کۆمەڵکوژیەکەى بەردەرگای سەرای شارى سلێمانى

ئەم کۆمەڵکوژیە لە هاوینى ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر کۆمەڵکوژى و هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.


 لە هاوینى ١٩٦٣ شەڕ و پەلامارەکانى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولسەلام عارف بە فراوانى بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەستى پێکرد، لە ئێزگەى بەغداوە بەیاننامەى ڕەتکردنەوەوەى گفتوگۆى لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشى کورد ڕاگەیاند و بڕیارى سەرهەڵدانەوەى شەڕێکى خوێناوى دژى کورد دەرکرد، پاشان کەوتە هێرش و پەلاماردانى شار و شارۆچکە و دێهاتەکان، ئینجا دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەدوونان و ڕەشەکوژى تەواوى ئەو ناوچانەى کە کەوتنە بەر پەلامارە سەربازیەکان بەو پێیەى کە بەعسیەکان وایان لێک دەدایەوە کە ڕژێمى عەبدولکەریم قاسمى پێش خۆیان بە ڕژدى شەڕى کوردى نەکردبوو، بەڵکو ئەوان دەتوانن بە ماوەیەکى کورت شۆڕشى کورد شکست پێ بێنن،  دیارە ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستییە کە عەبدولسەلام عارف هەرگیز باوەڕی بە دۆزى کورد نەبووە لە عێراق، ڕەنگدانەوەى ئەوەش لە گوتار و وتەکانیدا دەردەکەوت کە داننان بە کورد و وشەى کوردستانى بەکارنەدەهێنا.    

بەر لە دەستپێکرنى شەڕ لە ٢٠ى ئایارى١٩٦٣ فەرمانى حوکمدارى گشتى سوپا دەرچوو کە گەمارۆى ئابوورى بخرێتە سەر کوردستان، لەگەڵ دەستپێکرنەوەى شەڕیشدا لە ١٠ى حوزەیران  تاوانى زۆر گەورەى دوور لە بەهاى ئەخلاقى و مرۆڤى لە زۆر شوێندا ئەنجام دران، دیارە لەو ماوەیەش شارى سلێمانی پتر لە شارەکانى دیکەى کوردستان کەوتبووە ژێر گوشارى ستەمى سوپاى عێراق، لەهەر لایەکەوە هێرش بکرابایە سەر سوپا و قافلە سەربازییەکان لەلایەن پێشمەرگەوە، ئەوان دەهاتن ڕق و توڕەیى و تووڵەیان لە دانیشتوانى سڤیلی سلێمانى دەکردەوە.

یەکێک لەو کردەوە توندوتیژى و دژە مرۆڤیانە ڕووداوەکەى شارى سلێمانى بوو بە فەرمانى زەعیم سدیق مستەفا فەرماندەى لیواى بیست کە بە دڕندەترین لیوا ناسرابوو لە مێژووى عێراقدا و دەستى سوور بووە بە خوێنى هەزاران لاوى ئەم وڵاتە، شارى سلێمانیش پشکۆیەکى داگیرساو بووە بە ڕووی نەیارانیدا، لەو هەڵمەتى ڕەشەکوژییە پێنج هەزار هاووڵاتى سڤیلى شارەکە دەستگیر کران و٨٦ کەسیانى لێ بژاردن و زیندەبەچاڵی کردن، تاکە تاوانى ئەمانە ئەوە بوو کە بەعسیەکان وێنەیەکى مستەفا بارزانی ڕێبەرى شۆڕشى کوردیان هێنابوو بۆ ناو کۆمەڵى خەڵکە گیراوەکە و فەرمانیان پێ کردبوون کە سوکایەتى و بێڕێزى پێ بکەن، ئەوانیش بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوون ئەو کارە قبوول بکەن، دیارە یەکێک لەناو خەڵکە گیراوەکە وەڵامى دابوونەوە و پێیانى گوتبوون ئەگەر ئێوە ئامادەن بێڕێزى بەرامبەر بە سەرکۆمارى خۆتانەوە بکەن ئەو کاتە ئێمەش گوێڕایەڵتان دەبین، بۆیە بەعسیەکان دەستیان لێ نەپاراستن و کۆمەڵکوژیان کردن.


سەرچاوە:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان- ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥

لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥، هەشت فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی هوڤیانە پەلاماری ئۆردوگای زێوەیاندا کە ئۆردوگایەکی تایبەت بەنیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشوور بوو، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەئەنجامدا ١٥٠ هاووڵاتی سڤیل بە پیر و منداڵ و پەککەوتەوە شەهیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی کۆتایی ساڵ چووبوونە قوتابخانەکەیان.

زانیاری زیاتر

بۆردومانى قەڵادزێ

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژدیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى سڤیل ئەنجام درا، دواى ئەوەى کەوا حکومەت فەرمانى دەست پێکرنەوەى شەڕی دژى شۆڕشى کورد دەرکرد بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، لە ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ بە چەند بالەفڕێکى جەنگى بۆردمانى شارى قەڵادزێی کرد.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژییەکەى گوندى سوريا

کۆمەڵکوژى گوندى سۆریا لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ ڕوویدا لەلایەن سوپاى عێراق، کە تێیدا هەڵمەتێکى سەربازیان کردە سەر گوندى سۆریا لە قەزاى زاخۆ بە بیانووى ئەوەى کە دەستیان هەبوو لە دانانەوەى مینێک لە شەقامى سەرەکى نزیک گوندەکەیان، کە بە سیارەیەکى سەربازیدا تەقیەوەو تێیدا ئەفەسەرێک و چەند سەبازێک کوژران.

زانیاری زیاتر