عەبدوڵا دەروێش عەلی، ناسراو بە (عەبدوڵا دەروێش ئەرەدنی)، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی ئەرەدن سەربە شارۆچکەی سەرسنگ لەقەزای ئامێدی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، تا قۆناغى ناوەندى خوێندووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە لە دەڤەری دۆسکی ژێری و لەلای ئەسعەد خۆشەوی بۆتە پێشمەرگە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ لای سەعید خەلیل خۆشەوی و کاری ئیداری بەڕێوەبردووە، عەبدوڵا دەروێش ساڵی ١٩٦١ لە شەڕەکانی گوندی گەرمک و ساڵى ١٩٦٤ لە شەڕی دۆسکی ژێری بریندار بووە، ساڵی ١٩٦٣ گەڕاوەتەوە بۆ هێزی دهۆک و کراوە بە بەرپرسی کۆگای چەک و تەقەمەنی هێز.
ساڵی ١٩٦٤ لەبارەگای لەشکری یەک لەدەڤەری بەرواری باڵا ئەرکی نووسینەکانی بەشی بێتەل و گەیاندنی پێ سپێردراوە، ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی قەسرێی دەڤەری باڵەکایەتی خولی برینپێچی بینیوە و دوای گەڕانەوەی بۆ لەشکری یەک، لەگوندی قومەیە لە دەڤەری بەرواری باڵا لە نەخۆشخانەی شۆڕش لەژێر دەستی دکتۆر موشێ کە پزیشکێکی کریستیان بووە کاری کردووە، لەهەمان ساڵدا لە گوندی قەسرێ خولێکی شەش مانگەی بێتەلی بە پلەی باش لەلای نوری حەیدەری تەواو کردووە، دوای چەند مانگێک سەرلەنوێ بۆ دیتنی خولێکی تری بێتەل بە ئامێری نوێ ڕەوانەی گوندی ڕایات کراوە، دوای کۆتایی خولەکە لە بەشی بێتەل لە بارزان ئەرکی پێ سپێردراوە و ساڵی ١٩٧١ گواستراوەتەوە بۆ بارەگای بارزانی لە حاجی ئۆمەران.
ساڵى ١٩٧٤ دواى دەسپێکردنى شەڕ لەلایەن سوپاى عێراق دژى هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول، عەبدوڵا دەروێش ڕەوانەی ئێران کراوە و لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی شۆڕش کە دکتۆر شەفیق قەزاز بەرپرسی مەکتەبەکە بوو کاری کردووە. ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، سەرەتا لە شارى نەغەدە نیشتەجێ بووە و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ شاری ئەردەکان لە پارێزگای یەزد، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى جەماوەرى باشوورى کوردستان گەڕاوەتەوە کوردستان.
ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ گوندی ڕاژان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەزگای بێتەلی مەکتەبی سیاسی ئەرکی جێگری بەشی موخابەرەی مەکتەبی سیاسی پێ سپێردراوە، ساڵی ١٩٨٥ لە بەشی موخابەرەی مەکتەبی سیاسی کە بارەگایەکەی لە لۆلان بووە کاری کردووە، ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چووەتە گوندی کانی ساردک لە ناوچەی نێروە و ئەرکی بێتەلی سەرۆکی پارتی بەڕێوەبردووە و دوای شەش مانگ گەڕاوەتەوە بۆ گوندی ڕاژان.
ساڵى ١٩٩١ پێش دەسپێکردنى ڕاپەڕینی جەماوەرى باشووری کوردستان، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی لە قاسمە ڕەش بووە و دواتر هەنگاو بەهەنگاوی بەرەوپێش چوونی ڕاپەڕینەکان لەڕانیە، هەولێر، کۆیە، شەقڵاوە، پردێ و کۆڕێ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی بووە، دوای شکانی سوپای عێراق و دەستپێکردنی وتووێژەکان، سێ جار لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی چووەتە بەغدا.
لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتى کوردستان بەهۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کردووە، لەلایەن سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.