داستانی لۆمــانــا - کەڤلەسنێ

دواى شەڕى زاوێتە لە ٥ تا ٦ى کانوونى یەکەمى ١٩٦١ کە تێیدا پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەستهێنا، دواى ئەوەى توانى زیانێکى گەورە بە سوپا و جاشەکان بگەینێ، ئەمە وادەکات پێشمەرگە دەست ...


دواى شەڕى زاوێتە لە ٥ تا ٦ى کانوونى یەکەمى ١٩٦١ کە تێیدا پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەستهێنا، دواى ئەوەى توانى زیانێکى گەورە بە سوپا و جاشەکان بگەینێ، ئەمە وادەکات پێشمەرگە دەست بەسەر شارەدێى سەرسەنگ و دۆڵى زاوێتەدا بگرێ. سەرۆک بارزانى ئەو کاتە لە گوندى ئەلکێشکێ بوو، هەواڵى بۆ هات کە هێزەکانى سوپاى عێراق جموجۆڵێکى زۆر دەکەن و نیازى هێرشێکى بەربڵاویان هەیە بە ئامانجى کردنەوەى ڕێگاى سەرسەنگ و دووبارە دەست بەسەر داگرتنەوەى ناوچەکه‌.


ئامادەکارییەکان

لە ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٦١ هێزەکانى حکومەت، کە پێکهاتبوون لە تیپێکى (سریة) زریپۆش، تیپێکى پیادە لە بەتالیۆنى ٣ى لیواى ١١، کەتیبەیەکى تۆپ هاوێژ، بەتالێۆنى پۆلیس، بەتالێۆنى ٣ لە لیواى یەکى پۆلیس لەگەڵ ٢٠٠ جاشى بەکرێگیراو، ئەم هێزانە لە دهۆکەوە بەرەو ئامێدى بە فەرمانداریەتى عەقید بەشیر ئیبراهیم فەرماندەى بەتالیۆنى ٣ى لیواى ١١ بوو جوڵەیان کرد.

بارزانى ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى بەرەى جەنگى دەکرد و بە پێى تاکتیکێکى سەربازى تۆکمە هێزەکانى بەسەر چەندین سەنگەرى بەرگرى لە مێرگا درێژ تا گوندى لۆمانا و لە گوندى کەڤلەسنێ تا گوندى باگێراى سەروو دابەش کردبوون.  ئامادەکارییەکان لە شێوەى بۆسە و شەڕى پارتیزانىدا بوو لە هەمان کاتدا بە نەخشەیەکى تاکتیکى سەربازییانە پشت بەستوو بوو کە ٢٠٠ پێشمەرگە لە ژێر فەرماندەى مەلا شنى قورتاس بێداروونى لەگەلى قەنتارا تاکو سەرى سواراتوکا لە هەردوو رۆخى بەر ڕێگادا جێگیرکرابوون، هەروەها ٢٠٠ پێشمەرگەی دیکە بە فەرماندەیی حەسۆ میرخان دۆڵەمەرى لە نێوان گۆڕى گاڤانا تاکو مانگێش لە هەردوو ڕۆخى ڕێگاکەدا جێگیر کران، بەم شێوەیە ئەم دوو ڕێگا سەرەکییە بە تەواوى لە ژێر دەسەڵاتى هێزى پێشمەرگەدا بوو.

دواى ئەوەى بارزانی ئاگادار کرایەوە لە هاتنى ئەو هێزە زۆرەى حکومەت، بۆیە فەرمانیدا پێشمەرگە لە پێچەکانى لۆمانا کەمینێک دابنێ، کاتێکیش هێزەکە هات کەوتە ناو کەمینەکەى پێشمەرگەوە و کەسیان لێ ڕزگار نەبوو، یان کوژران، یان بریندار بوون، یان بەدیل گیران، تەواوى کەلوپەلى سەربازیش کەوتە دەستى پێشمەرگە.

جێگاى باسە لەکاتى ڕووبەڕووبوونەوە سەختەکەدا کەشوهەوا لە بەرژەوەندى پێشمەرگەدا بوو، ڕۆژێکى سارد بوو، تەمومژ تەواوى ناوچەکەى داپوشیبوو، فڕۆکە جەنگییەکان سەرکەتوو نەبوون لە بۆمبارانکردنى پێگەکانى پێشمەرگە، چونکە بە هۆى کەشوهەواکە نەیاندەتوانى جیاکارى لە نێوان پێشمەرگە و سەربازەکاندا بکەن، هەروەها بە هۆى نزیکییان لەیەکەوە، بۆیە بێهودە بە ئاسمانى ناوچەکە دەسوڕانەوە.


زیانەکانی دوژمن و دەستکەوتەکانی پێشمەرگە

ئەنجامى شەڕەکە زیانێکى گیانى ماددى گەورەى بۆ حکومەت لێکەوتەوە کە بووە هۆى کوژران و بەدیلگرتنى سەدان سەربازى سوپاى عێراقى کە زۆربەیان لە ڕیزەکانى پۆلیس بوون، هەروەها ٧٦ ئۆتۆمبێڵى بارهەڵگر سووتێنران، دەستکەوتەکانى پێشمەرگەش، ژمارەیەکى زۆرى تفاقى سەربازى لە فیشەک و تەقەمەنى پێویستیترى سەربازى و کۆکردنەوەى ١٥٠٠ پارچە چەکى جیاجیا بوو لە مەیدانى شەڕەکە دەستى بەسەر داگیرا.  لەبەر ئەوەى ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانى هۆزەکانى بادینان لە نێروەیی، بەروارى، سندى، دۆسکى و گولى تازە هاتبوونە ڕیزەکانى شۆڕش ببوونە پێشمەرگە و چەکیان نەبوو، ئەم دەستکەوتانە وایکرد زۆربەیان ببنە خاوەنى چەك.

زیانەکانى شۆڕشى کوردستان لەو داستانەدا دوو پێشمەرگە گیانییان لە دەستدا بە ناوەکانى خدر کەریم خۆشناو و حەسەن گۆران و بریندار بوونى ١٨ پێشمەرگەى تر.

شایەنى باسە بەشداربوویەکى ڕووداوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم زیانە گیانییە زۆرەى هێزەکانى حکومەت بووە هۆى نیگەرانى و دڵتەنگى بارزانى، تەنانەت گوتبووى سەرباز و پۆلیسەکانیش قوربانیین و ڕۆڵەى ئەو میللەتەن، بە فەرمانى حکومەت هاتوونە بۆ جەنگى ئێمە، بۆیە تا پێتان دەکرێت مەیانکوژن، برینداریان بکەن، لەبەر ئەوە هێزەکەى فەرماندە نەبى سەرئاسن کە ڕێگەى دەربازبوونى لێگرتبوون، لەسەر فەرمانى بارزانى ڕێگاکەى بۆ کردنەوە بۆ ئەوەى پاشەکشە بکەن و خۆیان لە مەرگ ڕزگار بکەن.


دەنگدانەوەی سەرکەوتنی ئەم داستانە

گرنگى تۆمارکردنى ئەم سەرکەوتنەى هێزى پێشمەرگە لە داستانى لۆمانا، شۆڕش چووە قۆناغێکى تازەوە، بووە هۆى بڵاوبوونەوەى گیانى متمانە بەخۆبوون و بەرزبوونەوەى ورەى پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژى هێزێکى گەورەى پڕ چەک لە تەواوى کوردستان بە ناوچەکانى سۆرانیشەوە، هەروەها بۆ یەکەم جار بوو سوپاى حکومەت زیانى وا قورسى لە لایەنەکانى گیانى و ماددییەوە لێبکەوێت، لە لەلایەکى تر تێکشکاندنى بەر بەستى خیانەت و جاشایەتى بۆ ئەو خەڵکانەى لە نێو ئەم چوارچێوەیەدا بوون بیانخاتە نێو بازنەى ڕیسوایی زیاتر و بە کوردستانییان بناسێنێت، هاوکات وەڵامدانەوەیەکى دروستى شۆڕشى کوردستان بوو بۆ لێدوان و کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەى عەبدولکەریم قاسم لە ٢٣ى ئەیلوولى ١٩٦١ کە تێیدا سەرەتا و کۆتایی یاخیبوونى کوردى ڕاگەیاندبوو.

گرنگییەکى ترى ئەم داستانە لەوەدا خۆى دەبینێتەوە بەوەى تەواوى لیوایەکى گەڕۆک تێدا چوو کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەو سەربازانەى لەو شەڕەدا کوژران یان بریندار بوون یان بەدیل گیران هەر یەکەیان خەڵکى شوێن و شارێکى عێراق بوون، ئەوانەى ئازادکران یان بە بریندارى گەڕانەوە هەواڵى شۆڕشى کوردستانیان بە تەواوى عێراقدا بڵاوکردەوە، بەمەش دەنگدانەوەى سەرکەوتنەکە بۆ دۆست و دوژمن لە عێراق و کوردستان دەرکەوت کە شۆڕش لە بەرزکردنەوەى دورشمەکانى ڕاستگۆیە، چونکە جگە لە ئازادکردنى دیلەکان کە ژمارەیان ٣٣٠ کەس بوو، دواى ئەوەى بۆ گوندى کوندەکا بنى لەوێوە ئازاد کران پاشان ڕەوانەى دهۆک کران، بریندارەکانیش دواى ئەوەى تیمارکردن ئازادکران.

دواى ئەو شەڕە حکومەت ناچار بوو داواى دانوستاندن لە مەلا مستەفاى بارزانى بکات، هەر چەندە لە ڕاستیدا ویستى حکومەت بۆ گفتوگۆ پیلانێک بوو بۆ بۆردومانکردنى شوێنى دانوستانەکە لە کاتى بەیەکگەیشتنى سەرۆک بارزانى و فەرماندەى جەحفەلى لیواى ٥ عەقیدى ڕوکن حەسەن عەبود بۆئەوەى بەیەکەوە کۆتایی بە ژیانییان بێت، بەڵام زیرەکى بارزانى دواى ڕاوێژ لەگەڵ فەرماندەکانى پێشمەرگە شوێنى بەیەکگەیشتنەکەى گۆڕى، بەمەش پیلانگێڕیەکەى حکومەت بۆ هەردوولا دەرکەوت و ئاشکرا بوو.


سه‌رچاوه‌كان:

١- عبدالفتاح علي البوتاني، منطقة بادينان 1925 – 1970، ج 2، مطبعة جامعة صلاح الدين، اربيل، 2017، ص 159.

٢- سعيد حمو، مذكرات أمر لواء مشاة، بغداد، 1977، ص 20.

٣- وەصفی حسن ردینى، داستانا لۆمانا – کەڤلەسنێ، چاپخانەى خانى، دهۆک، ل 23 – 24.

٤- هاوکار کەریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، 2012، ل 150 – 151.

٥- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەرییەدا دیوێکى ترى مێژووى شۆرش لە کوردستاندا 1943 – 1991، بەرگى یەکەم، بێ شوێنى چاپ، کوردستان، 2021، ل 224 – 225.

٦- رجب جمیل حبیب، ئامێدى (العمادیة) 1921 – 1975، مطبعة هەوار، دهۆک، 2012، ص 236 – 237.

٧- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، رۆژانێ لە مێژووى شۆڕشى ئەیلول، چاپى دووەم، نووسینگەى تەفسیر، هەولێر، 2006، ل 40.

 


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر