سلێمان ئەسعەد قادر ئەمیر

سلێمان ئەسعەد قادر ئەمیر، لە ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندیی بە شانە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە رێگەی ناوچەی شەقڵاوە كردووه‌، ساڵی ١٩٦١ بۆته‌ پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، زیندانی سیاسی بووە، پلەی ئەندامی ناوچەی وەرگرتوە، لە پێشمەرگایەتیدا جێگری فەرماندی بەتالیۆن بووە، لە ساڵی ١٩٦٧ شەهید بووە.


ژیاننامە

سلێمان ئەسعەد قادر، لە ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی جەمەسۆری سەربە ناحیەی باسرمە لە دایکبووە، تا ئاستی ناوه‌ندی خوێندوویه‌تی، له‌ ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ له‌ گوندی باتاسی سه‌ر به‌ شاره‌دێی حه‌ریر له‌ كاتی ئه‌نجامدانی چاڵاكییه‌ك له‌لایه‌ن سوپای ڕژێمی عێراقه‌وه‌ شه‌هید ده‌كرێت.


خەباتنامە

سلێمان ئەسعەد قادر، لە ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە شانە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە لە رێگەی  ناوچەی شەقڵاوە کە ئەوکات مەلا غەریب بەرپرسی ناوچە بووە، لە ساڵی ١٩٦١ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک روویکردووەتە شارەدێی ڕواندز و چالاکیەکەی ئاشکرا دەبێت و بەهۆیەوە لەلایەن حامیەی رواندز دەستگیر دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی کەرکوک و ماوەی ٢١ مانگ له‌ زیندان ده‌مێنێته‌وه‌، لە ساڵی ١٩٦٣ دوای دانوستاندن و لێکتێگەیشتنی سەرکردایەتی شۆڕش و دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق، برایەکی دەچێتە خزمەت بارزانی نەمر لە گەڵاڵە و نامەیەکی تایبەتی لێ وەردەگرێت بۆ حاکمی سەربازی کەرکوک و بەم شێوازە ئازاد دەبێت، دوای ئازادبوونی و گه‌ڕانه‌وه‌ی راستەوخۆ پەیوەندی دەکاتەوە بە لێژنە ناوچەی شەقڵاوە و پلەی ئەندامی ناوچە وەردەگرێت، له‌ هه‌مان كاتدا به‌ بەهۆی کارامەیی و جوامێرییەوە پلەی جێگری فەرماندی بەتالیۆنی هێزی بێتواتە وەردەگرێت کە ئەوکات عەلی شەعبان فەرماندەی هێزەکە دەبێت، وێڕای ئه‌ركی خۆی بەشداریی کۆمەڵێک چالاکی لەگەڵ لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لە سنووری پارێزگایی سلێمانی، لە شەوی ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ شانە نهێنیەکان دەچێتە گوندی باتاس، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌واڵیان لێ ده‌درێت و ئاشکرا دەکرێن، بۆ ده‌ستگیركردنیان هێزێکی زۆری ڕژێم چواردەوریان دەگرێت، به‌ڵام ئه‌وان رووبەڕووی هێزه‌كه‌ی سوپای عێراقی دەبنەوە و خۆ بەدەستەوە نادەن تا فیشەکیان پێ نامێنێت و شەهید دەبن.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر