ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم

ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم ناسراو بە (ئیبراهیم مەلا شێخۆ)، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٣٠ له‌ گوندی شانه‌ده‌ر له‌دایكبووه، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە و مامۆستا بووە‌، ساڵی ١٩٨٢ كۆچی دواییكردووه‌.


ژیاننامە

ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم، ساڵی ١٩٣٠ له‌ گوندی شانه‌ده‌رى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌. له‌ ٣٠ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ مه‌لا شێخۆی باوكی له‌ ڕێگای نێوان چیای پیرس و ناحیەى بیره‌كه‌پرای سەر بە پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن جاشه‌كانه‌وه‌ شه‌هید کراوە. ‌له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ په‌لینه‌ پێكهێناوه‌. هەر لەوێ خوێندوویه‌تی و له‌ ١٥ی شوباتی ١٩٥٤ له‌ زانكۆی تاشقه‌ند وه‌رگیراوە. له‌ ٢٩ی ئاداری ١٩٥٩ توانیویەتى بڕوانامه‌ی دیپلۆم وه‌ربگرێت. له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ تا ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٣ په‌لینه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك منداڵى له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقەوە به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی پێشمەرگە بووە، خراوه‌ته‌وه‌ به‌ندیخانه ‌و پاشان له‌ گه‌ڕه‌‌كی سه‌یداوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌ ژێر چاودێریدا بووه‌ و دواتر گەڕاوەتەوە‌ ڕووسیا. ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم ساڵی ١٩٨٢ له‌ هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌.


خەباتنامە

 له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری یه‌كێتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

 له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و مامۆستا بووه‌‌. ساڵی ١٩٨٢ له‌ هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).
  3. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
  4. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
  5. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، فۆرمی ئیبراهیم شێخۆ ئیبراهیم شێخۆ، لە رێکەوتی ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨- پیرمام.
  6. نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.

بابەتی پەیوەندیدار

ئەسعەد خۆشەوی

ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش، پێشمەرگە و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣- ١٩٤٥)بەشدار بووە، لە بەرگریکارانی کۆماری دیموکراتی کوردستان (٢٢کانوونی دووەمی- ١٥ کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، بەشداری کارا و چالاکی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوای کردووە.

زانیاری زیاتر

عومەر ئاغای دۆڵەمەری

عومەرئاغا محەمەد عومەرئاغا شوان ناسراو بە (عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە، هەڵگرى میدالیای بارزانی یە، لە ڕێکەوتى ١٠ی تەمووزى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر