داستانی چیای سەرتیز

چیای سەرتیز ده‌كه‌وێته‌ باكوورى چياى زۆزك و باشوورى چياى حه‌سه‌ن به‌گ، بۆ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول ئه‌و زنجیره‌ چیایه‌ گرنگی و بایه‌خێكی زۆری هه‌بوو، چونكه ئه‌و ڕێگا ستراتيژيیه‌ی كه‌ به‌ گه‌رووى بێشه ‌تێده‌په‌ڕی‌ ده‌ربه‌ندێكى گرنگى به‌يه‌ك گه‌ياندنى ده‌ڤه‌ره‌كانى برادۆست و بارزان بوون به‌ ده‌ڤه‌رى باڵه‌كايه‌تى....


چیای سەرتیز ده‌كه‌وێته‌ باكوورى چياى زۆزك و باشوورى چياى حه‌سه‌ن به‌گ، بۆ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول ئه‌و زنجیره‌ چیایه‌ گرنگی و بایه‌خێكی زۆری هه‌بوو، چونكه ئه‌و ڕێگا ستراتيژيه‌ی كه‌ به‌ گه‌رووى بێشه ‌تێده‌په‌ڕێ ده‌ربه‌ندێكى گرنگى به‌يه‌ك گه‌ياندنى ده‌ڤه‌ره‌كانى برادۆست و بارزان بوون به‌ ده‌ڤه‌رى باڵه‌كايه‌تى كه‌ مه‌ڵبه‌ندی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بوو.‌ سوپای عێراق به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و چیایه‌ی ده‌دا، چونكه‌ به‌گرتنی هه‌موو جموجۆڵه‌كانی شۆڕشی په‌كده‌خست، هه‌روه‌ها ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی نێوانی ناوچه‌ و ده‌ڤه‌ره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی ده‌پچڕاند.

چیای سەرتیز ده‌كه‌وێته‌ باكوورى چياى زۆزك و باشوورى چياى حه‌سه‌ن به‌گ، نزيكه‌ى ١٨٥٠م به‌رزه‌ له‌ ئاستى ڕووى ده‌رياوه‌، له‌ نه‌خشه‌ى سه‌ربازى عێراقدا ناوى به‌ (جبل تاتان) هاتووه‌، به‌سه‌ر گه‌رووى بێشه‌دا ده‌ڕوانێت له‌لاى باكووريه‌وه‌،‌ سه‌ركردايه‌تى شۆڕشی ئەیلوول مه‌به‌ستی بوو هه‌میشه‌ پارێزگاری له‌و چیایه‌ بكرێ بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ ده‌ستی سوپای عێراق، چونكه‌ ئه‌و ڕێگا ستراتيژيه‌ی كه‌ به‌ گه‌رووى بێشه ‌تێده‌په‌ڕی‌ ده‌ربه‌ندێكى گرنگى به‌يه‌ك گه‌ياندنى ده‌ڤه‌ره‌كانى برادۆست و بارزان بوون به‌ ده‌ڤه‌رى باڵه‌كايه‌تى كه‌ مه‌ڵبه‌ندی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بوو.

له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى شۆڕشى ئه‌يلوول به‌ دياريكراوى له‌ ٢٩ی ئایاری ١٩٦٢ مه‌لا مستەفا بارزانی ڕێبه‌ری شۆڕشی كورد خۆی و زياتر له‌ ٥٠٠ پێشمه‌رگه‌ بۆ جارى يه‌كه‌م دێنه‌ گوندى بێشه‌ و دوو شه‌و له‌و گونده‌ دمێننه‌وه،‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی گوند به‌گه‌رمی پێشوازی ده‌كرێن، پاشان شه‌وێكيش له‌ گه‌رووى بێشه‌ ده‌مێننه‌وه‌ ئينجا بۆ ناوچه‌كانى دیكه‌ى ده‌ڤه‌رى باڵه‌كايه‌تى به‌ڕێده‌كه‌ون. 

دواى ئه‌وه‌ى كه‌وا سوپاى عێراق ده‌ستى به‌سه‌ر بناری چياى كۆڕه‌كدا گرت، زۆربه‌ى ناوچه‌كانى وه‌كو شاری ڕواندز و ده‌شتى ديانا و بادليان كه‌وتنه‌ به‌ر مه‌ترسى داگيركاری، مه‌كته‌بى عه‌سكه‌رى شۆڕش  فه‌رمانى به‌ هێزه‌كانى هه‌ڵگورد، زمناكۆ، زاخۆ، كاوه‌، سه‌فين، ئه‌زمەڕ كرد كه‌ هه‌ر هێز و به‌تاليۆنێك بنێرێت بۆ سه‌ر چیای سەرتیز، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رزاييه‌ ستراتيژیه‌كان توندوتۆڵ بكه‌ن، به‌ دانانی هێڵێكى به‌رگرى تاوه‌كو مه‌ترسى له‌سه‌ر سه‌ركردايه‌تى شۆڕش و شوێنه‌كانى تر كه‌م بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ بوو ئه‌و هێزانه‌ له‌ ئابی ١٩٧٤ گه‌يشتنه‌ شوێنى دیاریكراو.

كاتێك كه‌ سوپای عێراق سه‌ركه‌وت له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چياى زۆزك ده‌ستی كرد به‌ ئاماده‌كاری بۆ گرتنی چیای سەرتیز، پێشڕه‌ويه‌كانى گه‌يشتنه‌ گوندى سيتكان له‌ خوارووى چياكه‌، ئه‌م دۆخه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ له‌لايه‌ن پێشمه‌رگه‌كانى سه‌رچیای سەرتیز‌ كه‌ له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگريدا بوون به‌ فه‌رمانده‌كانى ئه‌و به‌ره‌يه‌یان‌ ڕاگه‌ياند كه‌وا سوپای عێراق له‌ پێشڕه‌ویدایه‌ به‌ ئاراسته‌ى سه‌نگه‌ره‌كانيان، به‌ گه‌يشتنى هه‌واڵه‌كه‌ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ گوندى بێشه‌ كۆبوونه‌وه‌ بۆ دانانى پلانێك كه‌ ڕێگه‌ له‌ پێشڕويه‌كانى سوپای عێراق بگرن، بۆ ئه‌مه‌ش فه‌رمان درا به‌‌ حه‌ميده‌فه‌ندى وه‌ك فه‌رمانده‌ى هێزی پياده‌ و عومەر عوسمان وه‌ك  فه‌رمانده‌ى تۆپخانه‌ى شۆڕش، هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر سوپاى عێراق بۆ ئه‌وه‌ى  پێشڕه‌ويه‌كانيان تێك بشكێنن و له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ريان بكه‌ن.

سه‌ره‌تاى داستانى چياى  سه‌رتيز به‌ تۆپبارانى تۆپخانه‌ی شۆڕش بۆ سه‌ر هێزه‌كانى سوپاى عيراق ده‌ستى پێكرد، له‌ به‌رامبه‌ردا سوپاى عێراقيش به خه‌ستى گه‌رووى عومه‌رئاغای له‌ باشوورى ڕۆژئاواى چیای سەرتیز بۆردومان كرد، له‌ ٧ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٤ حكومه‌تى عێراق پلانى هێرشكردنى بۆ سه‌رچیای سەرتیزى ده‌ست پێكرد، سه‌ره‌تاى هێرشه‌كه‌ بۆردومانێكى خه‌ستى ته‌واوى چياكه‌ى كرد، به‌ تۆپخانه‌كانى سوپا و چه‌كى (گراد) و فڕۆكه‌كانى هێزى ئاسمانى  كه‌ به‌ (ناپاڵم و بۆمبى فۆسفۆڕى) ته‌واوى چياكه‌ى سووتاند و دواتریش توانی ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت.

به‌ڵام دواى هه‌فته‌يه‌ك هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان پاش وه‌رگرتنى پشوويه‌ك و ئاماده‌كارى بۆ هێرشى پێچه‌وانه‌، كه‌ پێكهاتبوون له‌ به‌تاليۆنێك له‌ هێزی خه‌بات  به‌ فه‌رمانده‌ى حه‌مه‌ شه‌ميرانى و به‌تاليۆنێك له‌ هێزى زمناكۆ به‌ فه‌رمانده‌ى نورى حه‌مه‌عه‌لى، توانيان هێرش بكه‌نه‌وه‌ سه‌ر سوپاى عێراق و ته‌واوى چياكه‌ بگرنه‌وه‌ و زيانێكى زۆر له‌ سوپای عێراق بده‌ن، كه‌ بريتى بوو زياتر له‌ ٢٠٠ كوژراو و ژماره‌يه‌كى زۆرى بريندار، له‌ هێزى پێشمه‌ره‌گه‌ش ته‌نها شه‌هيدێك و شەش بريندار هه‌بوو، ڕۆژى دواتر دووباره‌ سوپاى عێراق  هێرشى هێنايه‌وه‌ سه‌ر چياكه‌ و داگيرى كرده‌وه‌،  ئه‌مه‌و دواى دوو مانگى به‌ردوامى شه‌ڕوپێكدادان له‌سه‌ر چیای سەرتیز كه‌ چوار پێگه‌ی ستراتيژى سه‌ربازى سوپاى عێراقى لێ بوون هه‌ندێ كات به‌ ده‌ستى پێشمه‌رگه‌وه‌ بوون و هه‌ندێ كاتيش له‌ ده‌ستى سوپاى عێرقدا، له‌ ئه‌نجامى نا هاوتايی له‌ ڕووى هێزى سه‌ربازى و چه‌ك و تفاقى جه‌نگى هێزى پێشمه‌رگه‌ بڕيارى كشانه‌وى دا له‌ چياكه.

دواى سێ ڕۆژ له‌ كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر چيای سه‌رتیز بروسكه‌ى مه‌كته‌بى عه‌سكه‌رى شۆڕش گه‌يشته‌ فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى ئه‌و به‌ره‌يه‌ى شه‌ڕ، بۆ ئه‌نجامدانى هێرشى پێچه‌وانه‌ و گرتنه‌وه‌ى ئه‌و چوار خاڵه‌ ستراتيژيانه‌ى كه‌ سه‌ربازانى سوپاى حكومه‌تى عێراقى تێدا مۆڵ درابوون.

بۆ ئه‌م هێرشه‌‌ زياتر له‌ ٢٠٠ پێشمه‌رگه‌ له‌ هێزه‌كانى هه‌ڵگورد و باڵه‌ك و ئه‌زمەڕ كه‌‌ چه‌ند به‌تالیۆنێك بوون‌ هه‌ر به‌تالیۆنێك‌ به‌ ٣٠ پێشمه‌رگه‌ له‌م هێرشه‌دا به‌شدار بوون به‌ سه‌ركردایه‌تی حه‌میده‌فه‌ندی، خۆيان ته‌يار كرد بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى سه‌ركردايه‌تى. پلانى هێرشى پێشمه‌رگه‌ بۆ ڕۆژى ١٥ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٤ دانرا كاتژمێر ١٧، سه‌ره‌تاى هێرشه‌كه‌‌ به‌ تۆپبارانێكى چڕى ڕه‌بایه‌كانی سوپای عێراق له‌لايه‌ن تۆپخانه‌ى شۆڕش ده‌ستى پێكرد كه‌ له‌ كاتژمێر ٧:٠٠ تا ١٦:٣٠خوله‌ك به‌رده‌وام بوو، ئينجا به‌ پلانێكى توكمه‌ى سه‌ربازى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان هه‌ڵيانكوتايه‌ سه‌ر پێگه‌ سه‌ربازییەكانی سوپای عێراق، توانيان له‌ ماوه‌ی‌ نيو كاتژمێردا بۆ جارێكى تر چیای سەرتیز بگرنه‌وه‌ و زيانێكى گه‌وره‌ به‌ سوپای عێراق بگه‌يه‌نن له‌ كوژراو و بريندارى زۆر له‌و شه‌ڕه‌دا، جگه‌ له‌ زیانى زۆرى گيانى، پێشمه‌رگه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌شى هه‌بوون کە ٤٥ كلاشينكۆف، ١٤٠ نارنجۆك، ٧ ده‌مانچه‌، دوو ئامێرى بێته‌ل و ٣٨ ده‌مانچه‌ى ڕوناككه‌ره‌وه‌  و چوار ڕه‌شاش.                              

گرنگى چیای سەرتیز بۆ سوپاى عێراق به‌ جۆرێك بوو دواى ئه‌و هه‌موو سكشت و تێكشكانه‌ يه‌ك له‌ دواي يه‌كانه‌ى به‌رۆكى پێگرتبوون له‌سه‌ر ده‌ستى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، هێشتا هه‌ر موكوڕ بوون له‌ داگيركردنى. بۆ ڕۆژى دواتر واتا ١٦ی تشرینی دووه‌م ١٩٧٤ جارێكى دى هێرشیان هێنایه‌وه‌ بۆ ئه‌و چوار شوێنه‌ ستراتيژيه‌‌ به‌ به‌تاليۆنێكى تايبه‌تى سوپاى عێراق، هه‌ر‌چه‌نده‌ توانيان ئه‌مجاره‌ش ده‌ستيان به‌و چوار شوێنه‌ بگاته‌وه‌، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ زه‌رده‌ى خۆرئاوابوونى ڕۆژى ٢٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٤ هه‌ڵمه‌تێكی كرده‌ سه‌ریان و سه‌نگه‌ره‌كانی گرتنه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ماندووبوونى پێشمه‌رگه‌كان و چڕى هێرشه‌ يه‌ك له‌دواى يه‌كه‌كان و تۆپبارانى به‌رده‌وامی سوپاى عێراق نه‌يانتوانى خۆڕاگر بن و به‌رده‌وام بن له‌ مانه‌وه‌يان، هه‌مان شه‌و سه‌نگه‌ره‌كانيان چۆل كرد و سوپاى عێراق دووباره‌ گه‌ڕايه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرته‌وه‌‌.

له‌ هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی سوپای عێراق بۆ سه‌ر چیای سه‌رتیز له‌ گوندی سیتكانه‌وه به‌ به‌رزایی چیادا سه‌رده‌كه‌وتن، له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌رزاییه‌كانی باكووری چیای زۆزك له‌ خوارووی چیای سه‌رتیز به‌ ناوی خارۆمه‌ر كه دۆشكه‌یه‌كی هێزی پشتیوانی له‌سه‌ر جێگیر كرابوو پاڵپشتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد بۆ سه‌ر چیای سه‌رتیز.    ‌    

مانه‌وه‌ى لوتكه‌ى چیای سەرتیز به‌ ده‌ستى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان گرنگيه‌كى تايبه‌تى هه‌بوو، بۆ ئه‌مجاره‌يان له‌ خودى باره‌گاى بارزانيه‌وه‌ بروسكه‌يه‌ك به‌ فه‌رمانده‌كانى ئه‌و قۆڵه‌ى شه‌ڕ گه‌يشت، كه‌ ده‌بێ چیای سەرتیز به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه‌ بێت، ناوه‌رۆكى بروسكه‌كه‌ جه‌ختى له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ هێزى هه‌ڵگورد چياكه‌ بگرێته‌وه،‌ ئينجا به‌تاليۆنى سه‌يد عه‌بۆش له‌ هێزى زاخۆ له‌ شوێنى ئه‌وان جێگير بكرێن. بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانى باره‌گاى بارزانى هه‌ردوو هێزى هه‌ڵگورد و ئه‌زمەڕ توانيان هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر لوتكه‌ى چياكه‌ و له‌ ئان و ساتێكى كه‌مدا سه‌نگه‌ره‌كان به‌ سوپای عێراق و به‌كرێگیراوه‌ جاشه‌كان چۆڵ بكه‌ن و جارێكى دى شوێنه‌ ستراتيژیيه‌كانى لوتكه‌ی چیای سەرتیز بگرنه‌وه‌ و بيخه‌نه‌وه‌ ژێر ده‌ستى خۆيان و به‌تاليۆنى سه‌يد عه‌بۆش له‌ شوێنه‌كه‌ جێگير بكه‌ن وه‌ك چۆن له‌ بروسكه‌كه‌دا هاتبوو.

به‌ڵام ئه‌مجاره‌يان سوپاى عێراق ئه‌وه‌نده‌ دووچارى شكست و به‌زين ببوو له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌ته‌كانى پێشمه‌رگه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ى بۆ مابووه‌وه‌ بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ هێزى پێشمه‌رگه له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌موو زيانه‌ى كه‌ لێی كه‌وتبوو به‌ چڕى تۆپبارانى سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كرد له‌سه‌ر چیای سەرتیز، له‌ ئه‌نجامى ئه‌م تۆپبارانه‌دا زيانێكى زۆری به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ گه‌ياند كه‌ بريتى بوو له‌ شه‌هيد بوونى ١٨ پێشمه‌رگه‌ و ١٤ بريندار له‌ هێزى هه‌ڵگورد و ١١ شه‌هيد و چوار بريندار له‌ هێزى زاخۆ يه‌ك شه‌هيد و دوو بريندار له‌ هیزى زمناكۆ.

ئيتر دواى ئه‌مه‌ لاوازى ڕووى له‌ ڕيزه‌كانى سوپاى عێراق كرد به‌هۆى ئه‌و هه‌موو شكسته‌ يه‌ك له‌ دواى يه‌كانه‌ى كه‌ له‌م قۆله‌ى شه‌ڕه‌وه‌ دووچارى بوون، هه‌روه‌ها ده‌ستپێكردنى وه‌رزى سه‌رما و سۆڵه‌ی زستان و بارينى به‌فره‌وه‌ زاتی ئه‌وه‌یان نه‌بوو جارێكى تر خۆیان له‌ قه‌ره‌ى پێشمه‌رگه‌ بده‌نه‌‌وه‌ و هێرش بهێنێته‌وه‌ سه‌ر چياى سه‌رتیز.


سه‌رچاوه‌كان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاری خوازی كورد، شۆڕشی ئه‌یلوول 1961-1975، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م.

٢- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، رِووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆرشى ئه‌يلوول 1970-1975 ، چاپي يه‌كه‌م، هه‌وليَر.

٣- غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، 2020.

٤- ئيسماعيل گونده‌ژۆرى، شۆرِشى ئه‌يلوول له‌ باله‌كايه‌تى، چاپخانه‌ى رِۆژهه‌ڵات، 2018.

٥- ئه‌رشیفی دەستەی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر