ژیاننامە
ساڵی ١٩١٥ له گوندی بێسترێى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه. پاش نسکۆى شۆڕشى دووەمى بارزان و چوونیان بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان و پاراستنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان، هه‌ردوو هاوژینەکەى له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی كۆچی دواییان كردووه. شەریف لەشکرى له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی په‌یمانگاى له به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوە، هەردوو زمانى كوردی و ڕووسی زانیوە، ساڵی ١٩٦٧ كاتێك له ئه‌رك بووه به جه‌ڵته‌ی دڵ له سه‌ری به‌ردی كۆچی دوایی كردووه و له گوندی موسهكا به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
شەریف لەشکرى بەر لە هەڵگیرسانى شۆڕشى دووەمى بارزان، ساڵی ١٩٤٢ ئه‌شقیا بووه، ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، به‌شداری شه‌ڕی دۆڵی نارێی كردووه، له ٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌م به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و له ٢٠ تشرینی یه‌كه‌میش به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شێروانى کردووە. هەروەها له ٨ی ئابی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مێرگه‌سۆر و له ١٢ ئهیلوول به‌شداری شه‌ڕی سه‌ری ئاكرێی كردووه و له‌م شه‌ڕه به سه‌ختی بریندار بووه. له ١٩ی ئابی هەمان ساڵ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه.
دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ناوبراو له‌گه‌ڵ دوو برای به‌ناوه‌كانی ئه‌حمه‌د له‌شكری و به‌درۆ له‌شكری له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان بووەتە پێشمەرگە، به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی قه‌ڵاتان، كهلاشێ و پیرانشارى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان كردووه، له ٢٩ی نیسانی هەمان ساڵ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى له ناوچه‌ی سه‌قز کردووە.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ڕێكه‌وتی ٣ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌لۆس و له ١٣ له‌سه‌ر ١٤ ئادار به‌شداری شه‌ڕی گوجار و له ڕێكه‌وتی ١٩ ئادار به‌شداری شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆى کردووە. هەروەها شەریف لەشکرى له ڕێكه‌وتی ٢٤ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی قارنه‌ى له ناوچه‌ی خانێ و له ٢٥ ئادار به‌شداری شه‌ڕی هه‌ڤرس و هه‌له‌جی كردووه.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ١٥ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشداریکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی لۆلان، مهیدانۆك، زێلكۆكا، مرێبا، چیای مه‌تین، ئه‌ترۆش، گڕكال، باڵه‌كیان، بادلیا، باڵه‌كیان و گه‌رووی عومه‌ر ئاغای كردووه، ساڵی ١٩٦٢سهرلق بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - 2015ز).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - 2013ز).
-
شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - 1996ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری – 2001ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره 154، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، 15 نیسانی 1959.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی نادیار - 2012ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز).
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان