ساڵی ١٩٧٨ لەسەر ڕاسپاردەی و ئیدریس بارزانى بەنهێنی خۆی گەیاندۆتە شاری کەرەج و لەوێوە ڕەوانەی شاری ورمێ کراوە و دواتر بە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان خۆی گەیاندۆتە بارەگای هەرێمی یەک (١) لە ناوچەی کوماتە لە پارێزگاى دهۆک، لەگەڵ مەفرەزەی مولازم عەلی چووە بۆ دەڤەری نەهێلی و تاکو ساڵی ١٩٧٩ لەو دەڤەرە بووە، لەهەمان ساڵدا بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی کە لە گوندی دەربەند لە دەڤەری مەرگەوەڕی ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەسترا، گەڕاوەتەوە بۆ ئوردۆگای زێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرە ناوبراو گواستراوەتەوە بۆ مەکتەبی سەرۆکی پارتی و ڕەوانەی ناوچەی ئامێدی کراوە کە محەمەد حسێن عەبدولعەزیز ئەحمەد بەرپرسی بووە.
ساڵی ١٩٨٨لەکاتی شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان، دوو برای محەمەد زەکی بەناوەکانی عەلی حەسەن جادر و ڕەشید حەسەن جادر و برازایەکی بەناوی عەبدولرەحمان عەلی حەسەن ئەنفال کران، بەڵام ناوبراو ڕووی کردۆتە چیاکان و لەوێ خۆی گەیاندۆتە بەحرکە لە پارێزگای هەولێر و لەوێ بەقاچاخ ژیاوە، ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینى خەڵکى باشووری کوردستان بەشدار بووە و بەسەختی بریندار بووە، دوای چاکبوونەوەی دووبارە پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە، ساڵی ١٩٩٣ گواستراوەتەوە بۆ لەشکری دووی تایبەت و بەهۆی برینەکانیەوە بەپلەی موقەدەم خانەنشین کراوە.
محەمەد زەکی بەشداری دەیان شەڕ و داستانی کردووە لەوانە داستانی دێرەلوک، خواکورک و کانی ماسی لە دەڤەرى بادینان لە پارێزگاى دهۆک، لەژیانی پێشمەرگایەتیدا سێ جار بریندار بووە، ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی پێ بەخشرا.
سەرچاوە:
١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.