە سووکى بریندار بووە و ساڵى ١٩٦٣ لە شەڕى کێلى بنی بیا بەسەختى بریندار بووە و بەهۆی سەختى برینەکەى ناتوانێت بەردەوام بێت لە پێشمەرگایەتی، هەر بەهۆی کاریگەرى ئەو برینەى ماوەى ٣٨ ساڵ لەجێگا دەکەوێت، هاوسەر و منداڵەکانى خزمەتیان کردووە.
لە ١٦ی ئابى ١٩٩٦ بەهۆى ئەو خزمەتانەى پێشکەشى کورد و کوردستان و ڕێبازى بارزانى کردووە، لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانى میدالیاى بارزانى پێدراوە.
سەرچاوە:
١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.