شەڕی سوسێ ١٩٧٤

شەڕى سەربازگەى سوسێ لە ئایارى ١٩٧٤ ڕوویدا دواى ئەوەى کە حکومەتى عێراق شەڕى دژى شۆڕشى کورد ڕاگەیاند، پێشمەرگە وەک پەرچەکردار گەمارۆى خستە سەر ئەو سەربازگەیە، سوپاى عێراق بۆ تێکشکانى گەمارى پێشمەرگە و ڕزگارکردنى سەربازەکان لە سلێمانى و دوکانەوە هێرشیان ئەنجامدا شەڕێکى چەند ڕۆژى لە نێوانیاندا ڕوویدا.


 دواى ئەوەى گفتوگۆی سەرکردایەتى شۆڕشى ئەیلوول و حکومەتى عێراق بەکۆتا هات، حکومەتى عێراق لەو بەند و ماددانەى کەوا لە ڕێککەوتنەکەدا هاتبوو پاشگەز بووە، جارێکى دیکە شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاندەوە،  گرژى و ئاڵۆزییەکان تەشەنەیان سەند و پێی نایە قۆناغى لەشکرکێشى، لە نیسانى ١٩٧٤ هێرش و پەلامارەکانى سوپاى عێراق بۆ سەر کوردستان دەستى پێکرد. هێرشەکانى سوپا بە جۆرێک بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش دەستپیکرد، هەموو توانایەکى سەربازى خستەکار، لە هێزى بێ شومارى سەرباز و سەدان تانکى مۆدێرن و هەموو جۆرە چەکى ئاسمانى و هێزى ئاسمانى بۆ ئەوەى شۆڕشى کورد بەیەکجارى پەک بخات.

هێزى پێشمەرگەى کوردستان وەک پەرچە کردار و ئامادەسازى لەبەردەم هێرشکارى سوپاى عێراق هەر لە سەرەتاى دەستپێکى جەنگەوە کۆمەڵێک هەنگاوى سەربازى نا لەوانە بەتالیۆنى ٣ی سورداش سەربە هێزى ڕزگارى گەمارۆى سەربازگەى سوسێى دا کە بارەگاى یەکەیەکى سەربازى سوپاى عێراق بوو. حکومەتى عێراق لە ئایارى ١٩٧٤ هەوڵیدا کەوا گەمارۆى پێشمەرگە لەسەر ئەو سەربازگەیە لا ببات، سوپا لە سلێمانى و دوکان بە ئاراستەى ناوچەکە دەستیان بە جووڵە کرد، هێزى پێشمەرگەش کە بریتى بوو لە بەتالیۆنى ٣ لە هێزى ڕزگاری بە فەرماندەیى ئەنوەر ئەزوەر نەخشەى بەرپەرچدانەوەى سوپاى عێراقى بەم شێوەیە داڕشت، لەو شوێنانەى کە ئەگەرى هێرشى سوپاى عێراقی هەبوو لە سەر ڕێگاى سلێمانى و دوکان.

لقى کوێخا سمایلى تەلان لە گوندى کانیخان سەنگەریان گرت، لقى عەبدوڵڵاى حاجى ڕەشید لە تاسلوجە دامەزران، لقى عومەرى حەمە عەلى لە گوندى کەلەوانان لە ئامادەباشیدا بوون، فەرماندە و بارەگاى بەتالیۆن لە گوندى خرێ زێوێ بوو، لقى حەمەتالى حاجى قادر بەگیش لە گوندى خرێ زێوێ سەنگەریان قایم کردبوو.

سوپاى عێراق لە سلێمانیەوە دەستى بە جووڵە کرد و هێرشى هێنا، لقى عەبدوڵڵا حاجى ڕەشید کە لە تاسلوجە سەنگەرى گرتبوو لەگەڵ سوپاى عێراق ڕووبەڕووى یەکتر بوونەوە و توانیان زیانێکى گەورە بە سوپا بگەیەنن، بەڵام لەبەر زۆرى ژمارەى سەربازانى سوپا و پاڵپشتى کەتیبەى تانک و کەمى ژمارەى ھێزى پێشمەرگە نەیانتوانى بۆماوەیەکى درێژ بەرگرى بکەن، بەتایبەتى دواى شەهیدبوونى سەرلق عەبدوڵڵاى حاجى ڕەشید و سەرپەل شێخ جەعفەر کۆلیجەیی، پێشمەرگەکانى ئەو قۆڵەى بەرگرى پاشەکشەیان کرد و شوێنەکەیان بەجێ هێشت، سوپاى عێراقیش درێژەى بە پێشڕەوییەکانی دا بۆ ئەوى بگەنە سەربازگەى سوسێ.

دواى ئەوەى سوپاى عێراق بە پشتیوانى تانک و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) هێڵى بەرگرى پێشمەرگەیان لە تاسلوجە تێپەڕاند بەرەو سەربازگەى سوسێ ڕێگایان بڕی، وا تێگەیشتبوون کە هیچ بەربەستێکى بەرگرى پێشمەرگەیان لەبەردەم نەماوە، بەڵام بە دوورى ٦کم لە سەربازگەى سوسێ و بە دیاریکراوى لە سەر پردى گوندى خڕێ زێوێ هێزی پێشمه‌رگه‌ هێرشی کردە سەر سوپاى عێراق، توانیان بە چەکى (RPG) دوو تانک تێک بشکێنن و ژمارەک لە سەرباز و جاش بکوژن، ئەو ڕۆژە تا دواى نیوەڕۆ پێشمەرگە ڕێى نەدا سوپا بگاتە سەربازگەى گەمارۆ دراو، بەڵام کاتێک دوو پێشمەرگە شەهید بوون بە ناوەکانى ئیبراهیم کانى شەیتان و ڕەحیم قامیش هەروەها برینداربوونى فەرماندەى بەتالیۆن لەکاتى دەربازکردنى تەرمى شەهیدەکان بۆ ئەوەى نەکەونە دەستى سوپا هێزى پێشمەرگە تەنها فریاى ئەوە کەوتن کە تەرمى شەهیدەکان و فەرماندە بریندارەکەیان ڕزگار بکەن، پاشەکشەیان بە هێزەکانیان کرد، ئیتر ڕێگا لە بەردەم سوپاى عێراق واڵا بوو کە گەمارۆى سەربازگەى سوسێ بشکێنێ.    


سەرچاوەکان:

  1. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول 1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، چاپخانەى دانیشفەڕ، هه‌ولێر، 2022.

  2. شەوکەت مەلا اسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، هەولێر – ٢٠٠٧.

  3. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانى دووەمى چياى زۆزك ١٩٧٤

داستانى دووەمى زۆزک لە ئەیلوولى ١٩٧٤ ڕوویدا، سوپاى عێراق بۆ دەستگرتن بەسەر چیاى زۆزک، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى ژمارەیەک هێرشى گەورە و بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە دامێن و بەرزاییەکانى چیاکە، دواى دەیان ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان و تێکشکاندنى چەند هێرشێک و پێگەیاندى زیانى زۆرى گیانى و ماددى بە سوپاى عێراق، توانیان لە تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ دەستى بەسەردا بگرن.

زانیاری زیاتر

چالاکى پشت منجەل ١٩٨٢

چالاکى پشت منجەلان بۆسەیەکى پێشمەرگە بوو بۆ هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق، لە شەوێکى کۆتاییەکانى پاییزى ١٩٨٢ لە چوارچێوەی خەباتی پارتیزانی شۆڕشی گوڵاندا، هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان چوونە سەر ڕێگاى سەرەکى سۆران- چۆمان (ڕێگاى هاملتۆن) لە پشت منجەلان بۆسەیەکیان دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى سەربازى کە ژمارەیەکى زۆرى سەربازى هەڵگرتبوو کەوتە بۆسەکەوە، هێزەکەى پێشمەرگە ڕووبەڕووى بوونەوەو دایانە بەر دەستڕیژى گوللە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاند و بە تەواوى سەربازەوە لە هەڵدێرى جاددەکەوە کەوتە خوارەوە...

زانیاری زیاتر

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان ١٩٧٩

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان چالاکیەکى پارتیزانى بوو لە لایەن یەکێک لە مەفرەزەکانى پێشمەرگە بە فەرماندەى مەحمود شێخۆ، کە هەستان بە گواستنەوەى تۆپێکى ٥٧ملم لەگەڵ ژمارەیەک گوللە بۆ سەر بەرزاییەکى نزیک شارۆچکەى سیدەکان، ئێوارەیەکى پێش خۆر ئاوابوونی هاوینى ١٩٧٩ بۆ ماویەک تۆپبارانى سەربازگەیان کرد و ئاڵوزى و پشێویان خستە ناو سەربازگە و پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى مجێسەر ١٩٨٠

بۆسەى گوندى مجێسەر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بۆ لێدان و گەیاندنى زیان بە هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق بوو، ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٠ مەفرەزەیەکى پێشمەرگە خۆیان گەیاندە نزیگ گوندى مجێسەر لە دەڤەرى برادۆست سەر ڕێگاى سەرەکى بۆسەیان دانایەوە، هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلێکى سەربازى و تێکیان شکاند و تەواوى سەرنیشانیان کوشتن کە حەوت سەرباز بوون پێشمەرگەکانیش بێ زیان گەڕانەوەو شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر