ئەوانەى پەیوەندییان بە لەشکرى شۆڕشى ئەیلوولەوە کرد، چەند دەستەیەکى جیاوازى نێو کۆمەڵگەى کوردى بوون. یەکەمین دەستە ئەوانە بوون کە بە هەڤاڵى بارزانى ناسراون و لە ساڵى ١٩٤٧ لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانى چوونە سۆڤیەت. ئەم دەستەیە شارەزاییەکى زۆریان لە شەڕکردن و بەرە و ڕووبوونەوەى دوژمن هەبوو، چونکە هەندێکیان لە شۆڕشى یەکەم و دووەمى بارزان جەنگاوەربوون و دواتریش لەگەڵ جەنەڕاڵ بارزانى لە چوارچێوەى هێزى بارزاندا کۆمارى کوردستانیان لە دوژمنان دەپاراست. ئەم دەستەیە شارەزاى شەڕى چیا و تاکتیکى وردى بەرگری کردن بوون، لە هەمووشى گرنگتر ئامادەبوون لە پێناو کوردستان و بارزانى کە سەرکردەى شۆڕش بوو، گیان و ژیانیان بەخت بکەن.
دەستەى دووەمى ئەو پێشمەرگانەى چوونە ڕیزى شۆڕشەوە، ئەو ئەفسەرە کوردپەروەرانە بوون کە لە ڕیزى سوپاى عێراق بەرپرسیاریەتییان هەبوو لەوانە: عەقید تەها بامەڕنى، عەقید عەبدولڕەحمان قازى، مقەدەم نافیز جەلال، مقەدەم عەزیز ئاکرەیى، شێخ ڕەزا گوڵانى کە ئەفسەرى پۆلیس بوو. هاتنى ئەو ئەفسەرانە بۆ ناو شۆڕش کاریگەریى بەرچاوى دروست کرد، چونکە شارەزاى پلان و تاکتیکەکانى سوپاى عێراق بوون و لە بەکارهێنانى چەک و تۆپ و بێتەل..هتد پسپۆر بوون. هەروەها بە هاتنیان کاریگەریى نەرێنیشیان لە ڕێزەکانى سوپاى دوژمن دروستکرد، چونکە ئەمانە شارەزاى ناوچە چیاییەکان بوون و ئەگەر سوپاى عێراقیان بەجێنەهێشتبا، ئەوا دەبوونە چاوساغى سوپاى عێراق و دەکرا زەبرى کوشندە لە لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان بدەن.
دەستەى سێیەم ئەو گەنجە خوێنەگەرمانە بوون کە لە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان خەریکى کارى سیاسى بوون، بەڵام دواى هەڵگیرسانى شۆڕش، بەشێکى زۆریان شارەکانیان بەجێهێشت و پەیوەندییان بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە کرد. هاتنى ئەمانەش بۆ ناو شۆڕش گرنگ بوو، چونکە خوێندەواربوون و هەریەکەیان پسپۆرییەکى هەبوو کە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش کەڵکیان لێ وەردەگیرا. دەستەى چوارەمیش کە زۆرینەى لەشکرى شۆڕشیان پێکدەهێنا، جووتیار و کرێکار و خورتى کورد بوون و هەموو ئاواتى ژیانیان ڕزگاریى خاکى کوردستان بوو، ئەم دەستەیە بە سەر و بە ماڵ لە خزمەت شۆڕشدا بوون و پیاوى ماڵباتەکان چەک لە شان بوون بۆ بەرگرى، ئافرەتەکانیش نان و ئاو و پێداویستییەکانى دیکەى پێشمەرگە، ئەوەى لە دەستیان هاتبا، دابینیان دەکرد. دەستەى چوارەم؛ دەستەى گڕوتینى شۆڕش بوون و ئەوان نەبان، هەرگیز شۆڕش نەیدەتوانى لەناو ئەو هەموو دوژمنەدا چواردە ساڵ بەردەوام بێ.
دەستەى پێنجەم کوردى باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بوون کە باوەڕیان بە دۆزى نەتەوەکەیان هەبوو و خەباتى هەر پارچەیەکیان بە ئەرک دەزانى. هەروەها لە شۆڕشى ئەیلوولدا پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانى کوردستان بەشداربوون و ڕۆڵى بەرچاویان هەبوو، وەک کرستیان و ئێزدى و تورکمان. بەشداریى ئەم پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییانە بۆ نەبوونى جیاوازى دەگەڕێتەوە لە نێوان کورد و ئەو پێکهاتانە، بەو واتایەى حکومەتى عێراق جیاوازیى نەدەکرد لەنێوانیان و هەموویانى وەک یەک دەچەوساندەوە و زیندانى دەکردن و مافەکانى لێ زەوت دەکردن. هەروەها شۆڕشیش جیاوازیى لەنێوان ئەو پێکهاتانە نەدەکرد، بەوەى هەموویانى بەیەک چاو سەیر دەکرد و هەموویانى دەپاراست و ڕێگەى نەدەدا هیچ یەک لەم پێکهاتانە مافى پێکهاتەکانى دیکە پێشێل بکا.
کاتێک لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٦٤ ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش بە سەرۆکایەتى مەلا مستەفا بارزانى پێکهێنرا، سەرکردایەتى لەشکرى شۆڕش ڕاستەوخۆ بەدەست بارزانییەوە بوو. هەروەها ڕێکخستنى کاروبارەکانیشى بەپێى ماددەى بیست و پێنجەمى دەستوورى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕشى کوردستانى عێراق بەمشێوەیە بوو: بەشێکى سەربازى لە نووسینگەى ڕاپەڕاندن پێک دەهێنرێ، ئەرکەکەى ئەوە دەبێ کاروبارى سەربازى لە شۆڕشدا ڕێکبخا و کاریش بکا بۆ پەرەپێدانى لە هەموو ڕوویەکەوە و ئەم بەشە بە ڕاوێژکردن لەگەڵ نووسینگەى ڕاپەڕاندن و فەرماندەى گشتیى شۆڕش، هەموو پێڕەو و ڕێنوێنییەکى پێویست بۆ ئەم مەبەستە دەردەکا.
لەبارەى چەکى لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستانیشەوە؛ لە سەرەتادا ئەو چەکانەى لە دەست پێشمەرگە بوون بریتی بوون لە ئینگلیزى، بڕنۆ، سمینۆڤ، ڕەشاش، هاوەنى بچووک، نارنجۆک. ئەم چەکانە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستکەوتوون. سەرچاوەى یەکەمیان کۆمەڵگەى کوردستانى بوو کە لە سەردەمى شۆڕشى ئەیلوولدا هێشتا کۆمەڵگەیەکى جووتیاریى شوانکارەیى بوو، بۆیە هاووڵاتییەکى زۆر چەکى خۆیان هەبوو و کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، زۆربەیان بە چەکى خۆیان چوونە ناو شۆڕش. هەروەها کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، سەربازگە و بنکەى پۆلیس و ڕەبایەیەکى زۆرى سوپاى عێراق کەوتە دەست پێشمەرگە و ئەمانەش هەموویان چەکى جیاوازییان تێدابوو و پێشمەرگە دەستى بەسەردا گرتن. سەرچاوەیەکى دیکەى چەک لەو هێرشانەوە چنگ دەکەوتن کە مەفرەزەکانى پێشمەرگە دەیانکردە سەر سوپاى عێراق. هەروەها دواى خۆگرتنى شۆڕش و بەهێزبوونى، وڵاتى ئێران کە زانییان شۆڕش هۆکارێکى سەرەکى لاوازبوونى دەسەڵاتى عێراقە و ئەوانیش ئەمەیان دەویست، زۆرجار بە چەکى قوڕس هاوکاریى شۆڕشیان دەکرد.
لەبارەى جلوبەرگى پێشمەرگەشەوە، هەموو پێشمەرگەکان ڕانک و جۆخەڵى خاکیان دەپۆشى و کڵاو و جەمەدانی یان کلێتەیان دەبەست و پشتێنیان دەبەست و گۆرەوى و پوزەوانە(بەلەکپێچ)یان دەکردە پێ و زۆر گورج و گۆڵ دەردەکەوتن. جار جاریش لەلایەن شۆڕشەوە جلوبەرگ و پێڵاو دەدرایە پێشمەرگە. بۆ خۆراکیش؛ بڕبڕەى پشتى شۆڕش ئەو خۆراکە بوو کە گوندنشینان بۆ شۆڕشیان دابین دەکرد و ئەوەى پەیدایان دەکرد، بەشى پێشمەرگەیان لێ دەدا، ئەمە وێڕاى ئەوەى لە بارەگاکانى پێشمەرگەش خواردن ئامادەدەکرا. جێى باسە لەشۆڕشى ئەیلوولدا بەهیچ شێوەیەک جیاوازیى لەنێوان خواردنى پێشمەرگەى ئاسایى و بەرپرسان نەبوو و دەبووایە هەموویان هەمان خواردن بخۆن. ئەمە بۆ جلوبەرگیش ڕاستە و بەرپرسان دەبووایە هەمان ئەو جلوبەرگە خاکییە لەبەربکەن کە پێشمەرگە دەیپۆشى.
لە شۆڕشى ئەیلوولدا پێشمەرگایەتى پلەیەک نەبوو بە ئاسانى پێى بگەى. ئەو هاووڵاتیەى دەیویست ببێتە پێشمەرگە، دەبووایە لەلایەن بارەگایەکى حزبییەوە، جا ڕێکخراو با یان ناوچە یان لق، پشتگیرى بکرابا. هەروەها دەبووایە بەلایەنى کەم سێ مانگ بەشێوەى ئەزموونى ببێتە پێشمەرگە و چاودێرى هەڵسوکەوت، ڕەوشت و دڵسۆزییەکەى دەکرا. تواناى جەستەیى و بەرگەگرتنى سەرما و گەرماى تاقیدەکرایەوە و دەبووایە بزانرێ داخۆ بەرگەى بەپێ ڕۆیشتنى زۆر و برسیەتى دەگرێ، ئینجا ڕێ دەدرا چەکى شەرەف و بەرگرى لە نیشتیمان بکاتە شان.
پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول دەبووایە خوول ببینێ. دیارترین خوول بەکارهێنانى چەک بوو، چونکە ئەمە گرنگ بوو بۆ بەرگریکردن لەخۆى و لە نیشتیمان. هەروەها لە ڕیزەکانى لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستاندا خوولى دیکەش دەکرانەوە، لەوانە خوولى کادیران، مامۆستایان و برینپێچى. لە ڕووى بەهێزکردنى تواناى سەربازیش خوولى بێتەل، تۆپخانە و ئەندازە دەکرانەوە. کردنەوەى ئەم خوولانە شۆڕشیان بردە قۆناغێکى دیکە و پێشمەرگە لێزانانەتر بەرگرى لەخۆى دەکرد و هاونیشتمانیانى دەپاراست.
ئەوەى پەیوەندیى بە بەرپرسیاریەتییەوە هەیە لە شۆڕش، ئەوا پێوەرى وەدەستهێنانى بەرپرسیارییەتى لە شۆڕشى مەزنى ئەیلوولدا هەڕەمەکى نەبوو، بەڵکو ئەو پێشمەرگەیەى بەرپرسیاریەتى پێ دەسپێردرا، وێڕاى دڵسۆزیى بۆ خاک و نیشتمان و سەرکردایەتیى شۆڕش، دەبووایە لەکاتى تەنگانە لەسەرخۆ و هێمن بێ و تواناى چارەسەرکردنى کێشەى پێشمەرگە و کێشەى هاووڵاتیانیشى هەبێ.
لەشکرى پێشمەرگەى کوردستان لە سەرەتاى شۆڕش دابەشى سەر چەند قۆڵێک کرابوو و هەر قۆڵێک لەلایەن پێشمەرگەیەکى لێهاتوو و شارەزا کە سەرقۆڵ بوو، سەرکردایەتی دەکرا. دواى ئەمە و بە دیاریکراوى لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٢ ڕێکخستنەکانى لەشکر گۆڕان و وردتر کرانەوە و بوون بە: دەستە، پەل، لق، بەتالیۆن و هەریەک لەمانەش لەلایەن سەردەستە، سەرپەل، سەرلق و فەرماندەى بەتالیۆن بەڕێوەدەبران. هۆکارى ئەمەش بۆ ئەو نەبەردییانە دەگەڕێتەوە کە پێشمەرگە لە هەموو قۆڵەکان دەینواند و توانى خاک و خەڵکێکى زۆر ئازاد بکا و سنوورى ناوچە ئازادکراوەکان فراوانتر بکا.
ئەم دابەشکارییە تا دواى وەرگرتنى دەسەڵاتى عێراق لەلایەن بەعسییەکان هەر بەردەوام بوو، بەڵام بە پتر فراوانبوونى ناوچەى ئازادکراو و زۆرتربوونى ژمارەى پێشمەرگە، وێڕاى جیابوونەوەى کەمینەیەکى کەم لە ١٩٦٤، هەروەها دواى پێکهێنانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش، پێکهاتەى پێشمەرگەش ڕێکخرایەوە و ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان دابەشکرانەوە. ئەمەش پێشڤەچوونێکى گرنگ بوو بۆ شۆڕش و دواتریش لە مەیدانى بەرخودان و بەرەنگاری ڕەنگیدایەوە و پێشمەرگە بە سەرکەوتنە یەک لەدواى یەکەکانى، سەلماندى هێزێکە پاشەکشەى پێ ناکرێ و دەستبەردارى نەتەوە و نیشتیمانەکەى نابێ.
لە بەرگى سێیەم و بەشى یەکەمى کتێبى بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد کە مەسعود بارزانى نووسیویەتى و خۆى پێشمەرگەى شۆڕشەکە بووە و ئاگادارى وردەکارییەکانى پێکهاتەى لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان بووە، نووسیویەتى: لەشکرى شۆڕشیش بەمشێوەیەى خوارەوە ڕێکخرا:
سەرکردەى گشتى: مەلا مستەفا بارزانی.
سەرۆکى ئەرکان: نوورى مەلا مەعروف.
لەشکرى یەک لە بادینان، سەرکردەکەى ئەسعەد خۆشەوى و پێکدێ لە:
هێزى زاخۆ: بە سەرکردایەتیى عیسا سوار.
هێزى دهۆک: بە سەرکردایەتیى عەلى خەلیل.
هێزى شێخان و ئاکرێ: بە سەرکردایەتیى حسۆ میرخان دۆڵەمەرى.
لەشکرى دوو لە هەولێر: سەرکردەکەى ڕەشید سندى، پێکدێ لە:
هێزى سەفین: بەسەرکردایەتیى تاهیر عەلى والى.
هێزى کاوە لە ناوچەى پشدەر: بە سەرکردایەتیى حەسۆ میرخان ژاژوکى.
هێزى بێتواتە لە ناوچەى بێتواتە: بە سەرکردایەتیى عەلى شەعبان.
لەشکرى سێ لە سلێمانى و کەرکووک بە سەرکردایەتیى مقەدەم عەزیز ئاکرەیى و، پێک دێ لە:
هێزى خەبات: بە سەرکردایەتیى عەبدولوەهاب ئەترووشى.
هێزى قەرەداغ: بە سەرکردایەتیى فازڵ تاڵەبانى.
هێزى ڕزگارى: بە سەرکردایەتیى تاریق ئەحمەد.
بەم پێیە بێ، لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان لە سێ لەشکر پێکدەهات و هەر لەشکرێک لە سێ یان چوار هێز پێکهاتبوو و هیچ هێزێکیش لە سێ بەتالیۆن کەمترى نەبوو و بەتالیۆنەکانیش لایەنى کەم دەبووایە سێ لقیان هەبووایە و هەر لقێکیش سێ پەل یان زیاترى هەبوو و هەر پەلێکیش لە سێ دەستە کەمترى نەبوو و هەر دەستەیەکیش بەلایەنى کەم دە پێشمەرگەى دەگرتە خۆى.
سەرچاوەکان:
- عەبدوڵا مەلازادە، شێوەى تەشکیلاتى عەسکەرى شۆڕشى ئەیلولى مەزن، چاپى یەکەم، چاپخانەى منارە، هەولێر-٢٠٢٠.
- مسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى رزگاریخوازى کورد، بەرگى سێییەم-بەشى یەکەم، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى ڕۆژهەڵات.
- نجم الدین الیوسفي، ثورة أيلول المجيدة، مطبعة كلية الشريعة-1995.