داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...


داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و  لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە و دەستى بەسەر زۆرێک لە شار و شارۆچکەکاندا گرتەوە تا گەیشتە دەربەندى کۆڕێ، لەو ناوچە سەختەدا هێزى پێشمەرگە هێڵێکى تۆکمەى بەرگریی دامەزراند، بۆ ئەوەى نەهێڵن سوپاى عێراق زیاتر پێشڕەوى بکات، ئەوە بوو لە دوو هێرشى بەربڵاوى پیادە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و زریپۆش و هێلیکۆپتەرى جەنگى هێرشی هێنایە سەر شارۆچکەی کۆڕێ بەڵام بە سەختی شکستى هێنا.


پێشهاتەکانى ڕوودانی داستانى کۆڕێ‌

دواى شەڕى هەشت ساڵەى نێوان عێراق و ئێران، ڕژێمى بەعس خۆى وەکو زلهێزێکى جیهانى وێنا دەکرد،‌ لوتبەرزیى و لەخۆباییبوونەکانی سنوورە‌كانی مرۆڤبوونى تێپه‌ڕاندبوو، پێشێلى مافی مرۆڤ لە دەستدرێژى بۆ سەر گیانى هاوڵاتیان، بڕینى سنوورى نێودەڵەتى بە مەبەستى داگیرکارى لە ڕێگەى ئۆپەراسیۆنى سەربازى بە بیانووی ئه‌وە‌ی کە خاوەن هێزێکى زەبەلاحى سەربازى و پێنجەمین سوپاى جیهانە لە ڕووى ژمارە و چەک و چۆڵەوە(گەردى، ٢٠٢١، ٣٠٥ ). ئەمانە  فاكته‌رێكی دیارى پەلاماردانى ڕژێمی بەعس بوو بۆ سەر کوێت لە ٢ى ئابى ١٩٩٠ کە لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا دەستى بەسەر ئەو وڵاتەدا گرت. هەموو ئەمانە سەریان کێشا بۆ دروستبوونی گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتى لە دژى ڕژێم و سەپاندنى بڕیارى ٦٨٧ى نەتەوە یەگرتووەکان بەسەریدا، پاشان خۆى لە قەیرانى ئابووری و هەڵگیرساندنى جەنگى کەنداودا بینیەوە(چارلز تریب، ٢٠١٣، ٣٣٦). شکستى سوپاى عێراق لە بەرانبەى هێزى هاوپەیمانان و لاوازى و بێ متمانەیی سەرانى بەعس لە هەمبەر جەماوەرى عێراق، ڕەوتی ڕووداوەکانى خێراتر کرد و زەمینەى هەڵگەڕانەوە و ڕاپەڕینى بۆ گەلانى عێراق بە گەلى کوردیشەوە بە جۆرێک ڕەخساند کە سڵیان لە بەگژدا چوونەوەى دامودەزگا حزبى و سەربازییەکان لە باشوور و باکوورى ئەو وڵاتەدا نەکردەوە( محمد عزیز، ٢٠٢٤، ٢٢٦) و لە ئەنجامدا و لە بەهارى ١٩٩١ جەماوەر بە گژ سوپا و هێزى چەکدارى و ئەمنىی ڕژێمی بەعسدا چوونەوە و ڕاپەڕینى سەرتاسەریى لێ کەوتەوە(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٥٥). ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ی باشوورى کوردستان وەرچەرخانێکى مێژوویى بوو لە ژیانى گەلى کوردستاندا(بارزانى، ٢٠٢٠، ٤٣).

لە ٥ى ئادارى ١٩٩١ بۆ یەکەم جار بڵێسەى ڕاپەڕین گڕی لە دەزگا حزبى و سەربازییەکانى ڕژێمی بەعس بەردا و سەرەتا لە شاری ڕانیە و پاشان شار و شارۆچکەکانی دیکەى باشوورى کوردستان یەک بەدواى یەک لە بەعس هاتنە دەست و وڵات بەدەریان کردن و لە ٢١ى ئادارى ١٩٩١ شارى کەرکووکیش کەوتە دەستى هێزەکانى شۆڕش و جەماوەرى ڕاپەڕیو(حەمە عەلى، ٢٠١٦، ١٨٦-١٩١). سەرکەوتنە خێراکان ئەوەیان سەلماند کە ئەو ڕاپەڕینە بە گەورەترین شۆڕشى کوردى دێتە هەژمار لە مێژووى بزاڤى ڕزگاریخوازی کوردستان، بەو پێیەى کە بۆ یەکەمین جار بوو کورد بتوانێ تەواوى باشوورى کوردستان بە شارى کەرکووکەوە لە دەستى ڕژێمى عێراق دەربێنێ(قادر، ٢٠٢٢، ٦٢).


لەشکرکێشى سوپاى عێراق بۆ داگیرکردنەوەى کوردستان

سوپا بەزیوەکەى شەڕى کەنداو دواى ئەوەى ئەو هەموو شار و شارۆچکانەى کوردستانى لە دەست دا، بەدواى دەرفەتێکدا دەگەڕا تاکو هێرشى پێچەوانە بۆ سەر کوردستان دەستپێبکات و شار و شارۆچکە لە ئازادکراوەکان بگەڕێنیتەوە ژێر ڕکێفى خۆى، هەرچەندە هێزە کوردستانییەکان کە لە چوارچێوەى بەرەى کوردستانیدا بەرەیەکى شەڕیان پێکهێنابوو، لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا کە هێرش بکەنە سەر سەربازگەى خالید لە کەرکووک، کە هێشتا لە ژێر دەستى سوپاى عێرقدا بوو بەڵام بە هۆى خەمساردى لایەنێکى بەرەى کوردستانى هێرشەکە ئەنجام نەدرا، بە پێچەوانەوە سوپاى عێراق بە تانک و تۆپ و زریپۆش و فڕۆکەى جەنگییەوە بەرەنگارى هێزى پێشمەرگە بووەوە(حەمە عەلی، ٢٠١٦، ١٩٢). لە ٢٨ى ئادارى ١٩٩١ بە سەرپەرشتى و پلانى عزەت دورى و عەلى حەسەن مەجید کە لە لایەن خودى سەدام حوسێن سەرۆکى ئەو کاتى عێراقەوە بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان ڕاسپێردرابوون، یەکەمین هێرشى ڕژێم بۆ سەر پێشمەرگە لە کەرکووکەوە دەستپێکرد(قادر، ٢٠٢٢، ٦٣). لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا  زیانێکى زۆر بەر هێزى پێشمەرگە کەوت و ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و جەماوەری ڕاپەڕیو ،سەربازگەى مەشقى خالید شەهید و بریندار بوون. لە ئەنجامدا سوپا توانى دەست بەسەر شارى کەرکووکدا بگرێتەوە و بۆ گرتنەوەى هەلێر و سلێمانى دەستى بە جووڵە کرد(ئیسماعیل، ٢٠١٩، ٢٥٧).

سوپاى عێراق بە پلانێکى توکمە و توانایەکى سەربازیى زۆرەوە لە فڕۆکەى جەنگى و کاتیۆشا و تۆپخانەى دوورهاوێژ و تانک و زریپۆش لە کەرکووکەوە هێرشى هێنایەوە بۆ سەر کوردستان، هەرچەندە هێزى پێشمەرگە چەندین جار دژە هێرشیان ئەنجامدا بەڵام کاریگەرى ئەوتۆى نەبوو لەسەر وەستاندى شاڵاوى سوپاى عێراق، بەهۆى پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەکان و ناشارەزایى بەشێک لە پێشمەرگەکان لە شەڕی بەرەیی لە لایەک، هەروەها ناهاوتایی لە ڕووى هێز و چەک و تواناى لۆجستى لە لایەکیتر، ناچار بوون کە پاشەکشە بکەن(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٦٦). سوپاى عێراق بەوپەڕی ورە بەرزیەوە بەردەوام بوو لە پێشڕەوى تا زۆربەى ناوچە ئازادکراوەکانیان داگیرکردەوە، ڕەنگە هەر ئەوە هۆکارى شکستى پێشمەرگە نەبووبێ کە باسکران بەڵکو هوکارگەلێکى دیکەش لەو نێوانەدا بوونى هەبوو، وەک ناڕێکى لە دابەشبوونى پێشمەرگە بەسەر سەنگەرەکانى بەرگرى و ملنەدانى پێشمەرگەى هەموو حزبەکان بۆ شەڕکردن، ئەمەش زەمینەى پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراقى فراوانتر کرد.

شایانى ئاماژە بۆ کردنە پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق ترس و دڵەڕاوکێی زۆرى لە دڵی دانیشتوانى شارەکاندا هێنایە ئاراوە، چونکە هاوڵاتییان ئاشنا بوون بە جەوروستەمى ڕژێمی بەعس لە ڕابردوودا و مەترسى ئەوە هەبوو کە هەڵوێستى دوژمنکارانە و پەرچەکردار بەرانبەر جەماوەرى ڕاپەڕیو وەربگرێت بۆیە زۆربەى دانیشتوانى شارەکان بەرەو ناوچە سنوورییەکان کۆچیان کرد و بەمەش کۆڕەوە ملیۆنییەکە دەستىپێکرد (قادر، ٢٠٢٢، ٦٣). به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵکى هەڵاتوو‌ په‌نایان بردە‌ به‌ر هه‌ردوو وڵاتى ئێران و توركیا، کە سنوورەکانیان بۆ پەنابەران واڵا کردبوو(زێبارى، ٢٠١٥، ٥١٧).                                


هێرشى سوپاى عێراق و هێڵى بەرگریى پێشمەرگە

کاتێک کە سوپاى ڕژێمى بەعس سەرکەوتوو بوو لە دامڕکاندنەوەى ڕاپەڕینى باشوورى عێراق، خۆى ڕێکخستەوە بۆ داگیرکردنەوەى کوردستان و دامڕکاندنەوەى ڕاپەڕینى گەلى کورد. سەرەتا دەستى بەسەر شارى کەرکووکدا گرت و پاشان بۆ داگیرکردنەوەى هەولێر و سلێمانى پێشڕەوی کرد. هێزى پێشمەرگە کە لەو کاتەدا لە هێزى حزبەکانى بەرەى کوردستانى پێکهاتبوو، هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە هێرشى سوپاى عێراق لە گوندى شێراوەى نزیک شارۆچکەى پردێ چڕکردەوە(سەیدکاکە، ١٩٩٧، ٢٥٢)، بەڵام لە توانایاندا نەبوو هێرشەکە بوەستێنن بۆیە کشانەوە شارەدێی قوشتەپەى باشوورى هەولێر. سوپاى عێراق لە دەشتى قوشتەپە بە تانک و تۆپ و زریپۆش و فڕۆکەى هێلیکۆپتەر کوێرانە کەوتنە بۆردومانى خەڵکى ڕاکردوو لەو دەشتەدا، هێندەى نەخایاند دەستیان بەسەر قوشتەپەشدا گرتەوە. هێزى پێشمەرگە بەرەیەکى شەڕی نوێیان لە بەرانبەریان دامەزراند تاکو پێشڕەوییەکانى بوەستێنن و شەو ڕووبەڕوویان بوونەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ سوود بوون و دواى ماویەک لەوێشەوە پاشەکشەیان کرد، تا واى لێهات پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق گەیشتە ناو شارى هەولێر و لە ٣١ى ئاداردا بە تەواوى شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٦٧).

