ڕەمەزان عیسا شەریف ناسراو بە (ڕەمەزان عیسا)، ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی سێلکێ ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتی ئێران بووە و لە ئۆردوگاى زێوە نیشتەجێ بووە، دواتر گوازراوەتەوە گنبدکاوس و وەرامین، ساڵى ١٩٧٨ وڵاتى ئێرانى جێهێشتووە و چووەتە وڵاتی ئەڵمانیا، ساڵى ١٩٩٨ گەڕاوەتەوە کوردستان لە زاخۆ نیشتەجێ بووە.
ساڵى ١٩٥٩ نایب زابت بووە لە سوپاى عێراق، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٢ دواى ئەوەى ئاشکرا بووە، ڕیزەکانى سوپاى جیهێشتووە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ مەحمود کاوانی بووە لە بێتواتە، دواتر چووەتە بادینان و لەبارەگای هێزی بادینان بووە.
ساڵی ١٩٦٤ ڕەمەزان عیسا کراوە بە جێگری فەرماندەی هێزی زاخۆ کە عیسا سوار فەرماندەی بووە، ساڵی ١٩٦٥ گواستراوەتەوە بۆ بەشی پاراستنی پارتى دیموکراتى کوردستان.
ساڵی ١٩٧٠ دوای ڕێککەوتنی١١ی ئادار، کراوە بە پاسەوانی سنوور لە زاخۆ، ساڵی ١٩٧٤ دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لەلایەن سوپاى حکومەتی عێراق دژی گەلی کورد، بەشداری شەڕەکانی دەڤەری زاخۆی کردووە.
ساڵی ١٩٩٨ گەڕاوەتەوە کوردستان و لە زاخۆ نیشتەجێ بووە و درێژەی بە خەباتی حیزبی داوە.
لە ١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ لە کۆنگرەى دوانزدەیەمى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە هۆى ئەو خزمەتانەى کە پێشکێشى کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.