ئاڤدەل بژیانی

ئاڤدەل حاجی میكائیل ( ١٩٢٥-١٩٥٧) ناسراو به‌ ئاڤدەل بژیانی، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦).


ژیاننامه‌

ئاڤدەل بژیانی، ساڵی ١٩٢٥ له‌ گوندی بژیانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی شێروان مه‌زنى قه‌زای مێرگه‌سۆر لە پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی تەواو کردووە، دووجار هاوسەرگیرى کردووە، جاری یەکەم لە كوردستان لەگەڵ مریەم ئەحمەد و كوڕێكیان هەبووە بە ‌ناوی حسێن، جاری دووەم لە یەکێتی سۆڤیەت و دوو کچیان هەبووە. زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و ڕووسی زانیوە، له‌ ساڵی ١٩٥٧ لە یەکێتی سۆڤیەت كۆچی دوایی كردووه‌.


خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزانەوە کردووە و لە هەمان ساڵدا بەشداری لە شەڕی گرتنی بنکەی پۆلیسی خێرەزۆک کردووە، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە. له‌ ٥ی ئه‌یلوولی هەمان ساڵدا به‌شداری لە گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریك و دۆڵا ڤاژێی دەڤەری مێرگەسۆر كردووە.

 له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌ و له‌ شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قزدا بەشدار بووە. دوای ڕوخاندنی کۆمار، له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له‌ ڕووباری گاده‌ر په‌ڕیوه‌ته‌وە و گەڕاوەتەوە کوردستانی عێراق‌. بە هۆی نەخۆشی و سەختی ژیان لە ناو سیمی دیانادا  هاوسه‌ر و تاقه‌ كوڕه‌كه‌ی كۆچی دواییان کردووە.

دوای ڕێککەوتنی هەرسێ وڵاتی عێراق، ئێران و تورکیا لە دژی هێزی جەنەڕاڵ  مستەفا بارزانی، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ و پاش کۆبوونەوەی فراوانی گوندی درێ و بڕیاری ڕۆیشتن بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ناوبراو بڕیاردەدات لە هێزەکە دانەبڕێت. لە دەستپێکی ڕێڕه‌وەکەدا و له‌ گوندی درێ به‌ هۆی بوردومانی فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانی عێراقەوە بریندار دەبێت و دوای چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی بەشداری شه‌ڕه‌كانی ڕێڕه‌و کردووە. لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤێت، ‌ بەرەو سۆڤیەت په‌ڕیوه‌ته‌وه.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت و هەر لەوێش ساڵى ١٩٥٧ کۆچى دوایى دەکات.


سه‌رچاوه‌كان:

1.  ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

    حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).

2.      حیدر فاروق السامرئی، چیا‌و جعفر ودوره‌ السیاسی و الاقتصادی فی العراق، (لندن – دارالحكمە - ٢٠١٦).

3.      شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣).

7.      عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصگفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت ێ‌موزش و پرورش - ٢٠٠٢).

8.      عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نیوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١).

9.      عه‌بدوڵڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥).

10.    كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١).

11.    له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – شۆینی چاپ نادیار – ١٩٩٧).

12.    محه‌مه‌د ساڵح پێندرۆیی (جگه‌رسۆز)، ژیانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایتی ده‌ڤه‌ری مزووری باڵا، (هه‌ولێر –چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات -٢٠٢٠).

13.    مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).

 

 


بابەتی پەیوەندیدار

هەڤاڵانی بارزانی

هەڤاڵانى بارزانى بەو ٥٢٣ پێشمەرگە و خەباتکار و خاکپەروەر و شوێنکەوتووانە دەگوترێت کە لە ڕێککەوتى ٢٣ى ئایارى ١٩٤٧ یاوەرى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییان کرد و سنوورى سێ وڵاتى سەخت، دوورودرێژ و دژە کورد و بارزانیان بڕى و لە یەکێتى سۆڤیەت گیرسانەوە.

زانیاری زیاتر

ساڵح عەلى زیاب

ساڵح عەلى زیاب، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٥ لە گوندى هەڤنکا لە ناحیەى بارزانى سەر بە قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح محەمەد قورتاس

ساڵح محەمەد قورتاس، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى لێڕەبیرى قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە، پێشمەرگەى هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان بووە، دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، ساڵى ٢٠١٢ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح عەبدوڵڵا فەقێ

ساڵح عەبدوڵا فەقێ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت ساڵى ١٩٣٠ لە گوندى ببانا لە ناحیەى بارزانی قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٩٨ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە گوندی بادی لەدایک بووە، بەشداریى کۆمارى مهابادى کردووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە بووە.

زانیاری زیاتر