بەرلەوەى سوپاى عێراق بگاتە شارى هەولێر هێزەکانى ناو بەرەى کوردستانى بۆ تاوتوێکردنى دۆخی شەڕ و وەستاندنى پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنەکان ڕای جیاوازیان لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەى هێرشى سوپا هەبوو، هەندێکیان پێیان وابووە کە ناتوانن شەڕبکەن و ڕووبەڕووى ڕژێم ببنەوە، بەڵام لایەنێک بۆ موزایەدە و خۆهەڵکێشان ڕاى وابوو کە لە توانیاندا هەیە بەرەنگاى سوپا ببنەوە و بڕیاریدا کە شەڕ بکەن، بەپێی یەکێک لە گێڕانەوەکانى بەرپرسێکى سەربازیى یەکێک لە حزبەکان هاوکات باوەڕی وابوو کە ناتوانن لە ناو هەولێر بەرگری بکەن، بەڵام لەگەڵ بەرپرسى ئەو حزبەى کە دەیوت شەڕ دەکەین سەردانى هێڵى بەرگریى ڕێگاى کەرکووک و دیبەگەیان کرد کە هێزى لێ دانرابوو، بەڵام بینیان یەک پێشمەرگە لە شوێنى خۆیان نەماون و سەنگەریان چۆڵکردووە(سەیدکاکە، ١٩٩٧، ٢٥٢-٢٥٣).

بە پێی ئاماژەى گێڕانەوەیەک هۆکارى دەست بەسەرداگرتنەوەى هەولێر و سلێمانى لەلایەن ڕژێمى عێراقەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى لەو قەبارەیەدا نەبوو کە بتوانێ بەرەنگارى ئەو هێزە زەبەلاحەى ڕژێم ببێتەوە، هێزى جەماوەریش بە باشى ڕێکنەخرابوون بەڵکو بە هەڕەمەکى بەشدارییان دەکرد. لەو کاتەى کە هێزى سەربازى سوپاى عێراق لە کەرکووکەوە بەرەو سلێمانى و هەولێر کەوتەڕێ و پێشڕەوییەکانى خێرا بوون لە بەرانبەر بەرگرى لاوازى پێشمەرگە، زۆربەى دانیشتوان کەوتە ڕاگواستن و دەربازکردنى ماڵ و منداڵەکانیان بەرەو سنوورەکانى ئێران و تورکیا، بەمەش کۆڕەوێکى سەرتاسەرى دەستى پێکرد(ئیسماعیل، ٢٠١٩، ٢٥٧).                

دواى ئەوەى سوپاى عێراق بە تەواوى دەستى بەسەر هەولێردا گرتەوە، لە هەوڵى داگیرکردنەوەى تەواوى شار و شارۆچکەکانى کوردستان بەردەوام بوو. بۆ ئەم کارە فیرقەى ٢٨ بە فەرماندەیى عەمید ڕوکن حەمەد حەمۆ ڕاسپێردرا کە کۆنترۆڵى هاوینەهەوارى پیرمام بکات، ئەوەبوو  لە ٥ى نیسانى ١٩٩١ هێزەکە دەستی بە جووڵە کرد، هێزى پێشمەرگە لە نزیک مەلائۆمەر هێڵێکى دیکەى بەرگریان دانا تاکو پێشڕەوییەکانى سوپا بوەستێنن، بەڵام کەمی ژمارەی هێز و پەرتەوازەیی پێشمەرگە و گوێڕایەڵ نەبوونى بەشێک لە هێزى پێشمەرگە بۆ فەرمانى سەرووى خۆیان، بووە هۆی ئەوەی لەوێش بکشێنەوە بۆ خانزاد لە بنارى هاوینەهەوارى پیرمام. پێشڕەوییەکانى سوپا تا دەهات لە هەڵکشاندا بوو و لە پیرمام نزیک دەبوونەوە، هەرچەندە هێزى بارزان لە بەستۆرە سەنگەریان دامەزراندبوو ویستیان لەوێوە پێش بە سوپا بگرن، بەڵام بەهۆى ناهاوتایی لە ڕووى  هێز و چەک و تەقەمەنییەوە نەیانتوانى ڕێ بە پێشڕەوییەکانی بگرن(قادر، ٢٠٢٢، ٧١).     

بۆ وەستاندنى پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق لەلایەن سەرکردایەتى بەرەى کوردستانى، هەوڵى بەردەوام هەبوو کە نەهێڵن سوپاى عێراق زیاتر بێتە پێشەوە، بۆ ئەوەش لە پیرمام کۆبوونەوەیەکى سەرکردە سەربازییەکانى حزبەکانى بەرەى کوردستانى ئەنجام درا، کە هێڵێکى بەهێزى بەرگرى لە پیرمام دابنێن. لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا کە بەرەى شەڕ دابەشى سەر دوو میحوەر بکرێت لە ڕێگاى سەرەکىی هەولێر_ شەقڵاوە، میحوەری یەکەم خوار سەرى ڕەش بە هێزى یەکێتى نیشتمانى و حزبى سۆسیالیست سپێردرا، میحوەرى دووەم سەرى ئاوڕێژ و گوندى زیارەت بە هێزەکانى پارتى دیموکرات و حزبى شیوعى سپێردرا. بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک هێزى پێشمەرگە لەو شوێنانە مانەوە، بەڵام پێشڕەوییەکانى سوپا بەرەو پیرمام لە بەردەوامیدا بوون تا گەیشتنە لۆفەکانى پیرمام، بەرگرى پێشمەرگەش بەهێز نەبوو کە بتوانێ پێشڕەوییەکان بوەستێنێ، هێڵە بەرگرییەکەى پێشمەرگە لەوێش تێکشکا وپاشەکشەیان کرد بۆ  کۆڕێ.

سوپاى عێراق بەردەوامبوو لە پێشڕەوی و ناوچە بە ناوچە دەستى بەسەردا گیرا، بارودۆخى کوردستان سات بە سات بەرەو خراپتر دەڕۆیشت، تا دەهات خەڵکى بێ هیواتر دەبوون و بە لێشاو ڕوویان لە هەڵاتن دەکرد، سوپاى عێراق لە داگیرکردنەوەى تەواوى کوردستان نزیک دەبوونەوە، پێشمەرگە بەرگریى زۆر لاواز ببوو، مۆڕال و ئومێدى خەڵکى بە جارێک ڕووخابوو، بەهۆى ئەوەى کە لایەنەکان وەک پێویست بەرگریان نەدەکرد، تاکە هێز کە بەرپەرچى هێرشەکەى سوپاى عێراقى دەدایەوە ئەو هێزە بوو کە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا بوون و چەکى دۆشکەیان پێ بوو نەیاندەهێشت هێلیکۆپتەرەکان زیان بە پێشمەرگە و خەڵکى بگەیەنن. تا دەهات سوپا لە پیرمام نزیک دەبوویەوە و لە ٦ى نیسانى ١٩٩١ هێزێکى کەمى پێشمەرگە بە فەرماندەیى دکتۆر سەعید بارزانى و حالى دۆڵەمەرى و چەند یەکەیەکى ترى پێشمەرگە بەرەنگاری سوپاى عێراق بوونەوە، بەڵام نەتوانرا ڕێگرییان لێ بکرێ و ئەو شارۆچکەیەش کەوتە دەست یەکەکانى سوپا. هێزى پێشمەرگە کشانەوە بۆ گوندى حوجران نزیک دەربەندى کۆڕێ و دەکرێت ئەمە  وەکو ستراتیژییەتێکی سەربازى لێکبدرێتەوە چونکە هەڵکەوتەى جوگرافیی دەربەندى کۆڕێ زۆر لەبارتر بوو بۆ ئەو هێزە کەمەى پێشمەرگە بەرانبەر سوپا زبەلاحەکەى عێراق کە هێڵى بەرگرى لێ دابمەزرێنن، هێزى پێشمەرگە دابەشى سەر دوو شوێنى ستراتیژى بوو کە بەرزاییەکانى سەر شارەدێى کۆڕێ لە بەشى ڕۆژئاوا هێزى پارتى لێی دامەزرا، بەرى ڕۆژهەڵاتیش بە هێزى یەکێتى  سپێردرا، هەریەک لە حەمید ئەفەندى لە پارتى و کۆسرەت ڕەسوڵ لە یەکێتى سەرپەرشتیى شەڕەکەیان دەکرد(قادر، ٢٠٢٢، ٧٢-٧٥).  


پێشڕەوییەکانى سوپا بەرەو کۆڕێ

سوپاى عێراق پلانى داگیرکردنەوەى تەواوى شار و شارۆچەکەنى کوردستانى داڕشتبوو، بەو ئامانجەى کە چۆن ڕاپەڕینى باشوورى عێراقى دامرکاندەوە ڕاپەڕینى کوردیش دووچارى هەما چارەنووس بکات، بەڵام شەڕی کۆڕێ لە دیرۆکى بزاڤى ڕزگاریخوازى کورد بووەتە خاڵێکى درەوشاوە و وەرچەرخانێکى مێژوویى، دیارە ئەو شوێنە بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافیی سەختییەوە کە لە بەشى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە زنجیرە چیاى سەخت دەور دراوە، لە هەردوو لایەوە دەڕواننە سەر دۆڵاییەک کە ڕێگاى سەرەکىی هەولێر_شەقلاوەى پێدا تێپەڕ دەبێت. هێزی پێشمەرگە بڕیاری دا بەربەستێکى بەهێز لە بەردەم پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق دروست بکات تاکو نەهێڵن چیتر هێزەکانى ڕژێم پێشڕەوى بکەن، هەڵبەتە سوپاى عێراق دواى ئەوەى دەستى بەسەر هاوینە هەوارى پێرمامدا گرت لە ٧ى نیسانى ١٩٩١ بە هێزێکى زۆرى پیادەى پڕ چەکى پێشکەوتوو کە لە فیرقەیەکى تەواو پێکهاتبوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زریپۆش بەرەو شارەدێى کۆڕێ پێشڕەویى کرد(قادر، ٢٠٢٢، ٧٩).      

  • هێرشى یەکەم:

سوپاى عێراق لە ٧ى نیسانى ١٩٩١ لە شارۆچکەى پیرمامەوە بەرەو شارەدێی کۆڕێ بە تانک و زریپۆشەوە هێرشیان دەستپێکرد، هەر لە پیرمامەوە بێ ئەوەى دووچارى هیچ بەرگریەکى پێشمەرگە ببنەوە پێشڕەوییەکانیان گەیشتنە کۆڕێ. هەر کە گەیشتنە کۆڕێ هێزێکى پێشمەرگەى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرماندەیى دکتۆر سەعید بارزانى و حالى دۆلەمەرى لەسەر ئەو بەرزاییانەی کە دەڕواننە سەر دەربەندى کۆڕێ بە فەرمانى حەمید ئەفەندى بەرپرسى سەربازى میحوەرى شەڕ، بە هێزێکى کەم و تواناى لوجستى کەمەوە بەرەنگاریان بوونەوەو و بەرپەرچى هێرشەکەیان دایەوە و شەڕێکى گەرم دەستى پێکرد، هێزی پێشمەرگە ئامانجەکەی پێکا و بوون بە شوورایەکى بەهێز و پێشڕەوییەکانی سوپایان لەو دەربەندەدا پەک خست و توانیان هێرشەکە تێکبشکێنن(قادر، ٢٠٢٢، ٧٩). لەو شەڕەدا پێشمەرگە زیانێکى زۆری بە سوپاى عێراق گەیاند کە بریتیبوو لە تێکشکانى چوار تانک و زریپۆش و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلى سەربازى(سەیدکاکە، ١٩٩٧، ٢٥٥).        

لەگەڵ تێکشکانى تانک و زریپۆشەکان کە پێشمەرگە لەسەر بەرزاییەکە بە (ئاڕ پی جی) کردنیە ئامانج، لە بەشى خوارەوەش شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەى دەستەویەخە دەستى پێکرد، پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر تانک و زریپۆش و ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکان، لەو گەرمە شەڕەدا پێشمەرگە بێ زیان لێێ دەرچوو، بەڵام هێزەکانى سوپاى عێراق زیاتر لە ١٤ سەربازی کوژراویان هەبوو کە تەرمەکانیان لە مەیدانى شەڕ بەجێما و ژمارەیەکى دیکەشیان لێ بەدیل گیرا.

لەو شەڕەدا پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێنا و دواى ئەم تێکشکانە فەرماندەى فیرقەى سەربازى سوپاى عێراق جەختى لە پێشڕەوى و بەردەوامبوونى هێرش کردەوە، بەڵام بەرگریى پێشمەرگە زۆر بەهێز و دوور بوو لە پێشبینی فەرماندە سەربازییەکانى سوپا، کاتێ کە فەرماندەی فیرقە بۆى دەرکەوت سوپا چیتر ناتوانێ پێشڕەوى بکات، بە ناچارى فەرمانى پاشەکشەى کرد بۆ هاوینەهەوارى پیرمام، بۆ ئەوەی بە پلانێکی توکمەتر و هێرشێکى دیکەى بەهێزتر بۆ دەربەندى کۆڕێ، هێڵى بەرگرى پێشمەرگە تێکبشکێنێ و بگاتە شەقلاوە(قادر، ٢٠٢٢، ٨٠).

کاتێک کە هێزى پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى بەسەر سوپاى عێراقدا تۆمار کرد، زانیارى ئەوە دەست پێشمەرگە کەوت کە سوپاى عێراق پلانى دووبارە هێرشى هەیە بۆ سەر سەنگەرەکانى دەربەندى کۆڕی. سەرکردایەتى کوردیش بەتایبەتى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کە سەرکردایەتى بەرەى کوردستانیشى لە ئەستۆدا بوو، هەموو هەوڵەکانى چڕ کردەوە تاکو بەرەى شەڕ یاخود هێڵى بەرگرى ڕێکبخاتەوە، بۆ ئەمەش داواى لە سەرکردایەتى حزبەکانى بەرەى کوردستان کرد کە هێزەکانى خۆیان بگەڕێننەوە بۆ بەرەى شەڕ و بەسەر هێڵى بەرگریدا دابەش ببن، تاکو بە هەموویان ڕێ لە هەوڵى ڕژێم بگرن کە چیتر پێشڕەوى نەکات و سنوورێک بۆ لوتبەرزییەکانى دابنێن، لەم نێوانەدا چەند هێزێکى ترى پێشمەرگەى حزبەکان گەڕێنرانەوە بەرەى شەڕ.

لە ٩ى نیسانى ١٩٩١  لەسەر پێشنیازى سەرکردەى پێشمەرگە حەسەن نەجار کە بیرى هێرشێکى پێچەوانەى لە خەیاڵدا گەڵاڵە بوو، بۆ نیشاندانى هێز و تواناى پێشمەرگە بە لایەنى بەرانبەر کە لە توانایاندا هەیە هێرش بکەن، نەک تەنیا بەرگری بکەن هەروەها تەکانێک بە ورە و مۆراڵی پێشمەرگەش بدەن کە هێزى دوژمن ئەوەندەش لە ڕادەبەدەر نیە کە پێشمەرگە نەتوانێ زەفەری پێ ببات.

بۆ ئەنجامدانى ئەم هێرشە حەسەن نەجار هێزەکەى دابەشى سەر سێ دەستە کرد:

دەستەى یەکەمیان هێزى پشتیوانى بوو کە پێکهاتبوون لە سەید فاخر و خالید ئەنوەر و سەید ئەسکەندەر، ئەرکیان تۆپبارانکردنى بنکە و یەکەکانى سوپاى عێراق بوو بەرلەوەى هێرش بکەن.

دەستەى دووەمیان بە فەرماندەى زەینەڵ ئەحمەد، ئەرکى ئەوە بوو کەوا هێرش بکەنە سەر ڕەبایەکانى لاى ڕاستى سوپا کە شوێنەکەى زۆر سەخت و ستراتیژى بوو. 

دەستەى سێیەم حەسەن نەجار خۆى سەرکردایەتى دەکرد و پلانەکە وەکو خۆى جێبەجێ کرا.

لەو هێرشەدا تۆپێکى ١٠٦ملم بەکارهات کە ڕۆڵێکى بەرچاو و کاریگەرى بینى لە تێکشکاندنى ورەى سەربازانى سوپاى عێراق چونکە زۆر بە خەستى تۆپبارانى بنکە و بارەگاکانى سوپاى کرد. هەڵمەتى هێرشى پێشمەرگە گەیشتە ناو جەرگەى سوپاى عێراق و چالاکییەکە زۆر بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا. مەبەست لەم هێرشە ئەوە نەبوو کە شوێنە لە دەست چووەکان بگەڕێندرێنەوە بەڵکو زیاتر تاکتیکێکى شەڕ بوو، بۆ دەرخستنى هێز و بازووى پێشمەرگە. لەو هێرشەدا زیانى زۆر بە سوپاى عێراق گەیشت و لە بەرانبەردا پێشمەرگەش بێ زیان لێی دەرچوو(قادر، ٢٠٢٢، ٩٢-٩٣).   

          

  • هێرشى دووەم:

سوپاى عێراق بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەى کە شکاندنى هێڵی بەرگریى پێشمەرگە بوو لە دەربەند و بەرزاییەکانى شارەدێی کۆڕێ، بۆ جارى دووەم تەواوى ئەفسەرانى لیواکان لە ١١ى نیسانى ١٩٩١کۆبوونەوە و بەختى خۆیان تاقیکردەوە و هێرشێکى بەربڵاویان هێنایەوە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە. هێزەکانى بەرەى کوردستانیش کە زانیارى ئەو هێرشەیان لە ڕێگاى ئەفسەرێکى کوردى سوپاوە پێگەشت، بەرپرسە باڵاکانی سەرکردایەتى حزبەکان بە سەرکردایەتى مەسعود بارزانى لە گوندى حوجرانى لە نزیک دەربەندى کۆڕێ بەیەک گەیشتن و بەرەى شەڕیان ڕێکخستەوە و سەنگەرەکانیان بەسەر هێزى لایەنەکاندا دابەشکرد:

  • بەرەى ڕۆژهەڵاتى دەربەندى کۆڕێ بە هێزى یەکێتى نیشتمانى  و حزبى زەحمەتکێشان و پارتى گەل سپێردرا.
  • بەرەى ڕۆژئاواى دەربەند بە هێزى پارتى دیموکرات و حزبى شیوعی و بزوتنەوەى ئیسلامى و حزبى سۆسیالیست و حزب اللە  سپێردرا(سەیدکاکە، ١٩٩٧، ٢٥٦).

بە پێی ئەو نەخشە و پلانەى کە دانرابوو بۆ هێرشى دووەمى سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، لە ١١ى نیسانى ١٩٩١ کاتژمێر ٤:٤٥ خولەکى بەرەبەیان سوپا تۆپبارانێکى چڕى سەنگەرەکانى پێشمەرگەى دەستپێکرد، پاشان بە هێزێکى زۆرەوە بە پاڵپشتى تانک و زریپۆش لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە نزیک بوونەوە، سەرەتا پێشمەرگە وەک ئەوەی پلانى بۆ داڕێژرابوو، خۆیان مەلاسدا تا هێزەکانى سوپا بە تەواوى نزیک بوونەوە، بە جۆرێک ئەفسەر و سەربازانیان شۆک کردبوو کە هیچ بەرگریەک لە ئارادا نیە، بەڵام کە تانک و زریپۆشەکان لە بنارى چیا نزیک بوونەوە، لە ناکاو بە هەموو ئەو جۆرە چەکانەی کە لە دەستیان بوو لە یەک کاتدا لێیان هاتنە دەست و ئاگربارانیان کردن، سوپاى عێراق سەرى لێ شێوا، تانک و زریپۆشەکان و هێزەکەى هێڵى پێشەوە بە تەواوى تێکشکێندرا، سەربازى لیواکانى٤١٢ و ٧٨ پەلەی ڕاکردنیان بوو بۆ دواوە و کوژراوەکانیان لە مەیدانى شەڕ لە قەراغ ڕێگادا جێ دەهێشت(قادر، ٢٠٢٢، ٨٦-٨٧).

سەرەتا هێرشى سوپا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو لە بەرزاییەکانى بەرى ڕۆژئاواى دەربەند و دواى شەهیدبوون و بریندربوونى ژمارەیەک پێشمەرگەى هێزى بارزان چەند شوێنێک کەوتنە دەستى هێزەکانى ڕژێم، بەڵام بەشێکى زۆرى پێشمەرگەکانى هێڵى پێشەوە شوێنى خۆیان جێ نەهێشت و شەڕیان دەکرد و جێگاى ئومێدێکى باش بوون بۆ هێرشى پێچەوانە و گرتنەوەى شوێنە لە دەست چووەکان، پاشان هێزى دیکە بۆ پشتیوانى لە هەموو حزبەکان بە فەرمانى مەسعود بارزانى بەرپرسى بەرەى کوردستانى گەیشتنە بەرەى شەڕ و سەرکەوتنە سەر بەرزاییەکانى ئەرمەوان و شوێنەکانیتر و توانیان لە ماوەیەکى کەمدا ئەو شوێنانە بگرنەوە کە کەوتبوونە دەستى سوپا. دەستەیەکى پێشمەرگە کە حەسەن نەجار سەرپەرشتى دەکردن و تۆپى ١٠٦ملم و هاوەن و بیکەیسی و قەنناسیان لەلا بوو، ڕۆڵێکى کاریگەریان بینى لە تێکشکاندنى ڕیزەکانى سوپا و تانک و زریپۆشەکان(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٧١-١٧٢). قوڕسایی هێرشەکە بە زۆرى بەرى ڕۆژئاواى دەربەندى کۆڕێی گرتبوویەوە و بەرى ڕۆژهەڵات هێرشى ئەوتۆى لەسەر نەبوو تەنیا یەک بەرزایی نەبێ کە لە ڕێگاى سەرەکییەوە نزیک بوو و سەرەتا کەوتە دەستى سوپا بەڵام پاشان هێرش کرایەوە سەرى و هێزەکانى ڕژێمی لێ دەرکرا(سەیدکاکە، ١٩٩٧، ٢٥٧).

شایانى باسە لەو هێرشەشدا پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورە و مێژوویی تۆمار کرد، ڕژێمی عێراقى لەو خەونە بێ ئومێد کرد کە هەوڵى بۆ دەدا و نەیتوانى ئامانجەکەى بپێکێ و زاڵ ببێ بەسەر هێڵى بەرگریى پێشمەرگە و دەستى بە ناوچەکانى دیکە بگات. سەربازان و ئەفسەران لەبەر هاژە و ئاگرباران و دەسترێژى گولە ئۆقرەیان لەبەر بڕا، بەڵکو ڕاکەڕاک و خۆحەشاردانیان لە دەم چۆمەکە لا گرنگتر بوو، بۆیە شکستیان هێنا و سوپاى عێراقیان بە یەکجارى لە سەرکەوتن و گەیشتن بەو ناوچانەى کە پلانى داگیرکردنەوەیان بۆ داڕشتبوو بێ ئومێد کرد و ناچاربە پاشەکشە بوون و زیانێکى زۆریان بەرکەوت لە کوشتیار و برینداربوونى سەربازانیان. هەروەها ژمارەیەک تانک و زریپۆش و چەکى قورس کەوتنە دەستى پێشمەرگە. دواى ئەوەى کە حکومەت دڵنیا بوو لەوەى کە ناتوانێ چیتر پێشڕەوى بە هێزەکانى بکات بۆ داگیرکردنەوى ناوچەکانی دیکەى کوردستان، ئاگربەستى ڕاگەیاند و گفتوگۆ و دانوستان دەستى پێکرد بۆ چارەسەرى کێشەى کورد(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٧٢).   


هۆکارەکانى شکستى سوپاى عێراق لە شەڕی کۆڕێ

ئەگەرچى پێشمەرگە و سوپاى عێراق  لە ڕووى  هێز و چەک و توانا سەربازییەکان بە ئەندازەیەکى گەورە  ناهاوتا بوون، کەچى بە ژمارەیەکى کەمى پێشمەرگە تواندرا بەرسینگى هێزەکانى سوپاى عێراق بگیرێت و دوو هێرشى گەورە و بەربڵاو تێکبشکێندرێ، دیارە سەرکەوتنى پێشمەرگە یان بە پێچەوانەوە شکستى سوپا لەو دوو هێرشەدا دەگەڕێتەوە بۆ چەن هۆکارێک وەک:

١- ڕۆڵى سەرکردە: سەرکردە کۆڵەگەى سەرەکى هێزە بەتایبەت لە جەنگدا، بە بوێری و کارامەیی و لێزانینی بڕیار دەدا و ئەرک و بەرپرسیارەتیەکانى دەخاتە سەر شانى بەرپرسانى خوارەوەى کە بە باشى دەتوانن هەڵیبگرن و لە هەموو بارودۆخێکدا متمانە لە نێوانیاندا هەبێ.  ڕۆڵی مەسعود بارزانى وەک بەرپرسى بەرەى کوردستانى لە شەڕى کۆڕێ کە لە نزیکەوە ئاگادارى بەرەى شەڕ بوو، زۆر گرنگ بوو چونکە بۆ هەموو پێشهاتێک پلان و بەرنامەى هەبوو(قادر، ٢٠٢٢، ١٠٢) و لەگەڵ فەرماندەى لایەنە سیاسییەکان بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو(دۆڵەمەرى، ٢٠٢١، ٢٩٨). هەروەها بۆ ئەوەى هێڵى بەرگرى بەهێز بکەن و ڕێگا لە پێشڕەوییەکانى سوپا  بگرن، ڕۆڵى بێ وێنەى هەبوو لە کۆکردنەوەى هێزى پێشمەرگەى لایەنەکانى ناو بەرەى کوردستانى و دابەشکردنیان بەسەر بەرەکانى جەنگدا، هەروەها ئامادەیی ڕاستەوخۆ و سەرپەرشتیکردنى شەڕ کاریگەرى بەرچاوى هەبوو لە بەرزکردنەوەى ورەى پێشمەرگە، بە تایبەتى لە هەڵوێستێکدا کە ڕایگەیاند (یان دەبێ دوژمن بەسەر لاشەى ئێمەدا بێتەوە کوردستان یاخود ناهێڵین جارێکى تر ژێردەست ببینەوە)(قادر، ٢٠٢٢، ١٠٢).

٢- هەڵکەوتەى جوگرافى هەر ناوچەیەک ڕۆڵ و کاریگەرى گرنگ دەبینێ لە ململانێی شەڕى چەکداریدا. سەرکردەی سەربازى و هێزى چەکدارى کە شارەزاییان لە پلانى جەنگ هەیە هەمیشە لایەنى هەڵکەوتەى جوگرافى بە گرنگ دەزانن بۆ سەرکەوتنى پلانى شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە. دەربەندى کۆڕی کە ڕاڕەوێکى تەسکەبەرە بەو پێیەى کە لە هەموو لایەکەوە بە چیاى سەخت دەور دراوە، فاکتەرێکى بەهێزى سەرکەوتنى پێشمەرگە بوو لە دوو هێرشى بەربڵاوى سوپا بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زریپۆش و توانای لۆجستى زۆرەوە، بە بەراورد بە  هێزێکى کەمى پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی سنووردار، بەڵام ئەزموونێکى دەوڵەمەند لە چالاکى و ڕووبوڕوونەوە لە چیا و دۆڵ و تەپۆلکە بەرزە سەختەکان کە هەمیشە پشت و پەناى پێشمەرگە بوون، لە بەرامبەریشدا بۆ سوپاى عێراق سەخت بوو کە بتوانێ لە ناوچەیەکى سەختى شاخاوى بەسەر پێشمەرگەدا زاڵ بێ(قادر، ٢٠٢٢، ١٠٣).       

٣- بەرزى ورەى پێشمەرگە و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتیمانى و نەتەوەیی، فیداکارى و بەختکردنى گیان لە پێناو بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان، فاکتەرێکى بەهێزى دیکەى سەرکەوتنى پێشمەرگە بوو کە بە کەمینەیەکى بچووکەوە توانى سوپایەکى بێ شومارى پڕ چەک تێکبشکێنێ لە دوو هێرشى گەورەدا، لە هەمانکاتدا وانەیەکى پێبدا  کە ئەستەم بێ جارێکى تر بەو شێوازە خۆى تاقیکاتەوە، بەڵکو پەنا بباتە بەر دانوستان و ڕێگاچارەى ئاشتى بۆ چارەسەرى کێشەکان(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٧٢). 

                   

ئەنجام و لێکەوتەکانى داستانى کۆڕێ:

  • ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنى هێڵى بەرگرى کە فاکتەرى سەرەکى سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەى دوو هێرشى بەربڵاوى سوپاى عێراق کە بە هێزێکى بێ شومار و تواناى سەربازیى زۆرەوە لە کەرکووکەوە دەستىپێکرد تا گەیشتە دەربەندى کۆڕێ، بەڵام لەو شوێنەدا سوپاى عێراق بە جۆرێک شکستى خوارد زاتى ئەوى نەکرد چیتر هێرش بکاتەوە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە(سەیدکاکە، ١٩٩٧، ٢٥٦).
  • شکستى سوپاى عێراق لە بەدیهێنانى خەونى داگیرکردنەوەى تەواوى ناوچەکانى دیکەى کوردستان و دامڕکاندنەوەى ڕاپەڕینى کوردستان هاوشێوەی ڕاپەڕینى باشوورى عێراق(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٧٣).
  •  گرتنەبەرى ڕێگاچارەى ئاشتىیانە و دیبلۆماسى وەک گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکانى بەرەى کوردستانى بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کێشەکان، کە تێیدا چەندین جار شاندی حزبە سیاسییەکان سەردانى بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرانى بەعس کەوتنە وتووێژ(عومەر عوسمان، ٢٠٠٨، ١٧٣)، بەڵام لە ئەنجامى سەرەڕۆى سەرانى ڕژێمی عێراق و خۆدزینەوە لە چارەسەرى بنەڕەتی، هەوڵەکان سەریاننەگرت و دانوستان هیچ ئەنجامێکى ئەرێنیی لێنەکەوتەوە(قادر، ٢٠٢٢، ١٢٣).         
  • هاتنە ئاراى بڕیارى ٦٨٨ى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەرکۆنەکردنى ڕژێمى عێراق لە پاى چەوساندنەوە و جینوسایدى خەڵکى سڤیل لە عێراق بە تایبەتى هاوڵاتیانى کورد، هەروەها دابینکردنى ناوچەیەکى ئارام لە سەرووى هێڵى پانیى ٣٦ و گەیاندنى هاوکارى خێرا بە ناوچەکان، بە هەوڵ و پێشنیارى دەوڵەتى فەڕەنسا لە ئەنجومەنى ئاسایش(مام جەلال، ٢٠١٧، ١٩٠).
  • کە هێڵی پانیى ٣٦ وەک بەربەستى سنوورى لەبەردەم هەڕەشەکانى ڕژێم لە کوردستان دیاریکرا، بەغدا دەزگا کارگێڕییەکانی لە ٢٤ى تشرینى دووەمى ١٩٩١ لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک و گەرمیان کێشاندەوە، بەمەش بۆشاییەکى کارگێڕی بۆ ڕاییکردنى کاروبارى هاوڵاتیان دروست بوو(قادر، ٢٠٢٢، ١٣١). بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە و چارەسەرى ئەو کێشەیە، بەرەى کوردستاى بڕیارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى دا، کە لە کەشێکى ئارام و ئازاددا و لە ١٩ى ئایارى  ١٩٩٢پرۆسەکە بەڕێوەچوو، پاشان دامەزراندنى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لێ هاتەکایەوە(بارزانى، ٢٠٢٠، ٤٥ ).
  • هەرێمى کوردستان بوو بە پەناگایەک بۆ بەشێکى زۆرى لێقەوماوان و تێکۆشەران و ئازادیخوازانى عێراق و ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەى کە لە ڕۆژگارى ئەمڕۆدا حوکمڕانى ئەو وڵاتەیان بەدەستەوەیە(بارزانى، ٢٠٢٠، ٤٥).

    سەرچاوەکان:

  1. مەسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى چوارەم، بەشى دووەم، چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕۆکسانا- ٢٠٢١.
  2. مەسعود بارزانى، بۆ میژوو، چاپى سێیەم، چاپخانەى ڕوکسانا- ٢٠٢٠.
  3. چارلز تریب، مێژووى عێراق، وەرگێڕان: محەمەد حسێن ئەحمەد و عەبدولقادر کەلهور، پێداچوونەوە: د. محەمەد عەبوڵڵا کاکەسور، چاپى سێیەم ، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر – ٢٠١٣.
  4. میرزا ابراهیم قادر، داستانى کۆڕێ شانازیى نەتەوەیەک، چاپخانەى ڕۆکسانا، هەولێر- ٢٠٢٢.
  5. غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا- حجى بیڕۆخى، بەرگى دووەم – چاپى دووەم، تورکیا – ٢٠٢١.
  6.  
  7. عومەر عوسمان، ژیانى کوردێک، بەرگى یەکەم و دووەم، چاپى دووەم، چاپخانەى موکریانى – ٢٠٠٨.
  8. عەزیز محەمەد، کنەکردن لە یادەوەریدا، چاپى یەکەم، هەولێر – ٢٠٢٤.
  9. نورى حەمە عەلی، مێژووى تیکۆشانى پێشمەرگەیەک لە نێوان ژیان و مەرگدا، چاپى دووم، هەولێر- ٢٠١٦.
  10. سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپى یەکەم، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، ١٩٩٧.
  11. محەمەد عەلى ئیسماعیل، بیرەوەریەکانم، حەفتا ساڵ تەمەن و زیاتر لە نیو سەدە خەبات، چاپى یەکەم، ٢٠١٩.
  12. حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەریدا، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، کوردستان- ٢٠٢١.
  13. مام جەلال، دیدارى تەمەن، ئامادەکردنى سەلاح ڕەشید، بەشى دووەم، چاپى یەکەم، چاپخانەى کارۆ، ٢٠١٧.
  14.  شیمال زێبارى، هندەک ڕاستیێن ڤەشارتى د شۆڕشا گوڵانێدا، چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەلێر-٢٠١٥.

بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى گردە هول ١٩٨٥

ئەو شەڕە گورزێکى توندى هێزى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستان لە شۆڕشی گوڵان بوو بەر ڕەبایەکى سوپاى عێراقى کەوت، لە شەوى ١٢ لەسەر١٣ى ئابى ١٩٨٥، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبى شیوعی، جەولەیەکیان ئەنجام دا بۆ ناوچەى باتیفای پارێزگاى دهۆک، بۆ بینین و بەسەرکردنەوەى ڕیزەکانى ڕێکخستن و هاوڵاتیانى ناوچەکە، دواتر بڕیاریان دا چالاکییەکى پارتیزانى ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش ڕەبایەى (گردە هول)یان دەستنیشان کرد

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندی زێوکێ ١٩٨٣

شەڕى گوندی زێوکێ لە شۆڕشی گوڵان و لە ١٥ى نیسانى ١٩٨٣ لە دەڤەرى بادینان لە نێوان هێزێکى پێشمەرگە و هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق ڕوویدا، سوپای عێراق بە مەبەستى گێڕانەوەى هێز و هەژموونى حکومەت بۆ ناوچەکە هێرشییان کردە سەر گوندى زێوکێ لە ناوچەى مانگێشکێی. کە سوپای عێراق سەرقاڵى پشکنینى گوند بوون، هێزێکى پێشمەرگە کە بە ئەرکى پێشمەرگایەتى لە ناوچەکەدا لە گەڕان و پشکنیندا بوون لە هێرشەکە ئاگادار بوونەوە و هێرشیان کردنە سەر....

زانیاری زیاتر

شەڕی سەرێ سناتێ ١٩٨٥

شەڕى سەری سناتێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سەرى سناتێ لە ناوچەى مچولیاى دەڤەرى بادینان، هێزى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر بارەگاى سریەیەکى سەربازى سوپاى عێراق و دواى شەڕێکى گەرم بەماوەیەکى کەم، توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەرباز بکوژن و بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى قوڕس و سوک دەستى بەسەردا بگرن، دواى ئەوەى ئامانجى هێرشەکە پێکرا هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە شوێنى خۆیان لە حەفتەنینێ.

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

یەکێک لە چالاکییەکانی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان لە ساڵى ١٩٨٧، بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ کە بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى ئەو سەربازانەى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر