ئال شێخ عومەر

عەلی عومەر ناسراو‌ به‌ (ئال شێخ عومەر)، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٠٥ له‌ گوندی بێدارون له‌دایكبووه‌‌ و ساڵی ١٩٥٨ له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت كۆچی دوایی كردووه‌.


ژیاننامە

ساڵی ١٩٠٥ له‌ گوندی بێدارونى ناحیەی گۆڕه‌تووى سەر بە قەزای مێرگه‌سۆر لە پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌‌. پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خێزانه‌كه‌ی ‌ناوی سورمێ میرخان بووە و كوڕێكیان هەبووە به‌ ناوی ئه‌حمه‌د کە لە ساڵى ١٩٣٤ لەدایکبووە.


خەباتنامە

دواى ئەوەى بارزانى و هەڤاڵانى دەست بە ڕێڕەو دەکەن، بارزانى پێشمەرگە دابەشى چەند دەستەیەک دەکات و ئال شێخ عومەر سەردەستەى دەستەیەک لە یاوەرانى بارزانی بووە بۆ یەکێتی سۆڤیەت. دواى ئەوەى لە ڕووبارى ئاراس دەپەڕێتەوە، ناوبراو له‌ ١٦ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ یه‌كێك بووە له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ جه‌نه‌ڕاڵ مستەفا بارزانی له‌گه‌ڵ میرحاج ئەحمەد ئاكره‌یی، لاوكۆ مه‌سیحی و شێخۆمه‌ر شانه‌ده‌ری ڕایاندەسپێرێ بچنە لای پاسه‌وانانی سنووری یه‌كێتی سۆڤیەت، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ریان بگرن.

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەبەرئەوەى خۆى مامۆستای زمانی کوردی بووە، ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر وانەی زمانی کوردیی بە هەڤاڵەکانی گوتووەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت. ئال شێخ عومەر ساڵی ١٩٥٨ له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت كۆچی دوایی كردووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- 2004ز)، ل ل 80، 95، 133.
  3. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - 2013ز)، ل 37.
  4. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - 1996ز)، ل 14.
  5. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز)، ل ل 607، 856.
  6. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز)، ص 39.
  7. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - 2001ز)، ل ل 121، 126-127.
  8. عه‌بدوڵڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - 2015ز)، ل 100.
  9. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز)، ل ل 84، 94-96.
  10. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز)، ل 118.
  11. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز)، ل ل 188، 194-197، 200-201، 205، 457.
  12. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز)، ل 261.

بابەتی پەیوەندیدار

ئەسعەد خۆشەوی

ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش، پێشمەرگە و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣- ١٩٤٥)بەشدار بووە، لە بەرگریکارانی کۆماری دیموکراتی کوردستان (٢٢کانوونی دووەمی- ١٥ کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، بەشداری کارا و چالاکی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوای کردووە.

زانیاری زیاتر

عومەر ئاغای دۆڵەمەری

عومەرئاغا محەمەد عومەرئاغا شوان ناسراو بە (عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە، هەڵگرى میدالیای بارزانی یە، لە ڕێکەوتى ١٠ی تەمووزى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر