لێدانى ڕەبایەى باتیفا سەیدا

ئەم شەڕە بریتى بوو لە چالاکییەکى پارتیزانى هێزێکى پێشمەرگە سەربە ڕیکخراوى ١٦ى ئابى پارتی دیموکراتى کوردستان لە باتیفا دژبە هێزێکى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ڕۆژێکى ساڵى ١٩٨٧ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکە و بەماوەیەکى کەم دەستیان بەسەرداگرت و ١٠ چەکداریان بەدیل گرتن، ئەوانی دیکەش ڕایان کرد پاشان پێشمەرگەکان شوێنەکەیان جێهێشت و بێ زیان گەڕانەوە بنکەکانیان.


 یەکێک لە پلانەکانى ڕژێمى بەعس بۆ لاوازکردنى شۆڕشى کورد، چەکدارکردنى زۆرێک لە لاوانى کورد و ڕێکخستنیان لە چوارچێوەى فەوجە خفیفە (سوک) بوو، بەو هۆیەوە ژمارەیەکى زۆر بوون بە چەکدارى بەکرێگیراو بە گژ شۆڕشیان دەکردنەوە، ڕۆژێکى ساڵی ١٩٨٧  هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ١٦ى ئابى پارتى دیموکراتى کوردستان بە مەبەستى ئەنجامدانى چالاکییەکى پارتیزانى لە ناوچەى باتیفا جەولەیەکیان کرد، لەو دەرچوونەدا بنکەیەکى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)یان دەستنیشانکرد کە هێرشى بکەنە سەر و دەستى بەسەردا  بگرن، تاکو بەو هۆیەوە گورزێک لە هێزە سەربازى و چەکدارییەکانی ڕژێمى بەعس بدەن، سەرەتا پێشمەرگەکان توانیان کاتژمێر ٩ى شەو خۆیان بگەیەننە دەوروبەرى ڕەبایەکە، نزیک ٥٠ مەترێک خۆیان لێی نزیک کردەوە و بۆ ماوەیەک چاودێریان خستە سەر جووڵەى چەکدارەکان، بۆیان دەرکەوت کە ١٩ چەکدار لە ڕەبایەکەدا لە ئەرکدان.

 پێشمەرگەکان لە خاڵی چاودێرى بنکە چەکدارییەکە جێگیر بوون چاوەڕیى فەرمانى هێرشکردن بوون، بەڵام پێویستیان بە هێزى زیاتر هەبوو بۆیە لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە، هەر لەو دەمەدا هێزێکى دیکەى پێشمەرگە لە گوندى هرورێ بوو دۆشکەیان پێ بوو، هەواڵیان پێ دان کە بەشدارى چالاکییەکە بکەن لە شوێنێک لە گوندى دێشێ دۆشکە جێگیر بکەن بۆ پارێزگارى پێشمەرگەکان وەک هێزى پشتیوانى ئەگەر فڕۆکەى جەنگى حکومەت هێرشى کردنەسەر، بە چەکى دۆشکە بەرپەرچى بدەنەوە تاکو پێشمەرگەکان بە سەلامەتى دەربچن لە کاتى گەڕانەوەیان، بەشێکیشیان بەشدارى شەڕەکە بکەن لە هێرشکردنە سەر ڕەبایەکە بۆ ئەوەى هێزى هێرشبەر ژمارەیان زیاتر بێ و بە ئاسانى بەسەر ڕەبایەکەدا زاڵ بن.

 کاتژمێر ١١:٣٠ شەو هەر دوو هێزەکە بەیەک گەیشتن و  بۆ ماوەیەک پشوویان دا تا کاتژمێر ١:٣٠ نیوە شەو خولەکى شەو، ئینجا دەستیان بە ئامادەسازى کرد و بەرەو ڕەبایەکە بەڕێکەوتن، کاتژمێر ٢:٤٥ خولەک گەیشتنەبەر ڕەبایەکە ڕوانیان تەنیا دوو ئێشگر لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى ڕەبایەکە پاسەوانى دەکەن، دواى ئەوەى کە فەرمانى دەستپێکردنى هێرشیان پێکرا هەر لە یەکەم دەستڕێژى تەقە ئێشکگرەکانى ڕەبایەکە هێچ بەرگریان نەکرد، هی ڕۆژهەڵات گوللەیەکى بەرکەوت دەستى بریندار بوو، ئەوەى دیکە کە لە بەشى ڕۆژئاواى ڕەبایەکە بوو ڕایکرد، پاشان هەموو چەکدارانى ڕەبایەکە بەشێکیان ڕایان کرد و ١٠ چەکداریشیان بەدیل گیران و دەست بەسەر ڕەبایەکەدا گیرا.

 لەو چالاکییەى پێشمەرگەدا دەستکەوتەکانى شۆڕش بریتیبوون لە دەست بەسەرداگرتنى ٨ چەکى کلاشینکۆف و یەک ئاڕپیجى و یەک ڕەشاشى تەنتریۆف و یەک دوربین و بڕێکى زۆر کەلوپەلی تر، دواى کۆتاییهاتنى چالاکییەکە هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت بە دەستکەوت و چەکدارە دیلەکانەوە بەرەو بنکەکانیان گەڕانەوە، کاتژمێر ٦ى بەیانى بروسکەیان بۆ محەمەد ساڵح بەرپرسى لێژنەى ناوچەى ئامێدى کرد، هەواڵی ئەنجامدانى چالاکییەکى سەرکەوتوویان پێڕاگەیاند کە ١٠ چەکداریشیان بەدیل گرتووە، ناوبراویش دڵخۆشى خۆی دەبڕی و زۆر سوپاسى کردن و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەى لێ کردن، پاشان دیارى سەرکەوتنى  پێ بەخشین. 


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.  

٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

        


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر