ڕەحیم بانی شاری

ڕەحیم محەمەد ناسراوە بە (ڕەحیم بانی شاری)، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، لە ژیانی پێشمەرگایەتی دوو جار بریندار بووە و پلەی فەرماندەی کەرتی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٨٤ شەهید بووە.


ژیاننامە

ڕەحیم محەمەد ساڵح عەلی کە ناسراوە بە ڕەحیم بانی شاری، ساڵی ١٩٥٩ لە گوندی بانی شاری سەربە ناحیەی خورماڵ لەدایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندوویه‌تی، ساڵی ١٩٨٤ شەهید بووە.


خەباتنامە

شەهید ڕەحیم له‌ ٢ی ئابی ١٩٧٧ بۆتە پێشمەرگە لە مەفرەزەی عوسمان بانی شاری سەربە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە نادر هەورامی فەرماندەی هێز بووە.

ساڵی ١٩٨٠ شێوازی پێکهاتەیی سەربازی هێزی هەورامان گۆڕانکاری تێدا کراوە و پلەی فەرماندەی کەرتی دووی سەر بە بەتالیۆنی حەوتی هێزی هەورامانی وەرگرتووە، هەروەها عوسمان بانی شاری بۆتە فەرماندەی بەتالیۆنی حەوت، دوو جار بریندار بووە لە شەڕی قەڵاخانی دەڤەری هەورامان ساڵی ١٩٨١، شەڕی ئەحمەدئاوا پارچەی تۆپ لە چاوی ڕاستی داوە لە ساڵی ١٩٨٣.

شەهید ڕەحیم بانی شاری بەشداری داستانی سێ تەپان ساڵی ١٩٨١، شەڕی قەڵاخانی ساڵی ١٩٨١، شەڕی داربەڕوڵەی سەربە پارێزگای سلێمانی، شەڕی ئەحمەد ئاوا ساڵی ١٩٨٣، شەڕەکانی شاری هەڵەبجە و مەفرەزەی پارتیزانی دەشتی شارەزوور کردووە.

لە ٢٥ی نیسانی ١٩٨٤ ڕەحیم بانی شاری و هاوسەنگەرێکی بەناوی عەینەدین ویستوویانە بچنە بارەگای بەتالیۆن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە چیای وشکەناوی پشت ئەحمەدئاوا، بەڵام لە ملەی کانی تو لەدەڤەری هەورامان کەوتوونەتە بۆسەی سەربازی ڕژێمی بەعس و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، سەرەتا عەینەدین شەهید بووە و ڕەحیم بانی شاری فیشەک بەر ڕانی چەپی و قۆڵی چەپی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە، بەڵام ڕەحیم بانی شاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکەی بەعس بەردەوام بووە تا دوای ٢٠ خولەک چەند فیشەکێکی تر بەر سینگی کەوتووە و شەهید بووە.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئەسحەد چیچو یەحیی دری

ئەسحەد چیچو یەحیی، ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی درێ لە دایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٨٨ لەداستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل یاسین حامد ستونی

شەهید ئیسماعیل یاسین حامد ستونی، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی ستونی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٨ لە داستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر