کازم شانەدەری

کازم مستەفا ئۆمەر ناسراو بە (کازم شانەدەری)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان(١٩٧٩- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ خەڵکى باشوورى کوردستانى کردووە.


ژیاننامە

کازم مستەفا ئۆمەر، ناسراو بە (کازم شانەدەری)، ساڵى ١٩٣٠ لە گوندى شانەدەرى ناحیەى شێروان مەزنی قەزاى مێرگەسۆرى پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٤٥ دواى نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە یەکیەتى سۆڤیەت قۆناغى خوێندنى پەیمانگاى تەواوکردووە، ساڵى ١٩٨٥ ئاوارەی وڵاتى ئێران دەبێتەوە، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان. 

خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندیی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە كردووه‌‌، لە چیاى برادۆست لە سەنگەرى بەرگرى کردن دەبێت دژى سوپاى عێراق، له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕوویکردۆتە‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ هێزی بارزانی سه‌ر به‌ سوپای کۆماری دیموکراتى کوردستان لە شاری مەهاباد بۆتە پێشمەرگە، له‌ شه‌ڕە‌كانی به‌ره‌ی نەغەدە و شنۆ له‌ كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه‌، لە شه‌ڕی قەڵاتان بریندار بووە. 

دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى باکوورى کوردستانى لە گوندى خواکوڕک بۆ گوندى ئەرگۆش و دەڤەرى هەرکى بنەجێ گەڕاوەتەوە.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن.

 ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆل (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێ کەمپە سەربازییەکە له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌. 

 ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد. 

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  کازم شانەدەرى لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

 ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، کازم شانەدەرى له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

ساڵی ١٩٦١ دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئەیلوول، کازم شانەدەرى چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شانی و بەشداری لە شۆڕش دەکات، پلەى سەر لق لە هێزى باڵەک وەردەگرێت.

ساڵى ١٩٨٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گولان دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، بەشدارى چەندین چاڵاکى دەکات و ساڵى ١٩٨٨ لەشەرى خواکوڕک بەشدارى دەکات.


سه‌رچاوه‌كان:

١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).

٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌- ٢٠٠٤ز).

٣- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠١٣ز).

٤- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وزارت آ‌موزش و پرورش- ٢٠٠٢ز).

٥- عه‌بدولڕە‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١ز).

٦- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر- بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی- چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).

٧- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی- چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز).

٨- له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆشنبیری- ١٩٩٧ز).

٩- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدی، ثورە ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد- دار الرشید للنشر- ١٩٧٩م).

١٠- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك- چاپخانه‌ی خه‌بات- ١٩٩٨ز). 

١١- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام- یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان- ١٩٩٦ز).

١٢- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مامه‌س ڕە‌شید حسۆ

مامه‌س ڕە‌شید حسۆ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥)، شۆڕشی گوڵان(١٩٧٦- ١٩٩١)ی کردووە،

زانیاری زیاتر

مالخۆ مەمحمود ئۆمەر

مالخۆ مەمحمود ئۆمەر، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٨٨٩ لە گوندى شانەدەر ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦٣ کۆچى دوایی کردووە و لە زێدى خۆى بەخاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

مالخو میرالی سه‌لیم

مالخو میرالی سه‌لیم، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩١٨ لە گوندى کورکێ ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٨٣ لە ئۆردوگاى زۆرەملێی دیانا لەلایەن ڕژێمى بەعس ئەنفال کراوە.

زانیاری زیاتر

لاوكۆ مامه‌ند مه‌سیح

لاوكۆ مامه‌ند مه‌سیح، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٣٢ لە گوندى سەروکانى ناحیەى پیران قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە.

زانیاری زیاتر