سەعید عەبدولوەهاب شێخ ئۆمه‌ر

سەعید عەبدولوەهاب شێخ ئۆمەر، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى گوڵان بەشداربووە، لە پێشمەرگایەتیدا فەرماندەى بەتالیۆن بووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٨ حوزه‌یرانی ٢٠٠١ له‌ پیرمام كۆچی دوایی كردووه‌.


ژیاننامە

ساڵی ١٩١٨ له‌ گوندی ئه‌رگوشى سه‌ربه‌ ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، له‌ ڕێگه‌ی خوێندنی قورئان و خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی بۆستان و گوڵستان فێری خوێندن و نووسین بووه‌، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت خێزاندار بووه‌ و خێزانه‌كه‌ی ‌ناوی ره‌حیمه‌ عه‌بدوڵا حه‌مید بووە و  دوو كوڕیان هەبووه‌ به‌ناوه‌كانی شاكر سه‌عید (١٩٤٨) و سادق سه‌عید (١٩٤٩)، له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی، ساڵی ١٩٥٢ له‌ زانكۆی تاشكه‌ند وه‌رگیراوه‌ و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ به‌شی جوگرافیا وه‌رگرتووه‌، ساڵی ١٩٥٩ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ به‌شی جوگرافیای كۆلێژی ئاداب له‌ زانكۆی به‌غدا بووە به‌ مامۆستا، له‌ ١٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٠١ له‌ پیرمام كۆچی دوایی كردووه‌.


خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٠ز له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق دەبێتە سه‌رباز، ساڵی ١٩٤٣ له‌ سه‌ربازی هه‌ڵاتووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه‌‌، له‌ ٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ بەشداریى لە گرتنى پۆلیسخانەکانى شانه‌ده‌ر و شێروان مه‌زن و دۆڵی باژێی كردووه‌، له‌ ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه‌ گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه‌. له‌ ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه‌، له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ هێزی بارزان سه‌ر به‌ سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە، له‌ ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی قاراواى له‌ ناوچه‌ی سه‌قزى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌.

 ساڵی ١٩٤٧ دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری له‌ شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی قه‌ڵاتان و ته‌رگه‌وه‌ڕ كردووه‌ و له‌م شه‌ڕه‌ بریندار بووه‌، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

 ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه‌، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی مرێبا و سه‌رسنگی كردووه‌، له‌ ناوچه‌ی بادینان كراوه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن، ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوویکردووەتە‌ ئێران، له‌ كۆمه‌ڵگای زێوه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێ بووه‌ و دواتر گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری ئەسفه‌هان و پاشانیش له‌ نه‌ته‌نز نیشته‌جێ بووه‌، ئه‌ندامی ڕێكخراوی پارتی دیموكرات بووه‌ له‌ شاری ئەسفه‌هان، ساڵی ١٩٨٠ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای زێوه‌ و به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووه‌ و كراوه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن، به‌ شێوه‌ی مه‌فره‌زه‌ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی گه‌لی ره‌ش و كه‌تینه‌ی كردووه‌، ساڵی ١٩٨٣ به‌هۆی به‌ربوونه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی كۆنه‌لاجان ئەژنۆى شكاوه‌.

 ساڵی ١٩٩١ به‌شداریی ڕاپه‌ڕینی له‌ ناوچه‌كانی مێرگه‌سۆر و گوندی ئه‌رگۆش كردووه‌ له‌ ١٦ی ئابی ١٩٩٣ له‌ كۆنگره‌ی یازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان – یه‌كگرتووی له‌ چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له‌ شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌و به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت و شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕین له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه‌، ساڵی ١٩٩٦ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان  و له‌ پیرمام نیشته‌جێ بووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپێدیای  پارتی دیموكراتی كوردستان.
  2. چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه‌ دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.
  3. حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
  4. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پلان دانان، یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌ی خێزانه‌كان و دانیشتوان، هه‌ولێر، ٢٠٠٩ز.
  5. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).
  6. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م)، ص ٢٠٣.
  7. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
  8. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - ١٩٩٦ز).
  9. شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان، ژیان و به‌رخودان د.سه‌عید ئه‌حمه‌د نادر كه‌ مێژوو سه‌روه‌ریی ده‌نوێنی، بڵاوكراوه‌كانی برایه‌تی، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری- ١٩٩٧ز).
  10. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
  11. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
  12. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
  13. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
  14. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
  15. گۆڤاری هه‌تاو، ژماره‌ ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
  16. له‌ چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی به‌ تیكۆشه‌ران و دایكانی شه‌هید ده‌به‌خشێت، گوڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ٨٤، هه‌ولێر، ١ ئه‌یلوولی ١٩٩٦ز.
  17. لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م)، ص ٢٨٨.
  18. محه‌مه‌د ساڵح پێندرۆیی (جگه‌رسۆز)، ژیانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایتی ده‌ڤه‌ری مزووری باڵا، (هه‌ولێر –چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات -٢٠٢٠ز).
  19. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
  20. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).

بابەتی پەیوەندیدار

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

عەبدوڵا عیسا عیسا

عەبدوڵا عیسا عیسا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى شێتنێ لەدایکبووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، ساڵى ١٩٨١ لە سلێمانى لە سێدارە دراوە.

زانیاری زیاتر

غەزالی میرخان غەزالی

غەزالی میرخان غەزالی، ناسراو بە غەزالى ژاژۆکى، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٣ لە گوندى ژاژوک لەدایکبووە، لە شۆڕشی دووەمى بارزان خەباتکار بووە، و لە کۆماری دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریی شۆڕشى ئەیلوول، گوڵانى کردووە، لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەشدار بووە، هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمرە، ئامر هێز بووە لە هێزی کاوە، ساڵى ١٩٩٧ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر