عەزیز محەمەد

عەزیز محەمەد عەبدوڵا لە ڕێككەوتی ١ی تەموزی ١٩٢٤ لە گوندی بێركۆتی نزیك شاری هەولێر لە دایك بووە، باوكی كوردێكی هەژاری جوتیاری گوندی بێركۆت بووە، دایكی كچە مەلا بووە و لە ناوچەكانی وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر، دایكی خەڵكی باكووری كوردستان بووە.


هاوڕێ عەزیز محەمەد لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا لەگەڵ دایكیدا دێنە شاری هەولێر، لە مزگەوتی ئەبو بەكر فێری قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحركە دەرسی فەقێیەتى دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنی فەقێیەتى دەهێنێ.

دایكی دەینێرێتە قوتابخانە و بە هۆی زیرەكییەكەیەوە ڕاستەوخۆ لە پۆلی سێی سەرەتایی دایدەنێن، دوای تەواوكردنی قۆناغی سەرەتایی بیر لە تەواوكردنی خوێندنەكەی دەكاتەوە لە پەیمانگای پیشەسازی یاخود لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان، بەڵام بەداخەوە ئەم ئاواتەی نایاتە دی، چونكە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنی خۆی بچووك بكاتەوە، ئەگەرچی ئەمە كارێكی ئاسان بوو، بەڵام بۆی نەكرا. دوای وازهێنانی لە قوتابخانە ماوەیەك بێكار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوكاری چەند هاوڕێیەكی لە فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك و ناوخۆیی دادەمەزرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ كار دەكات.

لە بەهاری ساڵی ١٩٤٨ز دەچێتە ڕیزى حیزبی شیوعی دەست بە كاری حیزبی دەكات. ساڵەكانی (١٩٤٠-١٩٤١)ز سەرەتای چالاكی سیاسی ئەو بووە، كە لە هەمان كاتدا كۆمەڵێك گەنجی خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەری بوون بۆ هاتنە نێو ژیانی سیاسییەوە، لەوانە مامۆستای ناوداری كورد عزەدین فەیزی.

هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی بە كۆمەڵەی هیواوە دەكات و لە ئایاری ساڵی ١٩٤١زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی هیوا. ساڵی ١٩٤٢زدا دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی گەل كە ڕۆژنامەیەكیان بە ناوی (بڵێسە)ەوە دەردەكرد و خۆیان بە ماركسی لە قەڵەم دەدا.

لە زستانی ساڵی ١٩٤٥زدا دوای كۆنگرەی یەكەمی حزبی شیوعی عێراقی دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە. لە ١٣ی تشرینی یەکەمی١٩٤٨ز دا دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابی ساڵی ١٩٥٨ز واتە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.

لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە زینداندا لە ڕێگای خوێندنەوەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت و هاوكات چەندین كتێبی ئەدەبی و چیرۆك و ڕۆمان و كتێبی سیاسی هەمەجۆر دەخوێنێتەوە، هەروەها بەشێكی زۆری شاكارە ئەدەبییەكانی ئەدەبیاتی ڕووسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەخوێنێتەوە، سەرەڕای خوێندنەوەی بەرهەمەكانی تەها حسێن و نەجیب مەحفوز و بەرهەمی تری نووسەرانی عەرەب.

عەزیز محەمەد لە ساڵی ١٩٦٤ز تا ساڵی ١٩٩٣ز سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عێراقی بووە و خزمەتێكی پڕ بایەخی پێشكەش بە دۆزی عێراق و ناوچەكە بە گشتی كردووە.

عەزیز محەمەد یەكێكە لەو كەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی ١٩٨٦ز دا لە لایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە (وسامی لینین)ی پێدەبەخشرێ، هەروەها میدالیای (ئەستێرەی گەشە)ی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لە ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن ڕووسیاوە پێبەخشراوە، کە لەدوای نێلسۆن ماندێلا دووەم کەسە ئەو میدالیایە وەردەگرێت.

لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە پیرمام لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای (بارزانی نەمر)ی پێ بەخشراوە.

 ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠١٧ لە ماڵەكەی خۆی کۆچى دوایی کردوە.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


بابەتی پەیوەندیدار

جەوھەر ئەسعەد فەتاح ئاغا هەرکی

جەوھەر ئەسعەد فەتاح، ناسراو بە (جەوهەر ئەسعەد ئاغا)، ساڵى ١٩٥٢ لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ میدالیای بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی ساڵی ١٩٥٠ لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە. دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوەتە پاسەوانی سنوور. ساڵی ١٩٧٣ لە لایەن حکوومەتی عێراق دەستگیر کراوە. ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە شۆڕشی گولان کردووە. ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەسەن شێخ مستەفا بۆسەلی

حەسـەن شــێخ مســتەفا بۆســەلى، ســاڵی ١٩٤٨ لە گونــدی بۆسەل لە قەزای زاخــۆی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زاخۆ، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کراوە بەفەرماندەی عەمەلیاتی سوپای چوار، لەرۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

جەعفەر مستەفا مەعروف

جەعـفەر مسـتەفا مەعـروف ناسـراو بە (شـــێخ جەعـــفەری جامانەســـور)، ســـاڵی ١٩٥٧ لەگونــدی گوندی سەرکان ناوچە ســرۆچک سەربە ناحییەی بەرزنجەی پارێزگــای سلێمانی لەدایـک بـووە، سـاڵی ١٩٧٠ پەیوەندى بە ڕیــزی یەکێتــی قوتابیــانی کوردســتاندا کردووە، لەساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن بووە، ١٩٩٦ بە قایمقامی هەڵەبجەی شەهید دەستنیشان کراوە، سالانی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ وەکو قایمقامی شاری ئاکرێ لە ئەرکدا بووە

زانیاری زیاتر

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر