ژیاننامە
كه‌كۆ حوسێن خان میر عه‌بدوڵڵا، ناسراوه به (كه‌كۆ كه‌لۆكی)، ساڵی ١٩٢٥ له گوندی كه‌لۆك، ناحیه‌ی پیران، سه‌ربه قه‌زای مێرگه‌سۆری پارێزگای هه‌ولێر له دایكبووه. ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول ئاواره‌ی ئێران دەبێت و له شاری مه‌شهه‌د نیشته‌جێ ده‌بێت و ساڵی ١٩٩٧ دوای ئاواره‌یی و چه‌ندین ساڵ له ئێران ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كوردستان و له قه‌زای سۆران نیشته‌جێ ده‌بێت. له ٣٠ى ئایارى ٢٠٠٥ لە قه‌زای سۆران سه‌ربه پارێزگای هه‌ولێر به هۆی نه‌خۆشی كۆچی دوایی كردوە.
خەباتنامە
١١ی تشرـینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا و له گه‌ڵ كوڕی ئه‌حمه‌د یوسف عه‌بدولڕە‌حمان بەرگری لە كۆمار كردووه. به‌شداری له چه‌نده‌ها داستانی كردووه له سنوری سه‌قز و مه‌رگه‌وه‌ڕ و ته‌رگه‌وه‌ڕ.
دواى ڕووخاندنی کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕکانی بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە تاکو لە ڕێکەوتى ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە سەر سنووری ئێران- عێراق خۆی بەدەستەوە نەداوە و له لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بووە. جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ڕێکەوتى٦ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور (کۆتۆل) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى هەڤاڵانى بارزانى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە دەگوازرێتەوە كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە كه‌كۆ كه‌لۆكی لە مانگی تشـرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، كه‌كۆ كه‌لۆكی له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
دوای گه‌ڕانه‌وه له گوندی كه‌لۆك سه‌ر به ده‌ڤه‌ری بارزان نیشتەجێ بوو، دوای دامەزراندنى لە فەرمانگەى كشتوكاڵی سلێمانی لەو شارە نیشتەجێ بووە، له گه‌ڵ ده‌ستپێكی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول ده‌گه‌رێته‌وه گوندی كه‌لۆك سه‌به‌ر ده‌ڤه‌ری بارزان و دووباره ده‌بێته‌وه پێشمه‌رگه له گه‌ڵ شه‌هیدی فه‌رمانده(عه‌لی شه‌عبان )فه‌رمانده‌ی هێزی بێتواته له سنووری خۆشناویه‌تی و بێتوین (١٩٦٣- ١٩٧٠). ساڵی ١٩٧٠ له كاتی رێككه‌وتنامه‌ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ و پێكهێنانی حه‌ره‌س حه‌دود له سنووری باڵیسان كه فه‌رمانده عه‌لی شه‌عبان فه‌رمانده‌ی فه‌وج بووه و ئه‌وه‌یش له گه‌ڵی دا ده‌بێت و تاكو ساڵی ١٩٧٥.
سه‌رچاوه:
١-چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادەى، لەلایەن سەفەر ژاۆکی، قەزاى سۆران، مانگى ئایارى ٢٠٢٥
٢- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئیسنكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان