شه‌ڕی زینەتیر

لە زنجیرە شەڕەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای عێراق و له‌ كۆتاییه‌كانی پاییزی ١٩٦٥ سوپای عێراق هێرشێكی به‌ربڵاوی كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌ر چیای به‌نی هه‌ریر و زینه‌تیر...


ئامادەکارییەکان

دواى زیاتر لە ساڵێکی ئاگربەستى نێوان حکومەتى عێراق و شۆڕشی ئەیلوول، ڕژێمى عەبدولسەلام عارف لە بەڵینەکانى ناو ئاگربەستەکە پاشگەز بووە، لە کۆتایی ئادارى ١٩٦٥ جارێکى تر ئاگرى شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاندەوە، کە لەو بڕوایەدا بوون کەرت بوونى پارتى دیموکراتى کوردستان و شۆڕشى کورد کاتێکى گونجاوە بۆ دەستپێکردنەوەى هێرش و پەلامارەکان، بەو پێیەى کە چانسى سەرکەوتنیان زیاتر دەکات. لە پاییزى ١٩٦٥ سوپاى عێراق هێرشێکى گەورەى هێنایە سەر چیاى بەنى هەریر و زینەتیر، شەڕێکى گران بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، کە ژمارەیەکى زۆر لە سەرباز و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) کوژران.

له‌و شەڕەدا تۆپخانەى شۆڕش ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى بینى لە تۆپبارانى هێزەکانى عێراق، بەتایبەتى چادرگە و سەربازگەکانى سوپا لە دەشتى هەریر بە تۆپى ٢٥ ڕەتل کە لە لایەن ئەفسەرى تۆپخانەى شۆڕش ملازم خدر عەبدوڵا دەباغ سەرپەرشتى دەکرا، توانى زیانێکى گەورە بە سوپاى عێراق بگەیەنێ و پەشێوییەکى بێ ئەندازە لە سەربازگەکان بنێتەوە، ئه‌وەش لە ستایش و دەستخۆشى فەرماندەى پێشمەرگە یونس ڕۆژبەیانى لە بەرەى شەڕەکەدا دەردەکەوێ کە بە بێتەل سوپاسیان دەکات و دەستخۆشیان  پێ ڕادەگەیەنێ.  

ساڵى ١٩٦٥ و ساڵى دواتر لە ساڵە قوڕسەکانی تەمەنى شۆڕش بوون، زۆر شەڕی سەخت ڕوویاندا و سەرکەوتنى مەزنیش بەدەست هاتن، هەر لەو ساڵەدا سەرکردایەتى شۆڕش لە ناوچەى پشدەرەوە گواسترایەوە بۆ ناوچەى باڵەکایەتى تا نسکۆى ساڵى ١٩٧٥، بۆیە حکومەت زۆرینەى هێزوتوانا و قوڕسایی هێرش و پەلامارەکانى زەمینى و ئاسمانى خستبووە ئەو دەڤەرە، بەو نیازەى کە هەرچى زووە بگاتە سەرکردایه‌تى شۆڕش و زەفەرى پێ ببات، تا لە ئاییندەیەکى نزیک هەرەسى پێ بێنێ.

دیارە ئه‌و شەڕانەى لەو ماوەیە ڕوویاندا بۆ ماوەى ساڵێک بەردەوامیان هەبوو، بێ ئەوەى حکومەت بتوانێ سەرکەوتنى یەکلایی کەرەوە بەدەست بهێنێ، هەرچەندە توانى دەست بەسەر هەندێ لە شار و شارۆچکەکاندا بگرێت، بەڵام هێزى پێشمەرگە ناوچە شاخاوییەکانى پێ گونجاوتر بوو بۆ بەرگرى و دەتوانێ زیانى گەورە بە هێزەکانى حکومەت بگەیەنێ بەڵکو هەرواش دەرچوو، بەگشتى له‌و شەڕانەدا سوپاى عێراق زیانى زۆریان بەرکەوت، چەندین تەرمى ئەفسەر و سەرباز لەبەرەکانى شەڕ بەجێمان، دەیان پارچە چەکى جۆراوجۆر کەوتنە دەستى هێزى پێشمەرگە، ئه‌وەش وایکرد کە حکومەت ناچار بێت ژمارەى سەرباز و پێداویستیە جەنگیەکان زیاتر بکات لە بەرەى جەنگدا.              


سەرچاوەکان:      

١- هاوکار کریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، چاپى یەکەم، هەولێر – ٢٠١٢.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

٣- ملازم خدر عەبدوڵڵه دەباغ، تۆپخانەى شۆرشى ئەیلوولى مەزن، چاپى سێیەم، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، هەولێڕ – ٢٠٢٠.

٤- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر - ٢٠١٩.

 


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر