فەقێ وسو ئەحمەد وسو

فەقێ وسو ئەحمەد وسو، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی باوزی سەربەقەزای قەڵادزێ لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


فەقێ وسو ئەحمەد وسو، ناسراو بە (فەقێ وسو باوزی)، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی باوزێ لە شارۆچکەی هێرۆ سەربەقەزای قەڵادزێ پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە، لە قوتابخانەى ئایینى خوێندووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و سەرەتا لە سەردەشت و ڕەبەت نیشتەجێ بووە پاشان گوازراوەتەوە بۆ پیرانشار، ساڵی ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەى باشوورى کوردستان، گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان.

ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، لە لێژنەی ناوچەی قەڵادزێ بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٦٣ گواستراوەتەوە بۆ بەتالیۆنی یەکی ‌هێزی کاوە کە سەرەتا ئیبراهیم ئەفەندی و دواتریش عەزیز قازی فەرماندەی بووە، لەساڵی ١٩٦٧ تاکو ساڵی ١٩٧٠ لە لقی سێی نورەدینییەکان بووە و لەشەڕەکانی کێوەڕەش، ئاسۆس، دەربەندی ڕانیە، دوازدە بانوان، سیپەڕۆ و پێماڵکی بەشدار بووە.

دوای ڕێککەوتنامەى ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠، لە بەتالیۆنی یەک بووە، ساڵی ١٩٧٤ و دوای هەڵگیرساندنی شەڕ لەلایەن حکومەتی عێراق لەدژی کورد، ناوبراو لە لقی نورەدینییەکان گواستراوەتەوە بۆ هێزی ڕزگاری و لە بەتالیۆنی ٦ خزمەتی کردووە کە عیزەدەین قەرە محەمەد فەرماندەی بووە، دواتر لەهەمان بەتالیۆن کراوە بە سەرپەل، لە شەڕەکانی ئەزمەڕ، قزلەر و دۆڵی هەنارە بەشداری کردووە.

ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، وەک مەفەرەزەى گەڕۆک لە دەڤەری قەڵادزێ، پشدەر، هەرک بێداوی لەدەڤەری بادینان چالاکى ئەنجام داوە. ساڵی ١٩٧٨ لە هەکاری لە شەڕی گەلی بازێ بەشداری کردووە. دوای شەڕی بازێ گەڕاوەتەوە بۆ دزەی مەرگەوەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەهەمان ساڵدا پێشمەرگەکانی یەکێتی لە ناوچەی سەردەشت گرتوویانە و بۆ ماوەی ١١ مانگ لە خڕی ناوزەنگان زیندانیان کردووە، ساڵی ١٩٧٩ بەشداری کردووە لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی، دوای کۆنگرە گواستراوەتەوە بۆ لقی ٢ی پارتی و لەوێ بە مەفرەزەی دەستوەشێن گەڕاوەتەوە بۆ دەڤەری خۆشناوەتی. ساڵی ١٩٨٠ گواستراوەتەوە بۆ لێژنەی ناوچەی قەڵادزێ و کراوە بە کارگێڕی لێژنەی ناوچە و لەوێ ڕێکخراوی شەهیدانی قەڵادزێی دامەزراندووە، لەمانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، فەقێ وسو باوزی لە شەڕی یەکەمی حاجی ئۆمەران بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٨٣ قاتعی چوار دامەزراوە و ناوبراو کراوە بە ئەندامی قاتع، لە ساڵی ١٩٨٦ و دوای دابەشکردنی هێزەکانی قاتعی چوار بەسەر لێژنەی ناوچەی قەڵادزێ و لێژنەی ناوچەی ڕانیە، ڕێکخراوی شەهیدانی قەڵادزێ گواستراوەتەوە بۆ قەڵادزێ و فەقێ وسو باوزی کراوە بە بەرپرسی سەربازی لێژنەی ناوچە و لەهەمان ساڵدا  لەشەڕەکانی ئەشکەنێ و گەناوی بەشداری کردووە.

ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینەکەی باشووری کوردستان، بەرپرسی هێزی یەکگرتووی بەرەی کوردستانی بووە و لە ڕاپەڕینی خەڵکی شاری قەڵادزێ و ڕانیە بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٩٥ گواستراوەتەوە بۆ لقی ١١ ی ڕانیە و قەڵادزێ  کە بارەگاکەی لە شارۆچکەی قەسرێ بوو و  کراوە بەئەندامی لق، ساڵی ١٩٩٦ گواستراوەتەوە بۆ سوپای ١١، ساڵی ١٩٩٨ دووبارە گواستراوەتەوە بۆ لقی ١١ کە بارەگای لە شەقڵاوە بوو.

ساڵی ٢٠٠٠ کراوە بە بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە ڕانیە و قەڵادزێ و لەهەمان کاتدا ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول بووە، ساڵی ٢٠٠٥ گواستراوەتەوە بۆ دەزگای باڵای ئەیلوول، ساڵی ٢٠١٢ بە پلەی بەڕێوبەری گشتی خانەنشین کراوە. فەقێ وسو باوزی لەژیانی پێشمەرگایەتیدا دووجار بریندار بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت حەسکو دۆلەمەری

عەبدوڵا حەسەن ئیبراهیم، ناسراو بە (شەوکەت حەسکو دۆلەمەری)، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی خۆشکان قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. لە ٩ی ئایاری ١٩٨٠دا پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

سەعید مەحمود ساڵح دۆڵەمەری

سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەلیل دەسکۆ حادێ

خەلیل دەسکۆ حادێ، ناسراو بە (خەلیل دەسکۆ)، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی سەرۆکانی قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول. شوفێرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە تا ساڵى ١٩٩١. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر