عەبدولڕەحیم عەبدوڵا عومەر، پێشمه‌رگه و هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت. ساڵی ١٩٢٠ له‌دایكبووه، به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه، ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کردووە.
ژیاننامە
عەبدولڕەحیم عەبدوڵا عومەر، ساڵی ١٩٢٠ له گوندی بابكێ-ى سه‌ر به ناحیه‌ی پیران له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، لە ساڵی ١٩٥٤ لە پەیمانگەی هونەری- بەشی کشتوکاڵى سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵی یەکێتی سۆڤیەت دەستى بە خوێندن کردووە. هه‌روەها له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه وخاوەنی دوو کچ بوونە، ساڵی ١٩٥٩ خوێندنی لە پەیمانگەی ناوبراو تەواوکردووە. هەر سێ زمانى كوردی، عه‌ره‌بی و ڕووسی زانیوە. ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوە. له ١٣ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٥ له شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی بابكێ به خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و له شه‌ڕه‌كانی به‌شداربووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته وڵاتی ئێران، ساڵی ١٩٧٦ گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشوری كوردستان و له كانی قڕژاڵه نیشتەجێبووە، دواتر ده‌چێته شارۆچكه‌ی كه‌له‌ك، ساڵی ١٩٩١ به‌شداری ڕاپه‌ڕینی كردووه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤)
- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.