شەڕی دەربەندی گۆمەسپان ئایاری ١٩٧٤

حکومەتى عێراق کە شەڕی دەستپێکردەوە ساڵى ١٩٧٤ بەجۆرێک پلانى داڕشت کە لە توانایدا هەیە بە ماوەیەکى کەم شۆڕشى کورد هەرەس پێ دێنێ، قوڕسایی هێرش و پەلامارەکانى بەئاراستەى ناوچەکانى سەرکردایەتى شۆڕش فراوان کرد، بە هۆی تواناى سەربازى زۆر و چەک و تەقەمەنى قوڕسى پێشکەوتووى لە ئاستێکى بەرز، بۆیە لە بەرەکانى شەڕ پێشڕەى بەرچاوى بە خۆوە بینى.


 لە نیسانى١٩٧٤ حکومەتى بەعس بڕیارى دەسپێکردنەوەى شەڕیدا و هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش چڕکردەوە، هێزى دەشتى هەولێر بە فەرماندەیى فارس باوە لە هەولێر کشایەوە دەرەوەى شار و بەتالیۆنەکانى بەسەر بەرەکانى شەڕدا دابەشکردن بە مەبەستى دامەزراندنى هێڵێکى بەرگرى، بۆ ئەوەى ڕێگە لە پێشڕەوی و هێرشەکانى سوپاى عێراق بگرێت.

بارەگاى هێز لە چیاى پشت پیرەر و تەکەور دانرا، بەتالیۆنى یەک بە فەرماندەى سەید کاکە لە زنجیرەشاخى پشت باوەقوت و گۆمەتاڵ دامەزران، بەتالیۆنى دوو بە فەرماندەى عەریف عوسمان بۆ دەربەندی گۆمەسپان دیارى کرا، بەتالیۆنى سێ بە فەرماندەیى ئەحمەدى حاجى عەلى لە چیاى باواجى سەنگەرى گرت، دوو لقى سەربە بارەگاى هێز لە ناوچەى بێستانە بوون، هێزى سەفین و هێزى ئازادى کە تازە دامەزرابوون لە چیاى سەفین تا چیاى باواجى و هەیبەت سوڵتان سەنگەریان گرتبوو و له‌ ئاماده‌باشیدا بوون، بەرپرس و کارگێڕانى ئۆرگانه‌كانی پارتى دیموکراتى کوردستان شانبەشانى هێزى پێشمەرگە لە بەرەى شەڕ لە بەرگریدا بوون.  

لە سەرەتاى مانگى ئایارى ١٩٧٤ سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و زریپۆش لە دوو قۆڵەوە هێرشى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، قۆڵى یەکەم لە سەرى ڕەشەوە پێشڕەویەکانى دەست پێکرد، قۆڵى دووەم ئەو هێزانەى کە لە دەوروبەرى دەربەندی گۆمەسپان بوون ئەوانیش دەستیان بە جووڵە کرد و هەڵمەتە سەربازیەکانیان دەست پێکرد، هێزى پێشمەرگە دەستیکرد بە بەهێزکردنى هێڵى بەرگرى و بەرەنگارى سوپا بوونەوە، هەردوولا زیانیان ڵێ کەوت، بەڵام لەبەر زۆرى ژمارەى هێزى سوپا زۆر بوو و له‌هه‌مانكاتیشدا له‌ دۆخى هێرشبردن بوون زیانەکانیان زێدەتر بوو لە هێزى پێشمەرگە.

سوپاى عێراق سەرەتا نەیتوانى بەسەر هێزى پێشمەرگەدا زاڵ بێـت و هێڵى بەرگرى بشکێنێ بەڵکو دواى چوار کاتژمێر شەڕی بەردەوام دووچارى تێکشکان هات، بەڵام تۆپخانەى هەردوو سەربازگەى سەرى ڕەش و دەربەندی گۆمەسپان لە بۆردومان و تۆپباراندا سلیان نەدەکردەوە تەنگیان بە پێشمەرگە هەڵچنى، هێڵی بەرگرى پێشمەرگەش بەو چەشنە پتەو نەبوو کەوا بەرگەى ئەو هەموو تۆپبارانە بگرێـت، ڕۆژى دواتر دووبارە سوپا هێرشى هێنایەوە و هەڵی کوتایە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، لەو هێرشەدا زیانى زۆر بەر هێزى پێشمەرگە کەوت کە بووە هۆى شەهید بوونى ٥ پێشمەرگە و بریندار بوونى ١١ى تر. 

لە ئەنجامى ئەو دۆخەى کە هاتە ئاراوە لە دژوارى هێرشى حکومەت و بێ شومارى سوپا بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکە، پێشمەرگە نەیتوانى بەرگەى ئەو هێرشە فراوانەى حکومەت بگرێ بەڵکو بە فەرمانى سەروو پاشەکشەیان کرد بۆ گوندى زیارەت و سوسێ، سوپاى عێراق توانى دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێ، پاشان پێشڕەویەکانى گەیشتە چیاى دەربەند تا گوندى دێرێ و ڕێگاى سەرەکى هەولێر – کۆیەى کەوتە ژێر دەست.             


 سەرچاوەکان:   

١- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر - ٢٠١٩.

٢- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

٣- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، هەولێر- ١٩٩٧.

٤- خوڕشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، چاپخانەى حاجى هاشم، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠١٥.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر