ژیاننامە
سلێمان حەکیم یاسین، ساڵی ١٩٢٨ له گوندی پێندرۆ سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه، ساڵی ١٩٣٣ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، دواى ئەوەى شۆڕشی دووەمی بارزان کۆتایی پێدێت و دەچێتە کۆمارى کوردستان لە مهاباد، له‌وێ توانیویەتى تا پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندیی بخوێنیت، لە یەکێتى سۆڤیەت تا ساڵی ١٩٥٠ زمانی ڕووسی و یاسای سیاسی خوێندووه، دواتر لە ساڵی ١٩٥٢ له به‌شی كشتوكاڵی زانكۆی تاشقه‌ند وه‌رگیراوە، دوای ته‌واوبوونی خوێندن به فه‌رمانبه‌ر له ئیداره‌ی كشتوكاڵی تاشقه‌ند دامه‌زراوە، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤێت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ لیدا پێكهێناوه، ساڵی ١٩٥٩ له زانكۆی مسته‌نسه‌ریه بووه بە مامۆستای وانه‌ی ڕووسی و هاوكات مامۆستای به‌شی كشتوكاڵی زانكۆ بووه، له ١١ی ئازاری ١٩٧٠ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوە، ساڵی ١٩٧٧ به‌هۆی كه‌ڵك وه‌رگرتن له لیبۆردنی گشتی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ هه‌ولێر و بۆ جاری دووه‌م له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوەتەوە. له ١٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠١١ له هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
سلێمان حەکیم یاسین ساڵی ١٩٤٥ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه، دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە و پله‌ی ئه‌فسه‌ری پێ به‌خشراوه، به‌رپرسی دابه‌شكردنی ئازوقه و پێداویستیه‌كانی به‌ره‌كانی شه‌ڕی سه‌قز و سه‌رده‌شت بووه، دوای نسكۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان به‌شداری شه‌ڕه‌كانی خاڵاوه و جه‌ڵدیانی كردووه لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی ڕێكانییهكان، زێبارییه‌كان و سیده‌كان، نه‌هله‌ی كردووه، له گوندی گربیش بریندار بووه و له ئه‌شكه‌وتی زوورهگڤانى نزیك ڕێزان چارهسهركراوە، ساڵی ١٩٦٣ به‌شداریی شه‌ڕی شێلهبهرازی كردووه و بۆ جاری دووه‌م بریندار بووه، ساڵی ١٩٧٤ چه‌كی هه‌ڵگرتووه و چووەتە گه‌ڵاڵه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته شانشینی ئێران و له جه‌هروم نیشته‌جێ ده‌بێت.
له ١٥ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له کۆنگرەی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ به‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
-
حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
-
مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
-
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-١٠، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، ٢٠١٦ز.
ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره ٤٢٧-HB، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی سلێمان حەکیم یاسین، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز.