شۆڕشی یەکەمی بارزان

له‌ ڕێكه‌وتی ١٤ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩١٤ دوای له‌ سێداره‌دانی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه‌، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له‌ ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی دا جێگای برا گه‌وره‌كه‌ی گرته‌وه‌ و بووه‌ ڕێبه‌ری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ناوچه‌ی بارزان.


له‌ ناوچه‌ی بارزان له‌ ساڵانی (١٩٣١-١٩٣٢) شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان به‌ سه‌ركردایه‌تی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی، له‌ نێوان هێزه‌كانی بارزان و هێزه‌كانی حکومەتی عێراق به‌ پاڵپشتی هێزه‌ به‌ریتانیه‌كان به‌رپابوو، دوای چه‌ندین نه‌به‌ردی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا هێزه‌كانی حکومەت توانیان ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌ی بارزاندا بگرن و هێزی بارزان ناچار به‌ ‌پاشه‌كشێ بۆ ناو خاكی توركیا بكه‌ن.

دۆزی كورد له‌ دوای جه‌نگی یەکەمی جیهانی (١٩١٤-١٩١٨) وه‌ك دۆزێكی گرنگ و سه‌ره‌كی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ململانێ و مشتومڕێكی زۆری هه‌رێمی و نه‌ته‌وه‌یی  له‌سه‌ر بوو، ناوچه‌ی بارزانیش وه‌كو هه‌موو ناوچه‌كانی تری كوردستان بێبه‌ری نه‌بوو له‌ كێشه‌ و ململانێكان، له‌ كۆتایی ١٩١٤ حکومەتی به‌ریتانیا بۆی ڕوون بوویه‌وه‌، ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاوپه‌یمانی لاساییكه‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌ نیازه‌ بێته‌ ناو جه‌نگ و خه‌ریكی جموجۆڵه‌ به‌ریتانیاش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌یو‌یست به‌رژەوه‌ندییه‌كانی بپارێزێت، به‌م هۆیه‌ش ناوچه‌ی به‌سڕای داگیركرد، دوای سێ ساڵ جه‌نگ سوپای عوسمانی كۆنتڕۆڵی شه‌ڕی له‌ ده‌ست دا، به‌ریتانیا و ڕووسیا توانیان به‌شێكی عێراق و ئێران داگیربكه‌ن، لە په‌یمانی سایكس پیكۆ له‌ ١٩١٦ ویلایه‌تی موسڵ به‌ر فه‌ڕه‌نسا كه‌وت، دواتر به‌ریتانیا توانی فه‌ڕه‌نسا ڕازی بكات به‌ ئاڵوگۆڕكردنی ویلایه‌تی موسڵ به‌ پشكی به‌ریتانیا. دواتر له‌ ١١ی ئاداری ١٩١٧ به‌ریتانیه‌كان توانیان به‌ سه‌ركردایه‌تی سێر ستانلی مۆد به‌غدا داگیربكه‌ن، له‌ ٣٠ی ئابی ١٩١٨ دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی یەکەمی جیهانی به‌پێی ڕێككه‌وتنامه‌ی مۆدرۆس به‌ریتانیا ده‌توانێت به‌شێك له‌ ویلایه‌تی موسڵ، به‌غدا و به‌سڕا داگیر بكات و شكست به‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی بهێنێت، له‌ تشرینی دووه‌می ١٩١٨ شێخ مه‌حمودی حه‌فید به‌ فه‌رمانی به‌ریتانیه‌كان بووه‌ سه‌ركرده‌ی مه‌ده‌نی ناوچه‌ی سلێمانی و نازناوی نه‌قیبیان پێ به‌خشی، شێخ مه‌حمود وه‌كو نوێنه‌ری كورد داوای مافی كوردی ده‌كرد و كاتێ له‌ ناوچه‌ی سلێمانی شۆڕشی شێخ مه‌حمود له‌ ئایاری ١٩١٩ له‌ دژی داگیركاری به‌ریتانیا به‌رپابوو، شێخ ئه‌حمه‌د هێزێكی بارزانی به فەرماندەیی مستەفا بارزانی نارد بۆ یارمه‌تی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود، داواشی له‌ سه‌رۆك هۆزه‌كان كرد هاوكاری شۆڕشه‌كه‌ بكه‌ن. 

کاتێک شێخ ئه‌حمه‌د، بە فەرماندەیی محه‌مه‌د سه‌دیقی برای بۆ بەرگریكردن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئاكرێ، هێزێکی نارد، له‌ ٤ی تشرینی دووه‌می ١٩١٩ له‌ بۆسه‌یكدا، هەریەک لە كۆڵۆنێل بیڵ و كاپتن سكۆت كوژران، دوای ئه‌م ڕووداوانه‌ به‌ریتانیه‌كان شێخ ئه‌حمه‌دیان به دوژمنێكی سه‌ره‌كی به‌ریتانیا هه‌ژمار ده‌كرد و دەستیان کرد بە هاندانی ئاشوورییه‌كان دژی بارزانییه‌كان، به‌ڵام بێ ئاكام بوون. له‌ ٣ی ئاداری ١٩٢٠  له‌ كۆنگره‌ی سان رێمۆ بڕیاری ئینتداب به‌سه‌ر عێراق درا، دواتریش له‌ بڕیاری كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان عێراق كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئینتدابی به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆكاری هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی نیشتمانی له‌ عێراق.

له‌ ٢٥ی تشرینی ١٩٢٠، له‌ گفتوگۆی نێوان سێر پرسی كۆكس مه‌ندوبی سامی به‌ریتانی له‌گه‌ل عه‌بدولره‌حمان نه‌قیب دا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین حکومەتی كاتی عێراق ڕێککەوتن کرا، ئه‌م حکومەته‌ له‌ هه‌شت وه‌زیر و دوازده‌ وه‌زیری بێ وه‌زاره‌ت پێكهێنرا كه‌ هیچ كوردێكی تێدا نه‌بوو، له‌ ٢٣ی ئابی ١٩٢١ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ كوڕی حوسێن وه‌كو پاشای عێراق ده‌ستنیشان كرا، حکومەتی عێراق له‌ ١٩٢٥ وه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاوی چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م بنكه‌ی پۆلیسی له‌ ناوچه‌ی بارزان دامه‌زراند، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی وای بۆ ده‌چوو ئه‌م هه‌وڵه‌ی حکومەت به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تگوزاری و گرنگی پێدانی ناوچه‌كه‌ بێت،‌ به‌ڵام حکومەت مه‌به‌ستێكی تری هه‌بوو.

 له‌ ١٩٢٥ له‌ باكووری كوردستان شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران سه‌ری هه‌ڵدا، شێخ ئه‌حمه‌د هێزێكی به‌ سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا بارزانی نارد بۆ هاوكاریكردنی شۆڕشه‌كه‌ تا كپكردنی، له‌ ١٩٢٧ حکومەتی عێراقی به‌ریتانی هێرشێكی سه‌ربازیان دژی شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌نجام دا و له‌لایه‌ن بارزانییه‌كانه‌وه‌ قارەمانانە به‌رپه‌رچدرایەوە، له‌ هه‌مان ساڵ حکومەت بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ی بلێ دامه‌زراند. له‌م سه‌روبه‌ندەد كۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی كورد دامه‌زرا و شێخ ئه‌حمه‌د بووه‌ سه‌رۆكی كۆمه‌ڵەكه‌‌، ‌له‌ ٣١ی شوباتی ١٩٢٨ مه‌ندوبی سامی بە مەبەستی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه، مێجه‌ر ویلسۆن دەنێرێتە لای شێخ ئه‌حمه‌د‌.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا شێخ ئه‌حمه‌د نامه‌یه‌ك بۆ مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م ده‌نێرێت و داوای یه‌ك هه‌ڵوێستی  نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب بۆ ده‌ركردنی به‌ریتانیه‌كان له‌ عێراق ده‌كات، شێخ ئه‌حمه‌د مسته‌فا بارزانی برای ده‌نێرێت بۆ لای موته‌سه‌ڕیفی موسڵ به‌ مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕكردنی هێزه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ی بلێ به‌ فه‌وجێكی عێراقی، موته‌سه‌ڕیفی موسڵیش ڕازی بوو، فه‌وجێكی عێراقی به‌ فه‌رمانده‌یی محه‌مه‌د به‌رقی جێگای هێزه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ی بلێی گرته‌وه‌، به‌ریتانیه‌كان به‌م كاره‌ی شێخ ئه‌حمه‌د قه‌ڵس ده‌بن و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ پیلانگێڕان.

