ئەحمەد مەحمود زاهیر مەحمود

ئەحمەد مەحمود زاهیر مەحمود، ناسراو بە ئەحمەد جخسى، لە شۆڕشى ئەیلوولدا پێشمەرگە بووە، لە پێشمەرگایەتیدا یەک جار برینداربووە، بەرپرسى کارخانەى چەکى شۆڕش بووە، کوڕێکى ئەنفالە، لە ساڵى ١٩٧٥ شەهید بووە.


ژیاننامە

شه‌هید ئەحمەد مەحمود خەڵکی گوندی بەنانی سەربە ناوچەی مزوری باڵاى سەر بە قەزایی مێرگەسۆرە. لە ساڵی ١٩٣٨ لە خاکی ئاوارەیی و لە گوندی باڵی سەربە قەزای شەمزینانی باكووری كوردستان لەدایکبووە، خێزانی ناوی مسریخان سەعدیەو کوڕەکانی عەبدوڵڵا، دلێر، هۆشیار و کچەکانی شلێر و شیلان. لە شاڵاوی به‌د ناوی  ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە بەرواری ١٠ی ئابی ١٩٨٣ کوڕە گەورەکەی بەناوی عەبدوڵڵا لە تەمەنی ١٧ ساڵی بەر شاڵاوی ئەنفاڵ دەکەوێت و بێ سه‌روشوێنه‌ .  


خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٠٨ بنەماڵەکەیان بەهۆی شۆڕشی شیخ عەبدولسەلام بارزانی ئاوارەی وڵاتی تورکیا دەبن و لە گوندی باڵ سەربە قەزای شەمزینان نیشتەجی دەبن. بەم هۆیەوە دەچێتە سەربازی ولاتی تورکیا و لەبەشی ئەندازیاری پیشەسازی کار دەکات تا ساڵی ١٩٥٧ و شارەزایەکی زۆر باش پەیدا دەکات.دوای گەڕانەوەى لە ساڵی ١٩٦١ لە رێگەی ئەسعەد خۆشەوی پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات و ماوەی دووساڵ دەبێتە پێشمەرگە. بە هاوکاری سەرکردایەتی شۆڕش بۆ زیاتر زانیاری کۆکردنەوە لەسەر چەک و تەقەمەنی و شێوازی بەکار هێنانی دەچێتە دەرەوەی وڵات. ئەو وڵاتانەی سەردانی کردوون بریتین لە ئێران، تورکیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، یۆنان، فەرەنسا کە توانی هەندێک کەلوپەل وەرشەیی لەگەڵ خۆیی بێنێتەوە. دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان سەرقاڵی چاککردنەوەی ئەو چەکانە بوو کە لە داستان و قارەمانێتیەکان دەکەوتە دەستی پێشمەرگە، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی باڵای هەبوو لە پوچەڵکردنەوە و هەڵگرتنەوەی مین و بۆمبی ڕژێمی بەعس. لە داستانی چیای مەتین ئەو چەکانەی کە وەک دەستکەوت کەوتبوونە دەست پێشمەرگە، تی ئێن تی رێژکرابوون، کاتی پشکنینیان، پێیدا دەتەقێتەوە و پەنجەکانی دەستی لەدەست دەدات.

لە ساڵی ١٩٧٢ بە پشتیوانی و فەرمانی بارزانی نەمر و هاوکاریی ئەسعەد خۆشەوی کارگەیەکی سەربازی لە گەلی قومری لە ناوچەی بەرواری باڵا دامەزراند و بووە بەرپرسی ئەوکارگەیە و سەرجەم ئەو ئامێرانەی پێویست بوون بۆ ئەم کارگەیە دابین کران. دواجار کارگەکە بە فراوانی دەستی بە کاری خۆی کرد کە سەرقاڵی چاککردنەوەی هەموو جۆرە چەکێک بوون تەنانەت چەکی قورسیش.

لە ساڵی ١٩٧٤ لە سنووری دەڤەری ئامێدی فڕۆکەیەکی دوژمن دەکەوێتە دەست پێشمەرگە. ئەحمەد دەچێت و سەرجەم پارچەکانی بە وڵاخ دەگوازێتەوە بۆ کارگەکەی و بۆ دروستکردنی مینی دژە تانک و بۆمبی دەستی(نارنجۆک) سوودیان لێوەردەگرێت و پێشمەرگە دووبارە بەرامبەر دوژمن بەکاریدەهێنانەوە. ئەو چەکانەی ئەحمەد جخسى چاکیدەکردنەوە یان دروستیکردوون بریتین لەمانە:

  1. بۆمبی دژە تانک و زریپۆش.
  2. بۆمبی دەستیی(نارنجۆک).
  3. دروستکردنی ئامێری بێتەل.
  4. چاککردنەوەی هەموو جۆرە چەکێکی لەکارکەوتوو وەک (دەمانچە، کلاشینکۆف، بڕنۆ، دۆشکە، هۆک)
  5. دروستکردنی پارچەی یەدەگ بۆ چەکە جۆراوجۆرەکان.
  6. چاککردنەوەی هەموو جۆرە بزوێنەر و ئامێرێکی پیشەسازی لە کارکەوتوو.
  7. پووچەڵکردنەوەی هەموو جۆرە بۆمبێک وەک بۆمبی چێندراو و بۆمبی هەڵواسراو.

لە ساڵی ١٩٧٥ لەدوای نسکۆی شۆڕش، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێشمەرگە و سەرکردایەتی شۆڕش دەبڕێت و وردەوردە خەڵکی دەڤەرەکە هەموو کارگەکەی تاڵان دەکەن، بۆیە بە ناچاری ئەو دەڤەرە بەجێدەهێڵێت و روو لە سنوری وڵاتی تورکیا دەکات، بەڵام لە رێگە کەسێکی نزیکی خۆى دەبینێت بە ناوی مەلا نەبی کە بە مەلانەبی پێندرۆیی ناسراوە، دەیگەڕێنێتەوە ماڵەوە و دەڵێت نابێت کوردستان بەجێبهێڵین. دەگەڕێنەوە ماڵەوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە داوایان لێدەکرێت کە بۆ نانی نیوەڕۆ بچنە ماڵیان و هەر ئەو کەسانەش هەواڵ بە جاشەکانیش دەدەن کە دوو پێشمەرگەی بارزانی هەوڵی راکردن دەدەن. لەکاتێکدا سەرقاڵی خوادرنی نانی نیوەڕۆ دەبن، جاش بەسەریاندا دەدەن و یەکەم جار ئەحمەد جخسى شەهید دەکەن و دواتر مەلانەبی، ماوەی سێ رۆژ ناهێڵن تەرمەکانیان بە خاک بسپێرن، دواتر بەهۆی قسەی چەند کەسایەتییەکی دەڤەرەکە بەخاکیان دەسپێرن، بەڵام دوای هەشت ڕۆژ لە بە خاك سپاردنیان، دووبارە لەلایەن جاشەکانەوە جەستەکانیان دەردەهێننەوە تەرمەکانیان دەبەن بۆ فەرماندەیی سەربازیی دهۆک و تا ئێستاش گۆڕیان نادیارە.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید مەمو سەمەد ئەرگۆشی

وەحید مەمو سەمەد ئەرگۆشی مزوری، لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە رێخستنەکانی پارتی کردووە، لە هەمان ساڵدا بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٨٢ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

نەجات محەمەد محەمەد بەنانى

نەجات محەمەد محەمەد، ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە

زانیاری زیاتر

سوبحی ئەسکەندەر حاجی ئەرگۆشی

شەهید سوبحی ئەسکەندەر حاجی ئەرگۆشی لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک دەبێت.لە ساڵی ١٩٨٥ دەبێتە پێشمەرگە.لە ساڵی ١٩٩١ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

بەدیع محەمەد عادل ئەرگۆشی

بەدیع محەمەد عادل ئەرگۆشی مزوری، ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنیەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٤ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

کوردۆ سەدیق عەزیز ئەرگۆشی

کوردۆ سەدیق عەزیز ئەرگۆشی لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٨٥ پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر