ژیاننامە
عەبدوڵا حسێن جەرجیس، ساڵی ١٩١٧ له گوندی پێندرۆی سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ی ناوی ساڵحا مه‌حمود قادر بووە، كچێكیان هەبووه به‌ناوی پورێ. عەبدوڵا حسێن له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی وه‌رگرتووه، دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له كارگه‌ی ڕستن و چنینی شاری مووسڵ دامه‌زراوە و دواتر گواستراوه‌ته‌وه بۆ كارگه‌ی مافووری هه‌ولێر و پاشان له كارگه‌ی جگەره‌ی هه‌ولێر دامه‌زراوه، شاره‌زایی له هەردوو زمانی كوردی و ڕووسی هه‌بووه، له ٢ ئه‌یلوولی ٢٠١٣ له پیرمام كۆچی دوایی كردووه و له قەزای به‌حركه‌ی پارێزگای هەولێر به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
عەبدوڵا حسێن جەرجیس، ساڵی ١٩٣١ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان كردووه و له شهڕەكان به‌شدار بووه، ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ٢ تشرینی یه‌كه‌می هەمان ساڵ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و له ٢٠ تشرینی یه‌كه‌م به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسخانه‌كانی چه‌مێ و شێروان مه‌زنی کردووە، هەروەها له‌١٠ تشرینی دووه‌می ١٩٤٣ لە گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌زنێی قەزای مێرگەسۆر بەشداربووە.
له ٨ ئابی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مێرگه‌سۆری كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازیی عێراق ده‌ستبه‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریك و به‌شداریی شه‌ڕی كانیاڕهشی كردووه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانی سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ باوك و برای به‌ناوه‌كانی حسێن جەرجیس و شینۆ حسێن بوونەتە پێشمەرگە، له ٢٩ی نیسانی هەمان ساڵ به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی قاراوا و میرده‌ێی له ناوچه‌ی سه‌قز و له ٣ ئایاری ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی كردووه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٣ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی نه‌لۆس و له ١٩ ئادار به‌شداری شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆی كردووه، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە دەڤەری شێروان و مزوری.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە١٥ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندی ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانی دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، لەوێدا تەواوی هەڤاڵانی بڕیاری بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ حسێن جەرجیسی باوکی یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گه‌لی قتور و شەڕی پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باكۆی پایتەختی كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانی، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەی خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشی حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەردەسەرییەکانی هەڤاڵانی خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هەڤاڵانی بارزانی و دواجار بڕیاری لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (١١) بە پشت بەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە ١٩ لە ساڵی ١٩٥٩ دا، خۆی و هەڤاڵانی بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
لە ساڵی ١٩٥٨ دوای کۆدەتای عەبدولکەریم قاسم بە سەر فەیسەلی دووەم و گۆڕینی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری، عەبدوڵا حسێن جەرجیس، له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و سه‌رپه‌ل بووه و له شهڕەكانی به‌شدار بووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بە په‌نابه‌ری ڕوویکردووەتە ئێران، له هەلەج پاسه‌وانی مه‌زاری بارزانی نه‌مر بووە.
عەبدوڵا حسێن جەرجیس، ساڵی ١٩٩٧ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، له ڕێكه‌وتی ١٦ كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری مه‌هاباد، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه، له ١٤ ئاداری ٢٠١٣ به بۆنه‌ی یادی سه‌رهه‌ڵدانی دهۆك میدالیای تریشی له ده‌زگای ڕۆشنبیری دهۆك وه‌رگرتووە.
سه‌رچاوه‌كان:
١. حیدر فاروق السامرائی، چیا‌و جعفر ودوره السیاسی و الاقتصادی فی العراق، (لندن – دارالحكمە - ٢٠١٦م)، ص ٢٠٣.
٢. سه‌فه‌ر یووسف میرخان، بوونیاتنه‌رانی ئه‌مرۆی كوردستان، (هه‌ولێر - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كتیبخانه گشتیه‌كان - ٢٠١٠ز).
٣. سه‌فه‌ر یووسف میرخان، له یادی ٦٢ ساڵه‌ی داستانی په‌ڕینه‌وه له ئاراسدا، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٣٢٠٢، هه‌ولێر، ١٨ حوزه‌یرانی ٢٠٠٩ز.
٤. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
٥. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
٦. صالح یوسف صوفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
٧. صالح یوسف صوفی، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
٨. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
٩. عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
١٠. گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
١١. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
١٢. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی نادیار - ٢٠١٢ز).
١٣. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.