شۆڕش بە چالاکییەکانى پارتیزانى پێشمەرگەوە ڕۆڵى کاریگەرتر دەبوو لەسەر گوشار خستنە سەر دامودەزگا سەربازى و ئەمنیەکانى حکومەت، هەروەها مۆڕالى بەرزتر دەنواند لەسەر پێشمەرگە و هەوادار و ڕێکخستنە نهێنییەکانى ناو جەماوەر، دیارە لە ساڵى ١٩٨٥ سەدان چالاکى جۆراوجۆر لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان ئەنجام دران و زیانى گیانى ماددى گەورەى بە هێزەکانى حکومەت گەیاند، یەکێک لەو چالاکییانە ئەوە بوو کە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ٢٢ی ئابی ١٩٨٥ کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ بەرپرسى ڕێکخراوەکانى سنوورەکەى ئەنجامدا لە گەلى هارینا، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەوە کرا کە هێزێکى هاوبەش پێکبهێنن و چالاکییەکى پارتیزانى بەیەکەوە ئەنجام بدەن لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینان و مەلا ڕەمەزان قومرى بەرپرسى لێژنەى ناوچە، خۆى سەرپەرشتى بکات.
دیارە لە سەردەمى شۆڕشى گوڵاندا هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى ڕێکخستنى حزبیدا ڕێکخرابوو وەک لق و ناوچە و ڕێکخراو (گەردى، ٢٢١، ٢٦٩). بۆیە لەو چالاکییەدا هێزى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى (شۆڕش، شەهید مەحمود گەودا، ڕەنجبەران، شەهید محەمەد سالح، شەهید حاجى عیسا، گۆڤەند) بەشدار بوون، سەرەتا دەستپێکى چالاکییەکە دەستەیەکى پێشەنگى پێشمەرگە ئامادەکران بۆ دەرچوون و کۆکردنەوەى زانیارى بەرایی لەسەر ڕەبایە و بنکە سەربازییەکانى ناوچەکە، پاشان لەسەر ئەوە هاوڕابوون کەوا هێرش بکەنە سەر ڕەبایەى شابانیێ لە سەرەوەى گوندى سوارا ستەورێ، کە دەستەى پێشەنگ ئەرکى خۆیان جێبەجێ کرد و گەڕانەوە، هێزى پێشمەرگە دەستیان بە جووڵە کرد، سەرەتا لە گوندى بێغەباری کۆبوونەوە و دابەشى سەرماڵان بوون بۆ خواردنى نانی ئێوارە، پاشان بەناو گوند و لادێکانى ناوچەکەدا تێپەڕین و بەسەر بەرزاییەکاندا هەڵگەڕان، کاتژمێر ٣ى شەو گەیشتنە سەر بەرزایی چیا، هێزەکە هەموویان بەیەک گەیشتن و فەرماندەى هێز جارێکى دیکە بەرپرسى ڕێکخراوەکانى کۆکردەوە لەسەر چۆنیەتى ئەنجامدانى چالاکییەکە و ڕاوسەرنجى وەرگرتن، بەڵام کە لە دۆخەکەیان ڕوانى و هەڵسەنگاندنێکى خێرایان بۆ کرد، گەیشتنە ئەو ڕایە کە ئەو ڕەبایە شوێنەکەى زۆر سەختە و پێشبینى زیانى زۆرى دەکرد بۆ هێزى پێشمەرگە، بۆیە پلانەکەیان گۆڕی و بڕیاریان دا هێرش بکەنە سەر ڕەبایەى گردى بیێ.
سەرەتا هێزێکى پێشمەرگە بۆ شارەزایی و کۆکردنەوەى زانیارى لەگەڵ دەستەیەک لەو پێشمەرگانەى شارەزا لە هەڵگرتنەوەى مین بەڕێکران بۆ شوێنەکە، کە نزیک بوونەوە لە ڕەبایەکە ئەو پێشمەرگانەى کە بۆ هەڵگرتنەوەى مین دەستنیشان کرابوون پێشکەوتن، ئەو چەند مینانەى بینیان پوچەڵیان کردنەوە و لەسەر ڕێگا لایاندان، تا نزیک بوونەوە لە ڕەبایەکە بە نزیکەى (٥٠ - ٧٠)م ئینجا گەڕانەوە بۆ لاى هێزى پێشمەرگە و تەواوى زانیاریان بۆ فەرماندەى هێز و پێشمەرگەکان ڕوونکردەوە، لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٥ نەخشەى هێرشکردنە سەر ڕەبایەکە دانرا کە بەرپرسى هێرش محەمەد خالید بۆسەڵی و خاڵی لێدان بە (ئاڕ پی جى) و کاتى هێرشەکە کاتژمێرى سفر دیاریکرا لە ١٢:٣٠ خولەکى شەو، هێزى پێشمەرگە بەڕێکەوت و بە بەرزایى چیادا هەڵگەڕا تا گەیشتە نزیک ڕەبایەکە، خاڵی لێدانى (ئاڕ پی جى) دیاریکران کە پێنج شوێن بوون، شارەزایانى هەڵگرتنەوەى مین پێشکەوتن لەبەر زۆرى مین لە دەوربەرى ڕەبایەکە ژمارەیەکى دیکەشیان هەڵگرتنەوە و لایان بردن.
کاتى دەستپێکردن گەیشت، محەمەد خالید بۆسەڵی بەرپرسى چالاکى فەرمانى بە (ئاڕ پی جی) بەدەستەکان کرد، کە گولەکانییان بتەقێنن و ئارمانجەکانیان بپێکن، لە هەر پێنج شوێنەوە ڕبایە درایە بەر گوللەى (ئاڕ پی جى)، بە ماوەیەکى کەم زیانى زۆرى پێگەیشت وەکو لە ئاماژەدا هاتووە تێکوپێک درا، پاشان هێرشى پێشمەرگە دەستى پێکرد، بەڵام هەر لە سەرەتادا یەکێک لە پێشمەرگەکان پێکرا و کەوت، یەکێکیتر هەر لە شوێنى لێدانى (ئاڕ پی جی) مینێکى لەژێر پێ تەقیەوە و قاچى پەڕی، بەڵام پێشمەرگە لە هێرش و پێشڕەوى بەردەوام بوون کە گەیشتنە بەر سیمى ژێر ڕەبایەکە، چەند مینێکى دیکەش بە پێشمەرگەکاندا تەقینەوە و زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە پەشێوى کەوتە ناو هێزى پێشمەرگە و نەیانتوانى بگەنە ڕەبایەکە بەڵکو هەر بوارى ئەوەیان بۆ مایەوە کە فریاى شەهید و برینداران بکەون و دووریان خەنەوە، چونکە لە باتیفا و ڕەبایەکانى دەوروبەر کە هەواڵى هێرشى پێشمەرگەیان پێ گەیشت بۆ سەر ڕەبایەى گردى بیێ، دەستیان بە هەڵدانى چرا (تنویر) و تۆپباران و تەقە کرد بە ئاراستەى دەوروبەرى ڕەبایەکە.
لەو چالاکییەدا هێزى پێشمەرگە نەیتوانى ئامانج بپێکێ کە گرتنى ڕەبایەى گردى بیێ بوو، وەکو ئاماژەى پێکرا مینێکى یەکجار زۆر لە دەوروبەرى ڕەبایەکە چێندرابوون، ئەوەش بوو بە بەربەستێکى گەورە بۆ گەیشتن پێی، هەرچەندە هێزى پێشمەرگە بە پلانێکى تۆکمەى سەربازى ئامادەکارى لە لادانى مینەکان و هەنگاوەکانى چوونەپێشى پەیڕەو کرد، بەڵام چڕى مینڕێژیەکە بوو بە بەربەستێکى گەورە و زیانێکى زۆر بۆ سەر پێشمەرگە کە ٥ شەهید و ١١ بریندارى لێ کەوتەوە، جێگاى ئاماژە بۆ کردنە کاتێ کە دۆخەکە بەو شێوەیە ئاڵۆز بوو لە بەرژەوەندى بنکەى سەربازى سوپاى عێراق، هێزى پێشمەرگە توانیان تەواوى تەرمى شەهید و بریندارەکان دەرباز بکەن و نەهێڵن بکەونە دەست هێزەکانى سوپاى حکومەتى عێراق، بەو پێیە لە دواى هەموو شەڕێکدا سوپاى بەعس هەڵمەتى سەربازى دەهێنا و کێوماڵی ناوچەکەى دەکرد.
سەرچاوەکان:
-
مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
-
محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.
-
غازى عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.