شەڕى دەشتمرێ ١٩٨٧

شەڕی دەشتمرێ چالاکییەکى پێشمەرگە بوو بەرانبەر بنکەیەکى سەربازیی سوپاى عێراق و تێیدا هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆ لە شەوى ٩ لەسەر١٠ى شوباتى ١٩٨٧، هێرشیان کردە سەر ڕەبایەیەکى سوپاى عێراق لە نزیک گوندى دەشتمرێ لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان و بە ماوەیەکى کەم توانیان بچنە ناو بنکە سەربازییەکە.


ئیدریس بارزانی، سەرکردەیەکی کاریگەر و شوێنپەنجە دیاری شۆڕش، لە ٣١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٧ کۆچی دوایی کرد و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە شۆڕش و خەباتى بزاڤى ڕزگاریخوازى کوردستان کرد، بەمەش پرسە و ماتەم باڵی کێشا بەسەر سەرکردایەتى شۆڕش و هێزى پێشمەرگەدا. ڕژێمی بەعس ئەمەی بە دەرفەت زانی و ویستى ئەو دۆخە بقۆزێتەوە و کەوتە جموجۆڵ بە نیازى ئەنجامدانى هێرشێکى بەربڵاو بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتی شۆڕش، سەرکردایەتى شۆڕش کە درکى بەمە کرد، بۆ تێکدانی پلانەکەی دوژمن بڕیاریان دا ڕیزەکانی هێزى پێشمەرگە پتەوتر بکەن و چالاکییەکانیان بەرفراوانتر بکەن.

دیارە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەى سەرکردایەتى شۆڕش هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیى محەمەد مراد پلانیان بۆ ئەوە دانا چالاکییەک لە ناو جەرگەى دەسەڵاتى حکومەت ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەى وا پیشان بدەن بە لەدەستدانى هەر سەرکردەیەکى شۆڕش چالاکییەکانى پێشمەرگە نەک ناوەستێ، بەڵکو فراوانتر دەبێ. بۆ ئەم مەبەستە خۆیان خزاندە لاپاڵەکانى گوندى دەشتمرێ و ڕەبایەیەکى سەربازییان دەستنیشان کرد کە دەیڕوانییە سەر گوندەکە لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان تاوەکو بیکەنە ئامانجی چالاکییە.

شەوى ٨ لەسەر٩ی شوباتى ١٩٨٧ هێزەکەى پێشمەرگە جووڵەیان کرد و گەیشتنە شوێنى مەبەست، بەڵام گرفتێکى گەورەیان هاتە پێش، بە هۆیەوە ئەستەم بوو بە ئاسانى بتوانن پلانەکەیان وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، ئەویش هەبوونى چەند ڕیزێکى مین بوو لە دەوروبەرى ڕەبایەکە کە بۆ پاراستنى لە مەترسیی هێرشى پێشمەرگە چێنرابوون، بۆیە دەستپێکى کارەکە بریتى بوو لە هەڵگرتنەوەى مینەکان، بۆ ئەمەش چەند پێشمەرگەیەکى شارەزا لە هەڵگرتنەوەى مین کارەکەیان ئەنجام دا. دواى هەڵگرتنەوەى دوو ڕیز مینی دەوری ڕەبایەکە، پێشمەرگەکان بۆ بەریبەیان گەڕانەوە بارەگاکانی خۆیان. هەرچەندە ئەو شەوە بارانێکى زۆریش دەبارى، بەڵام پێشمەرگەکان هیچ باکیان پێى نەبوو و کارەکەیان بەسەرکەوتوویى ئەنجام دا و سەرووى خۆیان لێی ئاگادار کردەوە(مراد، ٢٠٠٧، ١٣٨).

دواى تاوتوێ کردنى پلانى ئەنجامدانى هێرشەکە لەگەڵ لێژنەى ناوچەى زاخۆ، ڕایان وابوو کە کارێکى گرنگە و پەلە بکەن لە جێبەجێ کردنى، بۆیە شەوى پاشتر ٩ لەسەر١٠ی شوباتى ١٩٨٧ کاتژمێر (١٠)ى شەو هێزەکەى پێشمەرگە خۆیان لە ڕەبایەکە نزیک کردەوە، بە یەکەوە لە یەک کاتدا بە ئاڕ. پى. جى و  چەکى دەستیان بۆ ماوەى ١٥ خولەک دەستڕێژى گوللەیان بەسەر ڕەبایەکەدا باراندن، ئەو ناوەیان لە سەربازانى ناو ڕەبایەکە کردە ئاگر و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان لە تەلی دڕکاوی (تێلدڕی) ڕەبایەکە دەرباز بن و بەسەر دیوار و بەربەستەکان سەرکەون و بچنە ناو بنکە سەربازییەکە.  لەم کاتەدا ڕەبایەکانى دەوروبەر و فیرقەى (٣٨) لە دۆخەکە ئاگادار بوونەوە، لە هەموو لایەکەوە بە چەکى قوڕس و سووک گوشاریان خستە سەر هێزى پێشمەرگە، لە ئەنجامدا لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا دوو پێشمەرگەی لێژنەی ناوچەی زاخۆ بە ناوەکانى ئیسماعیل سیڤۆ و خەلیل شینۆ شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.

پاش سەرکەوتنی پێشمەرگە لە پێکانی ئامانجەکەیان و گەیاندنی پەیامی بەردەوامیی شۆڕش بە دوژمنان، کشانەوە و بۆ بەیانی گەیشتنەوە گوندى چەم باهیڤى و دواتر شەهیدەکانیان بۆ گوندى پیرەکاو گواستەوە و هەر لەوێ بە خاک سپێردران.

دواى چەند ڕۆژێک سوپاى عێراق هێرشێکى فراوانى بۆ سەر ناوچەکە بە پشتیوانى چەکى قوڕسى وەک تۆپى دوور هاوێژ و فڕۆکەى جەنگى دەستپێکرد، بەڵام هێزى پێشمەرگە پێشیان پێ گرتن و بە توندى بەرپەرچیان دانەوە، دواى بەرگرییەکى بەهێز نەیانهێشت پێشڕەوى بکەن بۆ داگیرکرنى ناوچەکە و هێرشەکەیان تێکشاندن. 


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

٢- مراد، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

٣- محمد، کاروان جوهر، ئیدریس بارزانى (١٩٤٤-١٩٨٧) ژیان و ڕۆڵى سیاسى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هیڤى، هەولێر – ٢٠١٩. 

٤- شیمال زێباری، هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥.


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر