شەڕی شیوە سوور ١٩٧٤

شەڕی شیوە سوور لەگەڵ دەستپێکردنەوەى هێرشى سوپاى عێراق بۆ سەر کوردستان لە ٢٥ى نیسانى ١٩٧٤ ڕوویدا، بەو ئامانجەى دەست بەسەر تەواوى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕشدا بگرێت و دواجار هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول بهێنێ، بەڵام سوپاى عێراق لەم شەڕەى شیوە سووردا لە بەردەم هێزى پێشمەرگە شکستێکى گەورەى خوارد و زیانى گیانى و ماددى زۆرى پێ کەوت، نەیتوانى ئاواتى لە مێژینەى بهێنێتە دى کە دەست بەسەرداگرتنى ناوچەى سەنگاو بوو.


سوپاى عێراق لە بەرەبەیانى ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ دەستى بەهێرش کرد بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕشی کوردستان بە هەموو توانایەوە کەوتە مەیدانى شەڕ و بەردەوام بوو لە پێشڕەوییەکانى بۆ دەست بەسەرداگرتنى تەواوى خاکى کوردستان، بەشێک لە هێزەکانى لە ڕێگاى کەرکووک - سلێمانى لە ٢٥ى نیسانى ١٩٧٤ ویستیان بەرلەوەى بگەنە چەمچەمال بەرەو سەنگاو بڕۆن و دەستى بەسەردا بگرن، یەکەکانى ئەو هێزە بریتى بوون لە فەوجى ٢ى هێزى ٤ى فیرقەى ٢ى کەرکووک بە هاوکارى کەتیبەیەکى تانک کە لە پێشەوەى هێزەکە بن، دیارە سوپاى عێراق بێ ئاگا بوو لەوەى کە پێشمەرگەکانى بەتالیۆنى ١ى هێزى ٢ى کەرکووک بەو پەڕى تواناوە بەرپەرچیان دەدەنەوە.

لە ناوچەى شیوە سوور هێزى پێشمەرگە لە سەنگەرى بەرگریدا خۆیان قایم کردبوو، لەبەردەم پێشڕەوییەکانى هێزه‌ عێراقییه‌كان بەربەستێکى کۆنکرێتى گه‌وره‌بوون، وێڕاى ئەمەش مینى دژەتانک و دژە مرۆڤیشیان لە ڕێگاى سوپاى هێرشبەر دادەنایەوە، کاتێ کە شەڕ دەستى پێکرد سەرەتا بەشێک لە تانکەکانى سوپاى عێراق بەر مین کەوتن و تێکشکان، لەو کاتەدا فەرماندەى فەوجى ٢ى پیادە موقەددەم ڕوکن زیائەدین جەمال فەرمانى کرد کە تانکەکان لە پێشەوەى هێرشەکە نەبن تەنها لە کاتى پێویست نەبێ.

دواى ئەوەى کە هێزى پیادە بەردەوامی دا بە هێرشەکەى، لە ناکاوێکدا کەوتنە بەر ئاگرى تفەنگ و مینەکانى پێشمەرگە، لە دواى هەشت کاتژمێر شەڕی بەردەوام سوپاى عێراق بە زیانێکى زۆرەوە لە بەرامبەر بەرگرى بەهێزى پێشمەرگە تێکشکا، زەرەر و زیانێکى زۆرى گیانى ماددى لێ کەوتەوە کە بریتى بوو لە دەیان کوژراو و بریندار، یەکێک لە کوژراوەکان پاسەوانى تایبەتى فەرماندەى فەوج بوو، زیانە ماددیەکانیش بریتى بوون لە تێکشکانى ٦ تانک و ٣ زرێپۆش و چەندین ئۆتۆمبێلى سەربازى، هەروەها دەست گرتن بەسەر چەندین پارچە چەکى سوک و مامناوەند بوو.


سەرچاوەکان:

  1. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشی ئەیلوول 1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2022.

  2. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر