لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.


لە ٢٣ى حوزەیرانى ١٩٨٣ تا ١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٤ هێزى پێشمەرگەى کوردستان زیاتر لە ٢٠٠ چالاکى جۆراوجۆریان لە ناوچە جیاوازەکانى کوردستان دژ بە بنکەى سەربازى و دامودەزگاکانى ڕژێمى بەعس ئەنجامدا، لە دەرەنجامدا زیانى گەورەیان بەو هێزانە گەیاند، یەکێک لەو چالاکییانە ئەوە بوو لە حوزەیرانى ١٩٨٣ لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە ڕێکخراوى شەهید سەگڤانى ڕاگەیاند کە بەیەکەوە چالاکییەک ئەنجام بدەن، لەگەڵ ڕێکخراوێکى سەربە لێژنەى ناوچەى شێخان کە میرزۆ ئێزیدى سەرپەرشتى دەکرد، لەو کاتەدا لە ئاواییەکانى دەڤەرى شێخان لە جەولەدا بوون  بۆ ئەنجامدانى چالاکی پێشمەرگەیی، هێزەکەى پێشمەرگەى ڕێکخراوى شەهید سەگڤان بە فەرماندەیی حیکمەت محەمەد گولى بۆ جێبەجێکردنى فەرمانى سەروو بەڕێکەوتن بۆ ناوچەى شێخان، تاکو لەگەڵ هێزەکەى میرزۆ ئێزیدى یەکتر بگرنەوە و نەخشە بکێشن بۆ لێدانى بنکە سەربازیەکانى ڕژێمى بەعس.

هێزى پێشمەرگەى کوردستان لەو ماوەیەدا لە چوارچێوەى  ڕێکخستنى حزبیدا ڕێکخرابوو وەک لێژنەى ناوچە و ڕێکخراو. هەردوو هێزەکە لە نزیک ئەشکەوتى (صمتى) بە یەکتر گەیشتن، دواى دانیشتن و تاوتوێ کردنى پلان و بەرنامەى ئەنجامدانى چالاکى، بەرپرسى هێزەکەى لێژنەى شێخان ئاماژەى بەوەکرد کە نیازى لێدانى ژمارەیەک ڕەبایەیان هەیە کە سەرەتا بە ڕەبایەى پشتى گوندى ماسیکێ دەست پێبکەن، دواى کۆکردنەوەى زانیارى و دروستکردنى پەیوەندى نهێنى لەگەڵ سەربازێکى ڕەبایە تاکو بتوانن چالاکییەکەیان سەرکەوتوو بێ، سەربازەکە ڕێنموونى کردن کە پێویستە شەو کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک خۆیان بگەیەننە ناو ڕەبایە و هاوکاریان دەبێ چونکە لەو کاتەدا نۆرەى پاسەوانى ئەو بوو، سەرەتا دەستەیەک پێشمەرگە ئامادەکران کە وەک پێشەنگى هێز بەڕێکران تاکو لە کاتى دیاریکراو بگەنە شوێنى مەبەست کە ناو سیاجى ڕەبایە بوو.

 وەک چۆن نەخشە و پلانى بۆ کێشرابوو ئەو شوێنەى کە سەربازەکە بۆى دیاری کردبوون لە ڕەبایەکە پێشمەرگەکان توانیان لەوێوە خۆیان بخزێننە ناو ڕەبایەکە، کە دوو پاسەوانى هەبوو یەکێکیان بە نهێنى یارمەتیدەرى پێشمەرگە بوو، بەڵام ئەوەى تر بێئاگابوو لەو پلانە نهێنییە، سەربازانى ڕەبایەکەش لە دوو ژووردا خەوتبوون، پێشمەرگەکانى هەر ڕێکخراوێک هەریەکەو بۆ ژورێک ڕاسپێردران کە لەپڕ پەلاماریان بدەن و غافڵگیریان بکەن، بۆ ئەوەى کارەکە بە سەرکەوتووى بەڕێوەبچێ، دوو لە پێشمەرگەکان هەڵیانکوتایە سەر پاسەوانى دووەم و پەلاماریان دا، بەڵام لە کاتى پەلامارداندا پاسەوانەکە دەستیکرد بە قیژە و هاوار و تەواوى سەربازانى ڕەبایەکەى بەئاگا هێنا، لەو بگرە و بەردەیەدا بوو بە شەڕێکى دەستەویەخە، پێشمەرگە و سەربازان لە ناو ڕەبایەدا دەستیان لە یەخەى یەکتر گیرکرد، شەڕێکى گەرم و ئالۆز بۆ ماوەیەک بەڕێوەچوو، بە چەکى سوک و نارنجۆکان کەوتنە گیانى یەکتر، لە ئەنجامدا شەڕەکە لە قازانجى پێشمەرگە شکایەوە و دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت، بەو پێیەى ئەو سەربازانەى کە بەدیل گیران ئەوانەى تر دەرفەتیان قۆستەوە لە ڕەبایە دەرچوون و هەڵاتن، دواى ئەوەى کەوا پێشمەرگە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا زیانى زۆریان بە ڕەبایەکە گەیاند و دەستیان بەسەر چەکى سەربازانى ڕەبایەکەدا گرت، پاشان کە کارەکەیان تەواو بوو بڕیاریان دا کەوا شوێنەکە بەجێ بێڵن.

  لەو چالاکییەدا دەستکەوتەکانی پێشمەرگە بریتى بوون لە دەستبەسەرداگرتنى ١١چەکى کلاشینکۆف و هاوەنێکى ٦٠ ملم و بەدیل گیرانى دوو سەرباز، زیانى هێزى پێشمەرگەش شەهید بوونی پێشمەرگەیەک بوو. دواى ئەوەى کەوا حکومەت لەو هێرشەى پێشمەرگە ئاگادار بووە، هێزێکى زۆر لە دهۆک بەرەو شوێنى ڕەبایەکە نارد و ڕووبەڕووى هێزى پێشمەرگە بوونەوە، شەڕێکى گەورە لە نێوانیاندا دروست بوو، بەڵام هێزى پێشمەرگە توانیان بەرگرى بکەن و دەربچن، تەرمى پێشمەرگە شەهیدەکەش لەگەڵ خۆیان ببەن و بگەیەنە ناوچەى ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش و بە خاکى بسپێرن. 


سەرچاوەکان:

  1. مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

  2. محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

  3. غازى عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر