ژیاننامە
عه‌بدولڕه‌حمان گۆمه‌شین، ساڵی ١٩١٧ له گوندی گۆپته‌په‌ى سه‌ر به ناحیه‌ی شۆڕش له قه‌زای كۆیه له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت دوو خێزانی هه‌بووه، خێزانی یه‌كه‌می ناوی جه‌واهێر محێدین و خێزانی دووه‌مى ناوی نایله حه‌مه‌د ڕه‌سووڵ بووە، چوار كوڕى هەبووه به‌ناوه‌كانی زیاد، زاگرۆس، به‌گە و ئاواره. عەبدولڕەحمان له یه‌كێتی سۆڤێت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی په‌یمانگاى له به‌شی دارستان وه‌رگرتووه، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ كافیه پێكهێناوه، خاوه‌نی دوو كچ بوونه به‌ناوه‌كانی ڕایه (١٩٥٤)، ڤێڕا (١٩٥٧). دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٥٩ وه‌كو چاودێری كشتوكاڵی له فه‌رمانگه‌ی دارستانی كه‌له‌ك دامه‌زراوه، ساڵی ١٩٦٠ گواستراوه‌ته‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی دارستانی كۆیه. دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول، ساڵی ١٩٧٨ لە ناسرییەوە گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری كۆیه، هه‌مان ساڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر پیشه‌ی خۆی و كراوه‌ته ئامر موده‌ڕب، هەردوو زمانى كوردی و ڕووسی زانیوە، له ٢٢ ته‌مووزی ١٩٧٩ له كۆیه كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گۆمه‌شین به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
عه‌بدولڕه‌حمان گۆمه‌شین، ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ڕێكه‌وتی ٨ ئابی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مێرگه‌سۆری كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازیی عێراق ده‌ستبه‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه.
دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە، له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی قاراواى له ناوچه‌ی سه‌قز ی كردووه. دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ١٩ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆی كردووه.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى ١٩ی نیسانى ١٩٤٧لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە دەڤەرى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ١٥ی ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ حکومەتى کۆمارى لە عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦٠ نوێنه‌ر بووه له كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان و دواتر كراوه‌ته كارگێڕی لێژنه ناوچه‌ی كۆیه و به‌رپرسی ڕێكخستنی سه‌ربازی بووه، بۆ ماوه‌ی ٦ مانگ جێگری به‌تالیۆنی ٣ بووه و به‌رپرسی به‌شی سه‌ربازی بووه، ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی جه‌لدیان، شه‌ڕه‌كانی باواجی، زۆزك، قۆپچی و كۆڕه‌سی كردووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول بە پەنابەرى ڕوویکردووەتە ئێران، ساڵی ١٩٧٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، دواتر بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق ڕاگوێزراوە بۆ باشووری عێراق و له شاری ناسریه نیشته‌جێ کراوە.
سه‌رچاوه‌كان:
١- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
٢-شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
٣-عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز)، ل ل ١٢١، ١٢٦-١٢٧.
٤-عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
٥-كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
٦-له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
٧-لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
٨-مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
٩-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیای پارتى دیموکراتى کوردستان.