ژیاننامە
موراد ئاغا شێخۆ ساڵی ١٩١٠ لە ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکی ئیستا (ویلایەتی موسڵ) لەدایکبووە،هەر لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، ساڵی ١٩٥٤ لە یەکێتى سۆڤیەت پەیمانگاى هۆنەری – بەشی کشتوکال توانیوە بڕوانامەی دبلۆمی بەدەست بهێنێت، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک هەزاران کەسی تر ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە چەندین شار نیشتەجێ بووە وەک مەشهەد، ئەسفەهان، ئوردۆگای پەنابەرانی کوردی باشووری کوردستان لە زێوە و شاری قەزوێن و لەساڵی ١٩٨٤ لە شاری قەزوێن کۆچی دوایی کردووە، لە رۆژهەلاتی کوردستان بە خاک سپێردراوە.
خەباتنامە
موراد ئاغا شێخۆ لە بەشدارانی شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) و پێشمەرگەی کۆماری دیموکراتی کوردستان بووە لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشدار بوو لە شەڕەکانی بەرگری تا گەیشتووتەوە سەرسنوور باشووری کوردستان لە ١٥ی نیسانی ١٩٤٧، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەداوە و لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣- ١٩٧٩) بڕیاری ڕویشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و بەردەوامی بە خەباتی داوە، لە ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆل (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر و چەندین شەڕ و پێکدادان، هاوڕێ لەگەڵ هەڤاڵانی، بە ڕێبەرایەتی جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ١٨ی حوزیرەنی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێ کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دوای گەڕانەوە لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ عێراق، گەڕاوەتەوە زێدی خۆی لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووتەوە پێشمەرگە و بەشداری لە چەندین شەڕ و داستان کردووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥)، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە.
سەرچاوە:
١- ئەرشیڤی دەستەی ئینسکلۆپیدیای کوردستان.