 له‌ نیسانی ١٩٣١ شێخ ئه‌حمه‌د داوای سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان كرد، به‌ریتانیه‌كان به‌م هه‌ڵوێسته‌ی شێخ ئه‌حمه‌د زیاتر توڕە‌ ده‌بن، بۆیه‌ ده‌ستیان دایه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ دژی ته‌كیه‌ی بارزان و ڕێبه‌ره‌كه‌ی، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی برادۆستیه‌كان به‌ هاندانی به‌ریتانیا دوو جار له‌ ساڵی ١٩٣١ په‌لاماری ناوچه‌ی هۆزی شێروانی و گونده‌كانی گركال، كۆله‌ك و بابكێ بده‌ن. هێزه‌كانی بارزان به‌ فه‌رمانی شێخ ئه‌حمه‌د جاری یه‌كه‌م له‌ هاوینی ١٩٣١ به‌ سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا بارزانی، له‌ ٢٥ی تشرینی دووه‌می ١٩٣١، جاری دووه‌م به‌ فه‌رمانده‌یی و‌لی به‌گ توانیان هێرشی برادۆستیه‌كان تێك بشكێنن، له‌ سه‌روبه‌ندی ئه‌م ڕووداوانه قایمقامی زێبار هه‌وڵی نێوه‌ندگیری ده‌دات و له‌ ٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٣١ قایمقامی زێبار داوای له‌ شێخ ئه‌حمه‌د كرد كه‌ نوێنه‌ری خۆی بنێرێته‌ لای، شێخ ئه‌حمه‌دیش، محه‌مه‌د سه‌دیقی برای له‌گه‌ل هێزێك نارد کە ئەوکات مستەفا بارزانی به‌ مه‌به‌ستێكی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی بارزان بوو، حكومه‌ت به‌وه‌ی زانی كه‌ گوندی بارزان ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی كه‌می لێ ماوه‌، بۆیه‌ بڕیاری دا هێرش بكاته‌ سه‌ر بارزان.

 له‌ ٩ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٣١ هێزه‌ عێراقییه‌كه‌ لە سێ قۆڵەوە هێرشی كرده‌ سه‌ر گوندی بارزانی، بەڵام بە کوژرانی ١٢٦  سەربازی و بە دیلگرتنی ژمارەیەکیان، شکست بە هێزی هێرشبەر بهێنن، له‌ به‌رامبه‌ر دا هێزه‌كانی بارزان پێنج شه‌هیدیان هه‌بوو، ئه‌م شه‌ڕە‌ به‌ شه‌ڕی به‌رقی به‌گ ناسراوه، ئه‌م نه‌به‌ردییه‌ بووه‌ هۆكاری سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان. دوای ‌ئه‌م شه‌ڕە‌، له‌به‌ر هۆكاری هاتنی وه‌رزی زستان و خه‌ریكبوونی به‌شێكی هێزه‌كه‌یان به‌ شۆڕشی دووه‌می شێخ مه‌حمود، حكومه‌ت به‌ داواكه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د به‌ وه‌ستاندنی شه‌ڕ تا به‌هاری ١٩٣٢ ڕازی بوو، له‌ ماوەی ئاگربه‌ستدا حكومه‌ت توانی چه‌ند ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و سه‌رۆك هۆزی ناوچه‌كه‌ بكاته‌ لایه‌نگری خۆی دژی بارزانییه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ی هێزی زیاتر له‌ ناوچه‌ی ڕواندز، ئاكرێ و ئامێدی. له‌ ١٢ی كانوونی دووه‌می ١٩٣٢، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیاری هێرشكردن بۆ سه‌ر بارزان ده‌دات، له‌ ١٨ی شوباتی ١٩٣٢ نامه‌یه‌ك بۆ حکومەتی توركیا به‌مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له‌ بارزانییه‌كان بۆ ناو خاكی توركیا ده‌نێرێت، دوای ئه‌م هه‌ڵویستانه‌ شێخ ئه‌حمه‌د درك به‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌ت نیازی خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هێز كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر بارزان.

 له‌ ١٠ی ئاداری ١٩٣٢ حکومەت په‌یامێك ئاراسته‌ی شێخ ئه‌حمه‌د ده‌كات و داوای لێده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر قایمقامی زێبار(بلێ) ئاماده‌بێت و تەنیا ماوه‌ی دوو ڕۆژ مۆڵه‌تیان بۆ ئاماده‌بوون و ڕازیبوونی به‌ دامه‌زراندنی بنكه‌ی میری له‌ ناوچه‌ی بارزان پێدابوو‌، شێخ ئه‌حمه‌د ئاگاداری نیازی حکومەت بوو، بۆیه‌ داواكارییه‌كه‌ی‌ ڕە‌تكرده‌وه‌، دوای ڕە‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌، حکومەت ڕێگه‌ی پیاده‌ به‌ پاڵپشتی هێزی ئاسمانی به‌ریتانیا له‌ سێ لاوه هێرشی کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرگریکردن،  هێزی بارزانییه‌كان به‌ سه‌ر سێ به‌ره‌ دابەش ببوون، به‌ره‌ی مێرگه‌سۆر-شێروان به‌ سه‌ركردایه‌تی مستەرفا بارزانی، به‌ره‌ی باڵندا-ئامێدی به‌ سه‌ركردایه‌تی محه‌مه‌د سه‌دیق و یاریده‌ده‌ری حاجی ته‌ها ئاكره‌یی، هێزێكیش به‌ سه‌ركردایه‌تی شێخ ئه‌حمه‌د له‌ بارزان مایه‌وه‌. له‌ ١٨ی ئاداری ١٩٣٢ یه‌كه‌م پێكدادان له‌ نێوان هه‌ردوو به‌ره‌دا له‌ كۆركێ ڕوویدا، هێزی حکومەت شكا و پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ مێرگه‌سۆر. له‌ ڕۆژی ٣ی نیسانی ١٩٣٢، شه‌ڕی دۆڵا ڤاژێ ڕوویدا به‌ به‌شداری هێزی دای له‌ به‌رامبه‌ر هێزی بارزان له‌ قۆڵی مێرگه‌سۆره‌وه بۆ دۆڵی ڤاژێ و مامیسك، زیانه‌كانی هێزی حکومەت له‌م شه‌ڕە‌دا گه‌یشته‌ ٢٥٣ كوژراو و بریندار و به‌دیل گرتنی چه‌ند سه‌ربازێكی حکومەت، له‌م شەڕەدا لەشکری بارزان ١٣ شەهید و ٣٤ برینداری هەبوو، دوای شكستی سوپای عێراق له‌ هه‌موو قۆڵه‌كانه‌وه‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی به‌ریتانیا به‌ سه‌ختی بۆردومانی ناوچه‌ی بارزانیان ده‌كرد، له‌ ٢٧ی نیسانی ١٩٣٢ فڕۆکەیەکی به‌ریتانی له‌ ئه‌نجامی پێكانی له‌لایه‌ن بارزانییه‌كانه‌وه‌ تێكده‌شكێت، فرۆكه‌وانه‌كه‌ و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی له‌ شێروان مه‌زن ده‌ستگیر ده‌كرێن، شێخ ئه‌حمه‌د داوای ناردنی پزیشكی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی دیله‌كان، له‌ ٣ی ئایاری ١٩٣٢ كاپتن هۆڵت به‌ یاوه‌ری پزیشك و زمانزانێك ده‌گه‌نه‌ لای شێخ ئه‌حمه‌د، شێخ ئه‌حمه‌د و كاپتن هۆڵت گفتوگۆ ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ هێرشی حکومەت، ڕێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر ئازادكردنی ٢٥ بارزانی كه‌ سه‌دیق ئاغای ئۆره‌ماری له‌ به‌ره‌ی ئامێدی ڕاده‌ستی حکومەتی كردبوون، له‌ به‌رامبه‌ردا فڕۆكه‌وانه‌كه‌ و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ ئازاد بكرێن.

له‌ كۆتایی ئایاری ١٩٣٢ شێخ نووره‌دین بریفكانی سه‌ردانی شێخ ئه‌حمه‌د ده‌كات و داواكاری حکومەت ده‌گه‌یه‌نێت، مه‌رجی حکومەت ئه‌وه‌ بوو گفتوگۆ له‌ گوندی هۆستان له‌ نزیك فه‌وجێكی عێراقی ئه‌نجام بدرێت، شێخ ئه‌حمه‌د داواكه‌ی ڕە‌تكرده‌وه‌ به‌هۆی بێ متمانه‌یی به‌ حکومەت و به‌ریتانییه‌كان، دوو ڕۆژ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخ نووره‌دین بریفكانی هێرشی فڕۆكه‌ی به‌ریتانی به‌ چڕی ده‌ستی پێكرد، ئه‌م هێرشانه‌ وای كرد خه‌ڵكی گونده‌كان په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر ئه‌شكه‌وته‌كان و‌ گونده‌كان چۆڵبكه‌ن، ئه‌م هێرشانه‌ بوونه‌ هۆی وێرانبوونی ٧٩ گوند و سووتان و خاپوور بوونی ١٣٦٥ خانوو، دوای ئه‌م بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ شێخ ئه‌حمه‌د له‌ ١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ پیاوه‌ دیاره‌كانی وه‌كو و‌لی به‌گ، خه‌لیل خۆشه‌وی، ئه‌حمه‌د نادر، عه‌بدوڵا كركه‌‌مۆیی، حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌مینی كۆكرده‌وه‌ بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌كه، بڕیاردرا به‌ پاشه‌كشه‌كردن ‌بۆ توركیا، له‌ ١٠ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ هه‌موو خێزانه‌كان له‌ دۆڵی زێت و گونده‌كانی ده‌وروپشتی خڕبوونه‌وه‌ و ئاماده‌بوون بۆ چوونه‌ ناو خاكی توركیا. به‌ڵام پێش چوونیان شێخ ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ پیاوه‌ دیاره‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌نجام دا و هه‌ندێك بڕیار هاتنه‌دان، له‌وانه‌ش كه‌مترین خێزان بچنه‌ ناو توركیا و ئه‌وانه‌ی مه‌ترسیشیان له‌سه‌ر نییه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ گونده‌كانیان و هه‌ندێك چه‌ك ڕاده‌ستی حکومەت بكه‌نه‌وه‌، نزیكه‌ی ٢٠٠ تا ٣٠٠ كه‌س به‌ فه‌رمانده‌یی خه‌لیل خۆشه‌وی، ئه‌حمه‌د نادر، عه‌بدوڵا كركه‌مۆیی و حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌مین له‌سه‌ر سنووری نێوان گونده‌كانی گه‌ردیان به‌ چه‌كی زیاده‌وه‌ بۆ كاتی پێویست بمێننه‌وه‌ و به‌رده‌وامی بده‌ن به‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری و پارێزگاریكردن له‌ خێزانه‌ ئاواره‌كان تا ده‌ر‌باز بوونیان بۆ ناو توركیا.

 له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ ده‌سته‌ی پۆل به‌ یاوه‌ری جاشه‌كانی كه‌لحێ ڕێكانی په‌لاماری ناوچه‌ی مزوورییان دا و شكستیان هێنا، له‌ ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ سوپای عێراق پێشڕە‌وی كرد بۆ شێروان مه‌زن، له‌ ڕۆژانی ١٩تا٢٠ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ په‌لاماری دۆڵی زێتیان دا و شكستیان هێنا و ٧٥ كوژراویان هه‌بوو. له‌ ٢٠ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ محه‌مه‌د سه‌دیق و حاجی ته‌ها ئاكره‌یی ڕە‌وانه‌ی گوندی گرانه‌ كران بۆ وتووێژكردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومەتی توركیا بۆ ڕێكخستنی ڕێكاره‌كان بۆ چوونه ‌ناوه‌وه‌ی خێزانه‌ بارزانییه‌كان بۆ ناو توركیا و حکومەت ڕه‌زامه‌ندی نیشان دا به‌ مه‌رجێك چه‌كه‌كانیان ڕاده‌ستبكه‌ن. له‌ ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ بارزانییه‌كان چوونه‌ ناو خاكی توركیا، له‌ ٢٢ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ شێخ ئه‌حمه‌د چووه‌ ناو خاكی توركیا، به‌ پاشه‌كشه‌یان شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان كۆتایی پێهات، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری به‌رده‌وام بوو، دوای ئەوەی چوونە ناو خاكی توركیا شێخ ئه‌حمه‌د، حاجی ته‌ها ئاكره‌یی و عه‌لی مح بارزانی گواسترانه‌وه‌ بۆ ئه‌نقه‌ره‌، مسته‌فا بارزانی و محه‌مه‌د سه‌دیقیش بۆ ئه‌رزه‌رووم‌.

له‌ دوای چوونی بارزانییه‌كان بۆ توركیا حکومەتی عێراق باڵا ده‌ستی خۆی له‌ ناوچه‌ی بارزان سه‌پاند و چه‌ند بنكه‌ و باره‌گای پۆلیس و سوپایی له‌ ناوچه‌كه‌ دامه‌زراند، تا به‌هاری ١٩٣٣ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان كه‌م بوونه‌وه‌، دوای په‌یمانێكی سێ قۆڵی له‌ نێوان توركیا و عێراق و به‌ریتانیه‌كان، حکومەتی توركیا شێخ ئه‌حمه‌دی ڕاده‌ستی حکومەتی عێراق كرده‌وه، ئه‌مەش‌ ناڕە‌زایه‌تی خه‌ڵكی بارزان لێکەوتەوە و خاكی توركیایان جێهێشت و گه‌ڕانه‌وه‌ بارزان، له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانییه‌كان له‌ كۆتایی ئابی ١٩٣٣ حکومەتی عێراق ترسی لێ نیشت به‌وه‌ی دووباره‌ بارزانییه‌كان شۆڕش ده‌ست پێبكه‌نه‌وه. بۆیه‌ شێخ ئه‌حمه‌دیان ئازادكرد، له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی شێخ ئه‌حمه‌د به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابوو به‌ حکومەت كه‌ مسته‌فا بارزانی بنێرێت بۆ موسڵ، له‌ به‌رامبه‌ردا حکومەتیش بڕیاری لێبووردنی گشتی دا بۆ بارزانییه‌كان جگه‌ له خه‌لیل خۆشه‌وی.

پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م شێخ ئه‌حمه‌د بانگهێشتی موسڵ كرا، پاش چوونی شێخ ئه‌حمه‌د نێردراوێكی خۆی له‌ موسڵه‌وه‌ نارد بۆ بارزان به‌ مه‌به‌ستی بانگهێشتكردنی مسته‌فا بارزانی، دوای چوونی مستەفا بارزانی هه‌ردووكیان ده‌ستبه‌سه‌ر كران و محه‌مه‌د سه‌دیق، بابۆ، منداڵه‌كانی شێخ عه‌بدولسه‌لام و هه‌موو خێزانه‌كانیان بانگهێشتی موسڵ كرد، دواتریش به‌ تێكڕا گواسترانه‌وه‌ بۆ خوارووی عێراق، له‌ دوای گه‌یشتنی ئه‌م هه‌واڵانه‌ خه‌لیل خۆشه‌وی و ئه‌حمه‌د نادر و عه‌بدولأ كركه‌مۆیی وه‌كو هه‌ڵسوڕێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری بارزان كه‌ دوای شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان له‌ ناوچه‌كه‌ مابوو‌نه‌وه‌، په‌نایان برده‌ به‌رزاییه‌كان، دووباره‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان تا شه‌هیدكردنی ئه‌حمه‌د نادر له‌ ئه‌یلوولی ١٩٣٥، شه‌هید كردنی خه‌لیل خۆشه‌وی له‌ شوباتی ١٩٣٦ په‌ره‌یانسه‌ند، به‌م شێوه‌یه‌ شۆڕشی یەکەمی بارزان كپ كرایه‌وه‌، تا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ ساڵی ١٩٤٣.


 سه‌رچاوه‌كان:

  1. مسته‌فا محه‌مه‌د كه‌ریم، پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی ده‌ڤه‌ری بارزان له‌ ماوه‌ی ساڵانی(١٩٠٢- ١٩٣٢)، (هه‌ولێر-چاپخانه‌ی رۆكسانا-٢٠٢٢)،ل١٣٦-١٨٢.

  2. مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد(١٩٣١- ١٩٥٨)، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م،ل٢٤-٥٤.

  3. عبدالعزيز العقيلي, تاريخ حركات بارزان الاولى عام ١٩٣٢, (بغداد-مطبعة الشباب-١٩٥٦).

  4. به‌هرام وه‌له‌د به‌گی، شۆڕشه‌كانی بارزان شێخ ئه‌حمه‌د له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئێران دا(١٩٠٩-١٩٧٠)، به‌رگی یه‌كه‌م، (تاران-چاپخانه‌ی سازمان چاپ ئه‌حمه‌دی-٢٠٢١)،ل١٠٩-١٦١.


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

كۆنگره‌ی یه‌كه‌م یاخود (دامه‌زراندن)ی پارتی دیموكراتی كوردستان - (پارتی دیموكراتی كوردی عێراق - ١٦ی ئابی ١٩٤٦)، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ژه‌نه‌راڵ مسته‌فا بارزانی له‌ بەغدا بە ئاماده‌بوونی ٧٠ نوێنەر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ كوردی باشووری كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی به‌سترا و تێیدا دامه‌زراندنی پارتێكی سیاسی نوێ له‌ باشووری كوردستان ڕاگه‌یه‌نرا.

زانیاری زیاتر