ژیاننامە
له ورمێ (ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان) له‌دایكبووه، زمانی ڕووسی زانیوە، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێران و له كه‌ره‌ج كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤١ سه‌ربازی یه‌كێتی سۆڤیەت بوو كه هاتنه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دواى کشانەوەى لەشکرى سۆڤیەت و ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد، له ٢٨ى ئایاری ١٩٤٧ له گوندی به‌رده‌سوورى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌شداری ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێتی كردووه و له شه‌ڕه‌كانی ڕێڕه‌و به‌شدار بووه، له ١٦ى حوزه‌یرانی هەمان ساڵ کاتێک دەگەنە سەر ڕووبارى ئاراس، به نوێنه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر له رووبارەکە پەڕیوەتەوە بۆ ئه‌وه‌ی بنكه‌ی پۆلیس ئاگاداربكاته‌وه كه مەلامستەفا گه‌یشتووەته سه‌ر رووباری ئاراس و رێگای بدرێت تاكو بپه‌ڕێته‌وه، دواى پەڕینەوەى هەڤاڵانى له ١٨ی حوزه‌یران له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوده‌وڵه‌تی ئێران لەگەڵ یه‌كێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت. ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- سیامه‌ند مه‌حمود سێلكی، كاروانێ سه‌رفه‌رازیێ، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی پاك - ٢٠٠٦).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣).
- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦).
- شه‌وكه‌ت مه‌لا ئیسماعیل حه‌سه‌ن، رۆژانێ له مێژووی شۆرشی ئه‌یلوول، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - نوسینگه‌ی ته‌فسیر بۆ بڵاوكردنه‌وه و راگه‌یاندن - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٧).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
- م.ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د چیچۆ، بۆ مێژوو له یاداشتی محه‌مه‌د چیچۆ پێندرۆیی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی شه‌هاب - ٢٠١٠).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).