فارس باوە

فارس حه‌مه‌د باوه‌، ناسراو به‌ فارس باوه، فه‌رمانده‌ وسیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٨ كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌شتی هه‌ولێر، ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.


ژیاننامه‌

فارس حه‌مه‌د باوه ‌له‌ ساڵی ١٩٣٣ لە شاری هه‌ولێر لەدایكبووه‌‌، ساڵی ١٩٥٦ به‌ند كراوه‌ و له‌ به‌ندیخانه‌ی كه‌ركووك له‌سه‌ر ده‌ستی عه‌بدوڵا گۆران هۆزانڤانی مه‌زنی كورد و عه‌بدوڵا ئیسماعیل ئه‌حمه‌د  ناسراو به‌ مەلا ماتۆڕ كادیری پێشكه‌وتووی پارتی دیموكراتی كوردستان فێری خوێنده‌واری بووه‌، له‌ ٢١ی ئاداری ١٩٩٥ له‌ پیرمام كۆچی دوایی كردووه‌ و سه‌ره‌تا له‌ گۆڕستانی پیرمام له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مانه‌تی خاك كراوه‌‌ و دواتر له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ١٠ی ئاداری ١٩٩٧دا له‌ مه‌راسیمێكی شكۆداردا به‌ره‌و گوندی پیرداود له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر براوه‌ و بۆ جاری دووه‌م‌ له‌ گۆڕستانی گردی پیرداود -هه‌ولێر ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه‌ته‌وه‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ربی و فارسی بووه‌.


خەباتنامە

فارس حه‌مه‌د باوه ‌ساڵی ١٩٥٦ له‌ به‌ندیخانه‌ی كه‌ركووك به‌ند كراوه‌ و له‌ دوای كۆدەتای ١٤ی ته‌موزی ١٩٥٨ له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد كراوه‌، ساڵی ١٩٥٨ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌ و هەمان ساڵ بووه‌ته‌ سه‌رپه‌ل و به‌شداری له‌ شه‌ڕی دارخورما له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر و‌ شه‌ڕی گوندی قه‌شقه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر دژ به‌ هێزی پاسه‌وانانی نه‌ته‌وه‌یی (الحرس القومي)دا كردووه‌، له‌ ڕۆژی ١٨ی ئاداری ١٩٦٣ وه‌ك فه‌رمانده‌ێكی پێشمه‌رگه‌ نوێنه‌ری‌ كۆنگره‌ی كۆیه‌ (یه‌كه‌می گه‌ل) له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر بووە.

له‌ حوزه‌یرانی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سپیلك له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌ فه‌رمانده‌یی عه‌قید ڕوكن كافی نه‌به‌وی دژ به‌ هه‌ڵمه‌تی له‌شكری دووی عێراقی كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ كراوه‌ته‌ سه‌رلقی دوو له‌ به‌تالیۆنی دووی هێزی سه‌فین سه‌ر به‌ له‌شكری دوو‌، ساڵی ١٩٦٥ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی یه‌كی ده‌شتی هه‌ولێر بووه‌ له‌ هێزی سه‌فین، له‌ ئایاری ساڵی ١٩٦٥ وه‌ك فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی یه‌كی ده‌شتی هه‌ولێر به‌شداری داستانی چیای سه‌فینی كردووه‌، له‌ ٥ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٦٥ به‌شداری به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی شاڵاوی هێزی سوپای عێراق بووه‌ و فه‌رمانده‌ی شه‌ڕی شه‌ش قۆڵی (شه‌ڕی شه‌رغه‌) كردووه‌ و له‌م شه‌ڕە سه‌ركه‌وتوو بووه‌، ساڵی ١٩٦٦ وه‌ك فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی دووه‌می ده‌شتی هه‌ولێر له‌ شه‌ڕی سه‌فیندا به‌شداری كردووه‌، ساڵی ١٩٦٨ كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌شتی هه‌ولێر.

ساڵی ١٩٦٨ لەتوڵه‌ی شه‌هیدکردنی دوو پێشمه‌رگه‌ له‌ داستانی شاخوڵان سه‌ربازگه‌ی سوپای عێراق له‌ هه‌ولێر دەداتە به‌ر ڕێژنه‌ی گولله‌ی تۆپخانه‌ و بنكه‌كانی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ـ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ ناو شاری هه‌ولێر خاپوور ده‌كات، له‌ ١ی ئاداری ١٩٦٩ یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی باباگوڕگوڕ بۆ لێدانی كۆمپانیای نه‌وتی كه‌ركووك، له‌ ئابی ١٩٦٩ پێش شاڵاوی هێزی زه‌مینی سوپای عێراق و چه‌كداره‌كانی گروپی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ـ جه‌لال تاڵه‌بانی گرت كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای هێزی ده‌شتی هه‌ولێر و توانی به‌رپه‌رچیان بداتەوە و ناچار به‌ پاشه‌كشێیان بکات له‌ شه‌ڕکەدا‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌ ستافی دوازده‌یه‌م كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوای ڕێكکه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ ده‌ستی داوه‌ته‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌ڕەكی شه‌هیدانی سێتاقان بۆ شه‌هیدانی هێزی ده‌شتی هه‌ولێر، له‌ ١٣ی كانوونی دووه‌می ١٩٧١ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شۆڕشی عێراقه‌وه‌ پله‌ی نه‌قیبی پۆلیسی كاتی پێ به‌خشـراوه‌، ساڵی ١٩٧١‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی یازده‌ی ده‌ربه‌ندی گۆمه‌سپانی پاسه‌وانانی سنوور بووه‌.

ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٧٢ له‌ كۆشكی ئاشتی نزیك شارۆچكه‌ی چۆمان سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) پێشوازی له‌ شاندێكی حزبی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانیای یه‌كگرتوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی پاوڵ فێرنێر كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ئاشتی له‌ عێراق و په‌یوه‌ندییه‌ دووقوڵیه‌كان گفتوگۆیان كردووه‌، ساڵی ١٩٧٤ فه‌رمانده‌ی هێزی سه‌فین بووه‌، ساڵی ١٩٧٤ فه‌رمانده‌ی شه‌ڕی گیره‌ی ڕەش بووه‌، له‌ ٦ی ئه‌یلوولی ١٩٧٤ له‌ فه‌رمانده‌كانی شه‌ڕی ماكۆك له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر بووه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ توانی سوپای عێراقی تێدا بشكێنێ، ساڵی ١٩٧٥ له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له‌‌ شانشینی ئێران كردووه‌، ساڵی ١٩٧٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌ باشووری كوردستان و له‌ ١٩ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٨ به‌ فه‌رمانێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی عێراق به‌ر لێبوردن كه‌وتووه‌، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستانی كردووه‌. 


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. ئه‌مڕۆ ته‌رمی پیرۆزی فارس باوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ٢٢٨٩، هه‌ولێر، دووشه‌مه‌، ١٠ ئاداری ١٩٩٧ز، ل ٤.

  3. ئه‌سعه‌د عه‌دۆ، شه‌ڕی شه‌ش قۆڵی یان شه‌ڕی شه‌رغه‌، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره‌ ١٧٦٥، هه‌ولێر، شه‌مه‌، ٩ تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ز، ل ل ٦ ـ ٧.

  4. حبیب محمد كریم، كركوك و ثورة أیلول المجیدة، مجلة گولان العربي، مركز گولان الثقافي، العدد ٧٠، السنة السادسة، أربیل، مطبعة وزارة التربیة، ٣١ آذار ٢٠٠٢م، ص ٣٩.

  5. عه‌بدوڕەحمان شه‌ڕەفكه‌ندی، چێشتی مجێور، (پاریس ـ ١٩٩٧ز)، ل ل ٤٠٩ ـ ٤١٠.

  6. میگ های عراق علیه‌ كردها وار پیكار شدند، روزنامه‌ اطلاعات، شماره‌ ١٤٣٧٠، تهران، پنجشنبه‌‌‌، ١٥ فروردین ١٣٥٣ ھ . ش، ص ص ١، ٤.

  7. السید البارزاني یعرب للوفد الألماني الضیف عن تمنیاته‌، جریدة التآخي، العدد ١٠٦٧، بغداد، مطبعة التایمس، الخمیس، ٢٢ حزیران ١٩٧٢م، ص ١.

  8. كردها دو هواپیمای جنگی عراق را سرنگون كردند، روزنامه‌ اطلاعات، شماره‌ ١٤٣٥٦، تهران، شنبه‌‌‌، ٢٥ اسفند ١٣٥٢ ھ . ش، ص ١٧.

  9. شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان أهم الحوادث السیاسیة والعسكریة في كوردستان والعراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م)، ص ١٩١.

  10. قرار مجلس قیاده‌ الثورة رقم ٧٤، جریدة الوقائع العراقیة، وزارة الاعلام في العراق، العدد ١٩٦٠ أ، بغداد، الأثنین، ١ شباط ١٩٧١م، ص ١.

  11. قرار مجلس قیاده‌ الثورة رقم ٩٩، جریدة الوقائع العراقیة، وزارة العدل، العدد ٢٦٣٦، بغداد، الأثنین، ٦ شباط ١٩٧٨م، ص ١٠.

  12. ئه‌گه‌ر مردم مه‌مبه‌نه‌وه‌ بۆ هه‌ولێری داگیر كراو!، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ٢١٢٣ و ٢١٢٤، شه‌مه‌، ٢٢ نیسانی ١٩٩٥ز، ل ٨.

  13. مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م)، ص ص ٢٠٩، ٢٥٣.  


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر