ئیسماعیل سادق بێتکاری

ئیسماعیل سادق بێتکاری ناسراو بە ئیسماعیل بێتکاری، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی بێتکار سەربەقەزای ئامێدی لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول دەکات و لە بەتالیۆنی هێزی دهۆک بۆتە پێشمەرگە کە سەلیم ئەسعەد خۆشەوی فەرماندەی بەتالیۆن بووە، تا ساڵی ١٩٧٥ لەو هێزە خەباتی کردووە و بەشداری لە شەڕی سەرتیز، گەروی ئۆمەرئاغا، کەلی شەدا (کێلیا شەدا) لەدەڤەری دهۆک کردووە، دوای نسکۆی شۆڕش لەساڵی ١٩٧٥ ئیسماعیل سادق گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکەی خۆی.


ساڵی ١٩٧٦ دووبارە پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنیەکانی پارتی لە سنووری ڕێکخراوی ڕزگاری سەر بە لقی یەک (١) دەکات، ساڵی ١٩٨٠ گەڕاوەتەوە بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە و لە ڕێکخراوی شەهید خدر مەحمود ئەرکی پێشمەرگایەتی ئەنجام داوە و دواتر لە ڕێکخراوی سەڵاحەدین ئەیوبی کراوە بە جێگری بەرپرسی سەربازی ڕێکخراو.

ساڵی ١٩٨٨ لەکاتی شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە ڕوو دەکاتە باکووری کوردستان و دواتر گواستراوەتەوە بۆ کەمپی پەنابەرانی مۆش، ساڵی ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان و کراوە بە فەرماندەی پەلێکی پێشمەرگە لەدەڤەری بەرواری باڵا لە پارێزگاى دهۆک، دواتر ئەرکی بەرپرسیارێتی بەتالیۆنی ٣ لە کەسنەزانی پارێزگاى هەولێر پێ سپێردراوە، ساڵی ١٩٩٧ کراوە بە فەرماندەی لیوای ١٨ لە سوپای ١٤، ساڵی ١٩٩٨ کراوە بە فەرماندەی سەربازی لەشکری زێرەڤانی لە بەرواری باڵا، ساڵی ٢٠٠٠ کراوە بە فەرماندەی هێزی ٧ لە سوپای ١٨ و ساڵی ٢٠٠٢ کراوە بە فەرماندەی هێزی ٦ لە سوپای ١٤.

لە ڕۆژی ١٤ی ئابی ١٩٩٨ لەکاتی هەڵگرتنەوەی مینێک لەناو گۆڕەپانی تۆپی پێی گوندی بێتکار لە پارێزگاى دهۆک، مینەک دەتەقێتەوە و لەئەنجامدا چاوی چەپی لەبینین و گوێیەکانی لەبیستن دەکەوێت، لەژیانی پێشمەرگایەتیدا لە نزیکەی ٢٥ شەڕدا بەشدار بووە و حەوت جاریش بریندار بووە.

لەمانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٦، دوو براو و دوو برازا و کوڕێکی ئیسماعیل بێتکاری بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی عێراق شەهید بوون، برایەکی تری بەناوی عیزەت لەمانگی کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا شەهید بووە، سادق بێتکاری باوکی کە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە لە ساڵی ١٩٩٣ لە کەمپی پەنابەرانی مۆش ژهراوی کرا.

 ئیسماعیل بێتکاری بەهۆی کەم ئەندام بوونیەوە بەپلەی لیوا خانەنشین کرا و ئێستا لە دهۆک دەژی، ساڵی ٢٠١٠   لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی  مەدالیای بارزانی پێ بەخشرا.


سەرچاوە:


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت حەسکو دۆلەمەری

عەبدوڵا حەسەن ئیبراهیم، ناسراو بە (شەوکەت حەسکو دۆلەمەری)، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی خۆشکان قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. لە ٩ی ئایاری ١٩٨٠دا پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

سەعید مەحمود ساڵح دۆڵەمەری

سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەلیل دەسکۆ حادێ

خەلیل دەسکۆ حادێ، ناسراو بە (خەلیل دەسکۆ)، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی سەرۆکانی قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول. شوفێرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە تا ساڵى ١٩٩١. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر