داستانی چیای کۆڕەک

حكومه‌تی عێراق كه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی ١١ی ئازار پاشگه‌ز بووه‌وه‌ و وتووێژه‌كانی په‌كخست له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول، به‌و نیازه‌ شه‌ڕی ده‌ست پێكرده‌وه‌ كه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م كۆتایی به‌ شۆڕش بهێنێ، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ئاگربه‌ست ...


حكومه‌تی عێراق كه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی ١١ی ئازار پاشگه‌ز بووه‌وه‌ و وتووێژه‌كانی په‌كخست له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئەیلوول، به‌و نیازه‌ شه‌ڕی ده‌ست پێكرده‌وه‌ كه‌ به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م كۆتایی به‌ شۆڕش بهێنێ، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی چوار ساڵی ئاگربه‌ست و وتووێژدا به‌ جۆرێك خۆی پڕچه‌ك كردبوو له‌ ڕێگای به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی زلهێزی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو بۆ دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و ڕاوێژكاری سه‌ربازی.....هتد، ئیتر له‌ توانایدا هه‌یه‌ ئامانجه‌كه‌ی بپێكێ كه‌ دامڕكاندنه‌وه‌ی شۆڕشی كورد بوو.

چیای كۆڕه‌كیش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چیا گرنگ و ستراتیژیه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه،‌ هه‌ر هێزێكی سه‌ربازی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بڕوا به‌سه‌ر ته‌واوی چیاكه‌ ئه‌وا شاری ڕواندز و ده‌شتی دیانا و ده‌وروبه‌ری كه‌ به‌ حه‌وزی سۆران ناو ده‌برێ ده‌كه‌وته به‌ر مه‌ترسی، هێزه‌كه‌ی دیكه‌ ئه‌سته‌م بوو بتوانێ له‌و ناوچه‌دا خۆی ڕاگرێ. هه‌رچه‌نده‌ پێشتر سوپای عێراق هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی له‌ حامیه‌ی ڕواندز و گوندی باڵه‌كیان كشاندبووه‌ ناوچه‌ی سپیلك له‌ خۆرئاوای شارۆچكه‌ی خه‌لیفان به‌ڵام لوتكه‌ی چیای كۆڕه‌كی به‌هیچ جۆرێك چۆڵ نه‌كردبوو.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌ی شه‌ڕیش ساڵی ١٩٧٤هێزی پێشمه‌رگه‌ چه‌ند جارێك هه‌ڵمه‌تی بۆ برد و هێرشی كرده‌سه‌ر به‌ڵام نه‌یتوانی به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، به‌ڵكو سوپای عێراق به‌ هۆی چه‌كی پێشكه‌وتوو هێزی زۆر و سه‌ختی شوێنه‌كه‌ توانی به‌رگری لێ بكات.

هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی چیای كۆڕه‌ك به‌ جۆرێكه‌ گه‌ڵی عه‌لی به‌گ له‌ چیای گۆڕه‌زی جیاده‌كاته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ نیسانی ١٩٧٤‌ له‌ هێرشێكیاندا بۆ سه‌ر گۆره‌ز توانی ده‌ست به‌سه‌ر ڕه‌بایه‌كانی سوپای عێراقدا بگرێ، هه‌رچه‌نده‌ سوپای عێراق چه‌ندین جار هه‌وڵیدا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێته‌وه‌ و له‌وێوه‌ پێشڕه‌وییه‌كانی بگه‌یه‌نێته‌ ده‌شتی دیانا و ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.

له‌ گه‌ڵی عه‌لی به‌گیش سوپای عێراق ویستی هێرش بهێنێ و پێشڕه‌وییه‌كانی به‌ ڕێگای هامڵتۆن درێژه‌ پێبدا، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ بۆ پارێزگاریكردنی ئه‌و قۆڵه‌ی شه‌ڕه‌كه ‌و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پلانی هێرشه‌كه‌ی سوپای عێراق ڕێگایه‌كانی مینڕێژكردن و ئاماده‌كاری ته‌قاندنه‌وی پرده‌كانیشی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی تانك و زرێپۆشه‌كانی سوپای عێراق نه‌توانن بپه‌ڕنه‌وه‌‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرش پێشمه‌رگه‌ پرده‌كانی ته‌قاندنه‌وه كه‌ چه‌ند پردێكن ده‌كه‌و‌نه‌ سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌‌، كاتێك كه‌ سه‌ربازان سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی پرده‌كان بوون و به‌شی‌ هه‌نده‌سه‌ی مین و ته‌قه‌مه‌نی سه‌ربازیش ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین و كردنه‌وه‌ی ڕێگا، تۆپخانه‌ی شۆڕش به‌ خه‌ستی تۆپبارانی ده‌كرن و له‌ شوێنه‌ به‌رزه‌كانی چیای به‌ڵه‌كیان و باپشتیان به‌ چه‌كی دوورهاوێژی دۆشكه‌‌ بواری نه‌دان كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، هێرشه‌كه‌یان شكستی هێنا بۆیه سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپا به‌ هاوكاری ڕاوێژكاره‌ ڕوسیه‌كان بیریان له‌ ڕێگایه‌كی تر كرده‌وه‌ كه‌ هێرشی تێدا ئه‌نجام بده‌ن. ‌           ‌    

هاوكات له‌گه‌ڵ هێرشه‌كانی گۆره‌ز و گه‌ڵی عه‌لی به‌گ، له‌ مانگی نیسان له‌ بناری كۆڕه‌ك سه‌رووی تاڤگه‌ی بێخاڵ و سه‌ری چیا سوپای عێراق هێرشی بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ هێنا، به‌ پاڵپشتی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و چه‌كی قوڕس و سه‌ربازی بێ شوماره‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تادا توانیان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌ندێك شوێندا بگرن وه‌كو دارقه‌سپ و گۆڕ نۆك، كه‌ زیانی گیانی له‌ هه‌ردوولادا به‌ دواوه‌ بوو به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانیان بگرنه‌وه‌ و سوپای عێراق له‌و شوێنانه‌دا ده‌ربكات هێرشی پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجامدا له‌ ١٩ی نیسانی١٩٧٤، توانیان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كانیان.

له‌ ٨ی ئابی ١٩٧٤ سوپای عێراق به‌ پلانێكی تو‌كمه‌ی جه‌نگی به‌ فه‌رمانده‌ی لیوا ئیسماعیل تایه‌ نعێمی جارێكی دی هێرشێكی به‌ربڵاوی هێنایه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ردوو چیای كۆڕه‌ك و گۆڕه‌ز، بۆئه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ بشكێنێ و ده‌ست به‌سه‌ر ڕواندز و ده‌شتی دیانادا بگرێته‌وه، دیاره‌ له‌به‌ر سه‌ختی شوێنه‌كه‌ نه‌یتوانی پشت به‌ تانك و زرێپۆش ببه‌ستێ، هێزی پێشمه‌رگه‌ش‌ زۆر به‌ توندی به‌ری پێگرتن و به‌رپه‌رچی هێرشه‌كه‌ی دایه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدا سوپای عێراقی به‌ربه‌ست كراو دووچاری شكستێكی زۆر گه‌وره‌ بوو گه‌ڕێنرایه‌وه‌ دواوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌دا ٤٠٠ لاشه‌ی كوژراویان به‌جێهێشت. له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌م شه‌ڕه‌دا شه‌ش پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، ئه‌وه‌ی شایانی ئاماژه‌ پێكردنه‌ تۆپخانه‌ی شۆڕش به‌ فه‌رمانده‌یی حالی دۆڵه‌مه‌ری ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌ شكست پێهێنانی ئه‌و هێرشه‌ی سوپای عێراق.

دیاره‌ سوپای عێراق به‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ دڵی ئاوی نه‌خوارده‌وه‌ به‌ڵكو ستراتیژیه‌تی شه‌ڕه‌كه‌ی گۆڕی، بیری له‌ پلانێك كرده‌وه‌ كه‌ له‌ خه‌یاڵ و بیری پێشمه‌گه‌وه‌‌ دوور بوو، به‌ فه‌رمانده‌ی مقەدەم ڕوكن عه‌بدولوه‌هاب به‌ تاریكی شه‌و هه‌ستا به‌ چاككرنی ڕێگایه‌ك له‌ سه‌ری چیای كۆڕه‌كه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ واتا له‌ نێوان كۆڕه‌ك و بێخاڵ كه‌ بلدۆزه‌ری قوڕسی به‌كار هێنا بۆ لادانی تاشه‌ به‌رده‌كان و كردنه‌وه‌ی ڕێگا بۆ تانك و زرێپۆشی جه‌نگی.

له‌ به‌ره‌به‌یانی ٨ی ئابی١٩٧٤ هێرشی سوپای عێراق كه‌ پێكهاتبوو له‌ هێزی پیاده‌ی چیایی ٥ی تیپی ٤ و كه‌تیبه‌ی تانكی ٢ی هێزی زرێپۆشی ٨ كه‌ بریتی بوون له‌ تانكی (T٥٥)ی سۆڤیه‌تی و زرێپۆشی  (M١١٣)ی ئه‌مریكی له‌ سه‌ری چیاوه‌ شۆڕبوونه‌وه خواره‌وه‌ تا گه‌یشتنه‌ سه‌ر ڕیگای بێخاڵ.

ئیتر دۆخه‌كه‌ به‌ قازانجی سوپای عیراق شكایه‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ ئه‌و سه‌‌نگه‌رانه‌ی چۆل كردن و پاشه‌كشه‌یان ‌كرد. ده‌بابه‌كانی سوپای عێراق چوونه‌ ناو شاری ڕواندز و له‌ دیوی دواوه‌ی چیای باپشتیان به‌سه‌ر چیایه‌كه‌دا هه‌ڵگه‌ڕان به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و دۆشكه‌یه‌ی كه‌ له‌ به‌شی خوارووی چیایه‌كه‌ دانرابوو، كه‌ ده‌ڕوانیته‌ سه‌ر گه‌لی عه‌لی به‌گ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چیای گۆڕه‌ز و ‌گه‌ڵی عه‌لی به‌گ و بناری كۆڕه‌ك پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بكات، به‌تایبه‌تی له‌ گه‌لی عه‌لی به‌گ سه‌ربازانی سوپای عێراق له‌به‌ر ئه‌و دۆشكه‌یه‌ نه‌یانده‌توانی له‌ كانی مارانی ناو گه‌ڵیه‌كه‌ سه‌ر ده‌ربهێنن، بێ ئاگا بوون له‌و دۆخه‌ی كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ دووچاری بووه‌ و ده‌بابه‌ی سوپای عێراق گه‌یشتۆته‌‌ سه‌ریان، سێ پێشمه‌رگه‌ی لێ بوو هه‌موویان به‌دیل گیران.            

سوپای عێراق له‌م هێرشه‌دا‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا كه پێنج مانگ بوو هه‌وڵه‌كانی چڕ كردبووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگاته‌وه‌ ڕواندز و دیانا، هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌ سه‌ری گۆڕه‌ز پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ پشتی دیانا، لای بێخالیشه‌وه‌ دامێنی چیای كۆڕه‌كی به‌جێهێشت و كشایه‌وه‌ بۆ بنه‌كاول و به‌رزێوه‌، به‌و پێیه‌ هێڵێكی به‌رگری له‌ دۆڵی ئاكۆیان و هندرێن و زۆزك و گه‌رووی عومه‌رئاغا دانا.  ‌


سەرچاوەکان:

١- دیمانه‌ له‌گه‌ڵ قادر حه‌سه‌ن سیتكانی پێشمه‌رگه‌ی شۆرشی ئه‌یلوول  31/12/2022.

٢- غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، 2020، ل446-448.

٣- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو،  ڕوداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2022، ل201-202.

٤- ئه‌رشیفی دەستەی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

٥- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر 2004،  ل157.

٧- دیمانه‌ لەگەڵ محمد عزیز عمر، پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، 18/1/2023.

 


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى گەلنازکێ

شەڕى گەلنازکێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو بوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى لە ٢٤ ئابى ١٩٨٤، لە ئەنجامى هێرشێک کە حکومەتى بەعس کردیە سەر چەند ناوچەیەکى زاخۆ لە دەڤەرى بادینان، دواى هەشت ڕۆژ هێرش و پەلامارى بەردەوام، هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێگەیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەشتمرێ ١٩٨٧

شەڕی دەشتمرێ چالاکییەکى پێشمەرگە بوو بەرانبەر بنکەیەکى سەربازیی سوپاى عێراق و تێیدا هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆ لە شەوى ٩ لەسەر١٠ى شوباتى ١٩٨٧، هێرشیان کردە سەر ڕەبایەیەکى سوپاى عێراق لە نزیک گوندى دەشتمرێ لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان و بە ماوەیەکى کەم توانیان بچنە ناو بنکە سەربازییەکە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گردە هول ١٩٨٥

ئەو شەڕە گورزێکى توندى هێزى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستان لە شۆڕشی گوڵان بوو بەر ڕەبایەکى سوپاى عێراقى کەوت، لە شەوى ١٢ لەسەر١٣ى ئابى ١٩٨٥، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبى شیوعی، جەولەیەکیان ئەنجام دا بۆ ناوچەى باتیفای پارێزگاى دهۆک، بۆ بینین و بەسەرکردنەوەى ڕیزەکانى ڕێکخستن و هاوڵاتیانى ناوچەکە، دواتر بڕیاریان دا چالاکییەکى پارتیزانى ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش ڕەبایەى (گردە هول)یان دەستنیشان کرد

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندی زێوکێ ١٩٨٣

شەڕى گوندی زێوکێ لە شۆڕشی گوڵان و لە ١٥ى نیسانى ١٩٨٣ لە دەڤەرى بادینان لە نێوان هێزێکى پێشمەرگە و هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق ڕوویدا، سوپای عێراق بە مەبەستى گێڕانەوەى هێز و هەژموونى حکومەت بۆ ناوچەکە هێرشییان کردە سەر گوندى زێوکێ لە ناوچەى مانگێشکێی. کە سوپای عێراق سەرقاڵى پشکنینى گوند بوون، هێزێکى پێشمەرگە کە بە ئەرکى پێشمەرگایەتى لە ناوچەکەدا لە گەڕان و پشکنیندا بوون لە هێرشەکە ئاگادار بوونەوە و هێرشیان کردنە سەر....

زانیاری زیاتر