كۆنگره‌ی دامەزراندن و یه‌كه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بەغدا - ١٩٥٣

دواى ئەوەى لە کۆنگرەى سێیەمى پارتی دیموکراتى کوردستان ٢٦ى کانوونى یەکەمى ١٩٥٣ بڕیار لە دامەزراندنى ڕێکخراوە جەماوەرییەکان درا. لە ڕێکەوتى ١٨ى شوباتى ١٩٥٣، یەکەم کۆنگرەى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.


پێشینەیەکى مێژووى

دامەزرانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ڕێکەوتى ١٦ى ئابی ١٩٤٦ و پەیوەندیکردنى تەواوى ڕێکخراوە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان بەو حزبە، بزاڤى شۆڕشگێڕى کوردى لە باشوورى کوردستان بردە قۆناغێکى نوێوە، لەم قۆناغەدا وەک هەستکردن بە گرنگى پێگەى توێژە کارا و کاریگەرەکانى کۆمەڵگا و سوود وەرگرتن لە تواناکانیان، لە لایەن سەرکردایەتى حزبەوە هەوڵ بۆ ڕێکخستنى توێژە جیاوازەکانى کۆمەڵگا درا، لەنێوانیان توێژی قوتابیان کە توێژێکی هەرە بەرفراوانى ڕۆشنبیر و کاریگەرى کۆمەڵگایان پێکدەهێنا.

هەر لەسەرەتاى دامەزرانیەوە، پارتى دیموکراتى کوردستان وەک تەواوى حزب و ڕێکخراوە عێراقییەکانى تر، هەوڵیدا بەشدارى لە پرسە گرنگەکانى وڵاتدا بکات، ئەمەش زیاتر بە ڕێگەى توێژی قوتابیانەوە بوو کە لە ئەندامە هەرە چالاکەکانى حزب بوون و بەشدارییەکى کاریگەریان لە ڕووداو و پێشهاتەکانى وڵاتدا هەبوو، بەڵام ئەوکات چالاکییەکان لە چوارچێوەى یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق ئەنجامدەدران کە بەتەواوى هەژموونى شیوعییەکانیان بەسەرەوە بوو، لەگەڵ ئەوشدا لەو قۆناغەدا پەیوەندییەکى باش لەنێوان قوتابییە کوردەکانى نێو پارتى و نێو حزبى شیوعى عێراقى هەبوو١.

سەرەتاى هەوڵەکانى قوتابیانى کورد بۆ دروستکردنى ڕێکخراوێکى تایبەت بەخۆیان بۆ ساڵى خوێندنى ١٩٤٦-١٩٤٧ دەگەڕێتەوە، کاتێک قوتابیە کوردەکانى قوتابخانەى ناوەندیى کۆیە، ڕێکخراوێکى نهێنییان بەناوى (کۆمەڵەى پێشکەوتنى خوێندەوارى) دامەزراند، ئەم ڕێکخراوە لە دامەزراندنیەوە خاوەنى پەیڕەو و پرۆگرامى تایبەت بەخۆى نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامەکانى لە چوارچێوەى شانەى ٣٠ کەسیدا ڕێکخستبوو٢.

ساڵى ١٩٤٨، بۆ یەکەمجار لە عێراق، لە کۆنگرەى (سباع)ى ڕێکەوتى ١٤ى نیسان، بڕیارى دامەزراندنى ڕێکخراوێکى قوتابیان بەناوى (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) دەرکرا. قوتابییە کوردەکان ڕۆڵێکى گەورەیان لە سەرخستنى ئەم کۆنگرەیە گێڕا و لەو ٥٢ قوتابخانەیەى هەڵبژاردنى نوێنەرانى کۆنگرەیان لێ ئەنجامدرا، لە ناوچە کوردییەکان نوێنەرانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کۆنگرەکە سەرکەوتن، ئەوەبوو بڕیاردرا هەر لە چوارچێوەى ئەم ڕێکخراوەدا لقى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان-عێراق) بکرێتەوە کە تایبەت بوو بە کاروبارى قوتابییە کوردەکان٣.


 

دامەزراندنى یەکێتى قوتابیانى کوردستان

بەهۆى ئەو گۆڕانکارییانەى ئەوکات عێراقى پێدا تێدەپەڕى، تا دەهات جیاوازى ئامانج و ئایدۆلۆژیا، قوتابیانى کوردى لە هى عێراق جیادەکردەوە، تا وایلێهات بە تەواوەتى بوون بە دوو ڕەوتى جیاواز لەیەکترى و هەرکامەیان هەوڵیان بۆ سەرخستنى ئامانجەکانی تایبەت بەخۆی دەدا، ئەمانە بوونە هۆکارى ئەوەى سەرکردایەتى پارتى بەشێوەیەکى ڕژدتر بیر لە دامەزراندنى ڕێکخراوێکى قوتابیانى تایبەت بە کورد لە چوارچێوەى حزبدا بکاتەوە و لە کۆنگرەى سێیەمى خۆى لە ڕێکەوتى ٢٦ى کانوونى دووەمى ١٩٥٣ لە چوارچێوەی بڕیاردان لە دامەزراندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، بڕیارى لە دامەزراندنى ڕێکخراوی (یەکێتى قوتابیانى کوردستان) دا. دواى دەرکردنى بڕیارى کۆنگرە، قوتابییە کوردەکان ڕاستەوخۆ کەوتنە خۆ و‌‌ یهكهمین كۆنگرهی خۆیان له ڕێکەوتى ١٨ى شوباتى ١٩٥٣ لە شارى بەغدا بە شێوەیەکى نهێنى ئەنجامدا.

کۆنگرە لە ماڵى (زیاد حەمە ئاغاى کۆیە)* لەنزیک ناوچەى (باب ئەلمعەزەم)، بە ئامادەبوونى پەنجا نوێنەر لە کۆلێژەکانى زانکۆى بەغدا و شارەکانى هەولێر، سلێمانى، کەرکووک و مووسڵ ئەنجام درا و هەریەکە لە ئەحمەد عەبدوڵا ئامێدى، جەلال تاڵەبانى، شەمسەدین محەمەد موفتى، حلمى عەلى شەریف، حەیدەر حەمەدئەمین، محەمەد فەرەج، غەفور ڕەشید ئاغا و فایق سەبرى و چەند قوتابییەکى تر ڕۆلێکى گەورەیان لە سەرخستنى کۆنگرەکەدا بینى٥.

کۆنگرە ماوەى دوو ڕۆژى خایەند و دواى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیار لە دامەزراندنى دوو لێژنە درا، یەکێکیان بۆ هەموارکردنى پرۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆ و ئەوى تریشیان بۆ دەرکردنى بڵاوکراوەیەک لەبارەى هۆکار و گرنگى دامەزراندنى ڕێکخراوەکە. دواتر دەنگدان بۆ دەستنیشانکردنى سەرۆک، سکرتێر و ئەندامانى سکرتاریەت دەستى پێکرد، لە ئەنجامى دەنگدانەکە، ئەحمەد عەبدوڵا ئامێدى وەک یەکەم سەرۆک و جەلال تاڵەبانى بە سکرتێرى ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران، لەڕووى دەسەڵاتەوە، سەرۆک وەک پلەیەکى ڕەمزى سەیر دەکرا و دەسەڵاتەکانى بڕیاردان و جبەجێ کردن زیاتر لاى سکرتێر و سکرتاریەت بوون٦. هەرچى ئەندامانى مەکتەبى سکرتاریەت بوون کە ژمارەیان حەفت ئەندام بوو، بەم شێوەیەى خوارەى هەڵبژێردران:

١- شەمسەدین محەمەد موفتى

٢- فازل سەعید ئاغا

٣- عومەر مستەفا (دەبابە)

٤- کەمال محیەدین

٥- حلمى عەلى شەریف

٦- حەیدەر حەمەد ئەمین

٧- غەفور ڕەشید ئاغا٧.

دواتر لێژنەى باڵاى (مەکتەبى سکرتاریەت) جەمال شالی وەک بەرپرسى پەیوەندییەکانى کۆلێژەکانى زانکۆى بەغدا دەستنیشانکرد. دواى تەواوبوونى کۆنگرە وەک ئەوەى بڕیارى لەسەردرابوو نامێلکەیەک بە زمانى عەرەبى بە ناونیشانى (اتحاد الطلبة کردستان لماذا؟) دەرکرا و بڵاوکرایەوە، هاوکات لقى یەکێتییەکە لە زۆربەى شارەکانى وەک بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، کۆیە، ڕەواندز، خانەقین و موسڵ کرانەوە و کار و چاڵاکییەکان فراوانکران و پەرەیان پێدرا.

دواى ساڵێک کارکردن وەک سەرۆکى ڕێکخراو، ئەحمەد عەبدوڵا ئامێدى ساڵى ١٩٥٤ بەهۆى دەرچوونى لە پەیمانگاى باڵاى مامۆستایان و دامەزرانى وەک مامۆستا، دەستى لە ئەرکەکەى کێشایەوە و شەمسەدین محەمەد موفتى لە جێگاى کرا بە سەرۆکى ڕێکخراوى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان).

بەم شێوەیە کار و چالاکى قوتابیانى کورد لە چوارچێوەى ڕێکخراوێکى تایبەت بەخۆیان لە (یەکێتى گشتى قوتابیانى عێراق) جیاکرایەوە و قوتابیانى ئەندام لە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان، هەوڵ و خەباتى خۆیان لە چوارچێوەى ڕێکخراوى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان) بۆ سەرخستنى بزاڤى ڕۆشنبیرى و شۆڕشگێڕى و خزمەتکردنی قوتابیان لە باشوورى کوردستان تۆکمەتر خستەگەڕ.


سەرچاوه و پەراوێز

 

١- ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ص ١٠٣-١٠٦.

٢- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ١٢؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٠٦.

٣- یەکێتى قوتابیانى کوردستانى عێراق- لێژنەى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى ناوەندى مەکتەبى سکرتاریەت، قوتابیانى کوردستان بۆ پێویستى بە بوونى ڕێکخراوێکى تایبەتى هەیە...، (کانوونى یەکەمى ١٩٧٣)، ل ٤؛ ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٢،١٤.

٤- دهستهی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژوو پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگره كۆنفرانس (پرۆگرام و پهیرهوی ناخۆ)، بهرگی یهكهم، چاپی یهكهم، (ههولێر- چاپخانهی ڕۆژههڵات- 20٢١)، ل ل ٧٤-٧٥؛ یەکێتى قوتابیانى کوردستانى عێراق- لێژنەى ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى ناوەندى مەکتەبى سکرتاریەت، سەرچاوەى پێشوو، ل ل ٦-٨.

*- جەلال تاڵەبانى شوێنى ئەنجامدانى یەکەم کۆنگرەى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، ماڵى (عەبدولقادر کاکە زیاد ئاغاى کۆیێ) لە گەڕەکى ئەعزەمییە دەنووسێت کە هاوپۆلى خۆى بووە. سەڵاح ڕەشید، مام جەلال دیدارى تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکى کۆمارى، بەشى یەکەم، چاپى دووەم، (سلێمانی- چاپخانەى کارۆ- ٢٠١٧)، ل ٦٥.

٥- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٢٧.

6- نفس المصدر، ص ص ١٢٧-١٢٨؛ گۆڤارى خەباتى قوتابیان، لە دیداریکى تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانى وردەکارى دامەزراندنى (ى.ق.ک) دەخاتە ڕوو، ژمارە ١٠٩، (حوزەیرانى ٢٠١٢)، ل ١٠.

٧- عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ١٨.

٨- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٢٨؛ لە دیداریکى تایبەتدا سەرۆک تاڵەبانى وردەکارى دامەزراندنى (ى.ق.ک) دەخاتە ڕوو، سەرچاوەى پێشوو، ل ١٠.

٩- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٢٨؛ عرفان عەزیز عەزیز، سەرچاوەى پێشوو، ل ل ١٨-١٩.

 

 

 

 

 


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنفرانسی هەولێرى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هەولێر ـ ٢٠١٧

ئه‌م كۆنفڕانسه‌‌ له‌ ڕێکەوتى ١٨ی تشـرینی دووه‌می ساڵى ٢٠١٧، له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌ئمون ده‌باغ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، بە دروشمی (یه‌كێتی قوتابیان؛ نوێ بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامی) و به‌ ئاماده‌ بوونی ٦٥ نوێنه‌ر به‌سترا١.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی هاوبەشى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان گوندى خنێره - ١٩٨٦

ساڵى ١٩٨٦، هەردوو ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەموارەى باشوورى کوردستانى تێکەوتبوو و بەهۆى لێکنزیکى خەباتی پیشەیی هەردوو ڕێکخراوەکە لە یەکترییەوە، بۆ ماوەیەکى کاتى بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى هاوبەشیان دا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی یەکەمی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بەغدا - ١٩٦٢

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٦٢، یەکەمین کۆنفرانسـى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، بەهۆى چەند پێشهاتێکى سیاسى ناوچەیی و گۆڕانکارى لە پەیکەرییەتى نێوخۆی ڕێکخراوەکە، بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی دووه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان کانى ماسى - سلێمانی - ١٩٦٤

کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، دواى سەرکەوتوو نەبوونى سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى کرنگرەى چوارەمى ڕێکخراوەکە لە ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، لە سەرەتاى مانگى ئابى ١٩٦٤ لە ناوچەى کانى ماسى نزیک شارى سلێمانى بەسترا.

زانیاری زیاتر