شەڕی باوەخۆشین ١٩٦٣

سوپاى عێراق هێرشى سەر گوندى باوەخۆشینى کرد لە نزیک دەربەندیخان لە ٤ى ئابى ١٩٦٣، لەو هێڕشەدا لەگەڵ هێزى پێشمەرگەى قەرەداغ بەرەنگاری یەکتر بوونەوە، دواى دوو کاتژمێر لە شەڕو پێکدادان سوپاى عێراق دووچارى شکستێکى گەورە هات و ناچار بە پاشەکشە بوو بۆ سەربازگەى دەربەندیخان، هەروەها زیانى زۆریشى پێ کەوت.


 لە ٨ى شوباتى ١٩٦٣ بەعسیەکان و ناسیۆنالیستە عەرەبەکان لە ڕێگاى کودەتاى سەربازییەوە دەستیان بەسەر دەسەڵاتى عێراقدا گرت، هەر لە سەرەتاى کودەتاکەدا نەک ئاماژە بە مافى ئۆتۆنۆمى بۆ کورد نەکرا، بەڵکو بە هیچ شێوەیەک لە پەیڕەو و کارنامەى سیاسیشدا باسى نەتەوەى کورد بوونى نەبوو، ئەمەش ئاماژەیەکى مەترسیدار و وێنەیەکى هەڕەشە ئامێزى بۆ ئایندەى کورد لێ دەخوێندرایەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە بە دیارکەوت کە ئەوە کودەتایەکى سەربازی تۆڵەسەندنەوەیە نەک گۆڕینى سیستمێکى دکتاتۆرى، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتى شۆڕشى کورد لەڕێگەى بروسکەیەکەوە پیرۆزبایی و پشتیوانى خۆى بۆ سەرانى کودەتاکە ڕاگەیاند، هەرچەندە نزیکەى سێ مانگ شەڕ و پەلامارى سەربازى لەسەر کورد وەستێندرا و گفتوگۆ دەستى پێکرد، بەڵام بەعسیەکان بە نیەتى چارەسەرى کێشەکان نەهاتنە پێشەوە بۆیە تەمەنى وتووێژەکان هێندە درێژخایەن نەبوو بەڵکو شەڕ و پەلامارەکانى بەعس بۆ سەر کوردستان دەستى پێکرد.  

لە ٢ى ئایارى ١٩٦٣ فەرمانى گشتى سوپا دەرچوو کە گەمارۆى ئابوورى بخرێتە سەر کوردستان، پاشان هێندەى نەخایاند بە دیاریکراوى لە ١ى حوزەیرانی ١٩٦٣ جارێکى دیکە شەڕ دەستى پێکردەوە، یەکێک لەو شەڕانەى کە لێرەوە دەمانەوێ لە سەرى بدوێین هێرشى سەر گوندى باوەخۆشین بوو لە نزیک دەربەندیخان، دواى ئەوەى کەوا هێزى پێشمەرگەى قەرەداغ هەواڵى پێگەیشت کە هێرشى سوپاى عێراق بە ئامانجى داگیرکردنى گوندى ناوبراو دەستى بە جووڵە کردووە، دەستبەجێ دەستیان بە ئامادەکارى کرد بۆ ڕووبەڕوونەوەى پەلامارى سوپا.

کاتژمێر ٨ى بەیانى لە ٤ى ئابى ١٩٦٣ سوپاى عێراق لە دەربەندیخانەوە هێرشەکەى دەست پێکرد، بەر لە دەستپێکردنى هێرشى پیادە تۆپبارانێکى چڕی ناوچەکەى کرد، وا دیارە پێشمەرگە بە جۆرێک خۆی ئامادە کردبوو کەوا نەهێڵن سوپا بگاتە گوندى باوەخۆشین و گوندى گوڵان، کاتێک کە هێرشى زەمینى سوپا دەستى پێکرد شەڕێکى سەخت لە نێوانیاندا هاتە ئارا، دواى دوو کاتژمێر شەڕوپێکدادان سوپاى عێراق بە جۆرێک تێکشکا ناچار بە کشانەوە بوو بۆ سەربازگەى دەربەندیخان، سەرەڕاى ئەوەى کە زیانى زۆرى لێکەوت، هێزى پێشمەرگەش تەنها دوو بریندارى هەبوو.


سەرچاوەکان: 

١- هۆشەنگ صالح نەجار، شۆرشى ئەیلوول لە رۆژنامە و بڵاوکارەو عێراقیەکاندا ١٩٦١ – ١٩٧٦، چاپخانەى دانشفەڕ، هەولێر – ٢٠٢٣.

٢- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.

٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چ: یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٤- خۆشەوى عەلى کانیە لنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قادر حەمەد سورچى،  چاپخانەى دانیشفەر، چاپى یەکەم، هەولێر - ٢٠٢٣.

 


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر