شێخ وەسمان محەمەدئەمین

شێخ وەسمان محەمەدئەمین (١٩٢٠-١٩٨٣)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) کردووە و پلەی سەرپەل بووە.


ژیاننامە

شێخ وەسمان محەمەدئەمین، ساڵى ١٩٢٠ لە قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە، خێزاندار بووە، ساڵى ١٩٧٨ لەلایەن حکومەتى عێراقى بۆ کۆمەڵگاى زۆرەملێیى قوشتەپە ڕاگوێزراون، له‌ ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالکردنى بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق له‌ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په‌ شوێنبزر کراوە. زمانى کوردى و ڕووسى زانیووە.  


خەباتنامە

له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌. 

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد. 

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون. 

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.  

 ساڵی ١٩٦٤ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه‌ و سه‌رپه‌ل بووه و له‌ شه‌ڕه‌كانی به‌شدار بووه‌‌، له‌ ٣١ ته‌مووزی ١٩٨٣ له‌ ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی له‌ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په‌ (هه‌ولێر) شوێنبزر ده‌كرێت.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ڕێكارێ مزویری، سه‌ربۆرا تراژیدیایێن بارزانییان، چاپا یه‌كێ، (هه‌ولێر - چاپخانا حاجی هاشم - 2013ز).

  2. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژووی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - 2013ز).

  3. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).

  4. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).

  5. لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).

  6. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).

  7. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز).

  8. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


بابەتی پەیوەندیدار

یوسف عه‌بدولڕە‌حمان عیسا

یوسف عه‌بدولڕە‌حمان عیسا، ناسراو به‌ (یوسف سه‌فتی)، هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەکانى سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦) بووە.

زانیاری زیاتر

محه‌مه‌د عادۆ خدر

محه‌مه‌د عادۆ خدر دۆڵه‌مه‌ری، ناسراوه‌ به‌ (تۆینار)، هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان(١٩٧٩- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ خەڵکى باشوورى کوردستانى کردووە.

زانیاری زیاتر

كه‌كۆ حوسێن خان میر عه‌بدوڵڵا

كه‌كۆ حوسێن خان میر عه‌بدوڵڵا، ناسراوه‌ به‌ (كه‌كۆ كه‌لۆكی)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، رێره‌وه‌مێژووییه‌كه‌ی بارزانی(١٩٤٧) و شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول(١٩٦١- ١٩٧٥).

زانیاری زیاتر

عەلی شەعبان

عەلی شەعبان، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە.

زانیاری زیاتر

موراد ئاغا شێخۆ

موراد ئاغا شێخۆ ناسراو بە (موراد شێخۆ دۆسکی)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی١٩١٠ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکی ئیستا (ویلایەتی موسڵ) لەدایکبووە، پێشمەرگە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، کۆماری کوردستان لە مەهاباد (٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦- ١٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، ساڵی ١٩٨٤ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر