داستانی نێرگز ١٩٦٦

داستانى ملی نێرگز یەکێکە لەو داستانانەى کە هێزى پێشمەرگە لە دەڤەری زاخۆ لە چالاکییەکى پارتیزانیدا لە ملی نێرگزێ ئەنجامیدا، پێشمەرگەکانى هێزى زاخۆ توانیان خۆیان بگەیەننە سەربازگەیەکى سوپاى عێراق و دوو فەوجى چەکدارى بەکرێگیراوى عەرەب بە تەواوى تێکبشکێنن و دەستیان بەسەردا گرتن، لەگەڵ پێگەیاندنى زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە هێزەکانى حکومەت و پاشان بەسەرکەوتوویى بگەڕێنەوە شوێنى خۆیان.


وەزارەتى بەرگرى عێراق لە بەهارى ١٩٦٦پلانى هێرشێکى بەربڵاوى بۆ سەر کوردستان داڕشتبوو کە بەنیازبوو لە ١٥ى نیسان جێبەجێى بکات، وەک چۆن ساڵى پێشوو لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان هەڵمەتێکى فراوانى هێرشکاریان ئەنجامدا و دەستیان بەسەر چەند شوێنێکدا گرتبوو، بەڵام هێزى پێشمەرگە لە زاخۆ بە فەرماندەیى عیسا سوار و ڕەمەزان عیسا بیریان لە چالاکییەکى پارتیزانى کردەوە، بۆ ئەوەى هێزەکانى حکومەت وا تێنەگەن کە پێشمەرگە لە توانایدا نیە بەرەنگارى پەلامارەکان ببێتەوە، نەک تەنها لە دۆخى بەرگریدان بەڵکو دەتوانن چالاکى پارتیزانیش لەناو قوڵایی هێزى حکومەت ئەنجام بدەن، بۆ ئەمەش پلانى هێرشێکیان داڕشت لە سنوورى شارى زاخۆ، لە بانى ملى نێرگز کە شوێنێکى گرنگى هاتوچۆى سەربازى بوو. 

بۆ ئەنجامدانى ئەم داستانە نزیکەى ٤٠٠ پێشمەرگە خۆیان ئامادە کرد بە چەک و تفاقى جەنگیەوە، لە مانگى ئادارى ١٩٦٦ دەستیان بە جووڵە کرد بۆ بڕینى مەودایەکى دوور و درێژ و نزیک بوونەوە لە شوێنى مەبەست، لە ڕێڕەوەکەیاندا کە ڕێگاى گشتى نێوان زاخۆ و حەسەن ئاوایان دەبڕی بە شەو بەناو ڕەبایەکانى سوپاى عێراقدا تێپەڕین تاکو گەیشتنە نزیک ئەو شوێنەى کە ویستیان چالاکییەکەى لێ ئەنجام بدەن، کە ڕۆژ بووە پێشمەرگەکان خۆیان لە شوێنێکى نادیار مەلاسدا تا كاتی ئێوارە، ئینجا خۆیان لە مۆڵگە و ڕەبایەکانى سەربازى حکومەت نزیک کردەوە لە ملى نێرگزێ.

هێزى پێشمەرگە بە پلانێکى توکمەوە دەستیان کرد بە ئامادەکارى هێرشکردنە سەر سەربازگەى سوپا، تۆپەکانیان بە ئاراستەى سەربازگە دامەزراند و سەر لە ئێوارە  شەڕ دەستى پێکرد، سەرەتاى هێرشەکە بە تۆپى ١٢٠ ملم هەموو ڕەبایە سەربازییەکانیان تۆپباران کردن لەگەڵ سەربازگەکە، دواى تۆپباران هێزى پێشمەرگە هێرشى بۆ سەر بنکە و ڕەبایە و سەنگەرەکانى سوپاى عێراق دەستیپێکرد، وادیارە هێزەکانى سوپاى عێراق بەرگرییەکى لاوازیان نواند بۆیە سەنگەر دواى سەنگەر کەوتنە دەستى پێشمەرگە تا بە تەواوى دەست بەسەر سەربازگەکەدا گیرا.

لەو چالاکی پارتیزانیەدا سەربازگەى سریەیەکى سوپاى عێراق بە هەموو کەلوپەلەکانیەوە کەوتە دەستى پێشمەرگە لەگەڵ دوو فەوجى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش عەرەب) بە تەواوى لەناو چوون، زیانە گیانى و مادیەکانى هێزەکانى حکومەت بە جۆرێک زۆر بوون وەک لە خوارەوە ئاماژەى پێکراوە:

١- دەستگرتن بەسەر سەربازگەى ملى نێرگزێ بەتەواوى.

٢- لەناوچوونى سریەکى سەربازى و دوو فەوجى جاشى عەرەب.

٣- کوژرانى نزیکەى ١٠٠ سەرباز و جاشى عەرەب.

٤- بەدیل گیرانى ٨٦ سەرباز و جاش کە گوازرانەوە ناوچە ئازادکراوەکان.

 دەستکەوتەکان:

١- دەست بەسەرداگرتنى ٧٠ پارچە چەکى جۆراوجۆر.

٢- دەست بەسەرداگرتنى تەقەمەنیەکى زۆر و کەل و پەلى سەربازى.

ئەوەى جێگاى ئاماژە پێدانە لەم داستانەدا لە هێزەکانى پێشمەرگە تەنها یەک برینداری هەبوو.

دواى بە کۆتاهاتنى شەڕەکە و ئەنجامدانى چالاکی پارتیزانیەکە بە سەرکەوتوویى، هێزى پێشمەرگە بە بێ زیان گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان، هەرچەندە حکومەت لە چەندین شوێن بە هێزى زۆرەوە بۆسەى بۆ دانانەوە بەو نیازەى تۆڵەى خۆیان بکەنەوە، بەڵام پێشمەرگە ئامادەکارى تەواویان کردبوو شارەزایی باشیان لە تەواوى ناوچەکە هەبوو کە هەواڵیان پێ دەگەیشت ڕێگاى گەڕانەوەیان دەگۆڕی و بە ڕێگایەکى دیکەدا دەرباز دەبوون.

 داستانی نێرگز سەرکەوتنێکى ناوازەى پێشمەرگە بوو لە هەمان کاتیشدا دەستکەوتێکى گەورەى شۆڕش بوو بەسەر سوپاى حکومەتدا، لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆڵێکى کاریگەرى هەبوو لە بەرزکردنەوەى ورەى پێشمەرگە، هەروەها حکومەت بۆى دەرکەوت کە هێزى پێشمەرگە هەر کاتێ مەبەستى بێ دەستى ده‌گاتە هەموو شوێنێک لە نزیک و دوور بۆ ئەنجامدانى چالاکى پێشمەرگانە.

شایانى باسە ئەم سەرکەوتنە و سەرکەوتنەکانى ترى پێشمەرگە بەسەر سوپاى عێراق لە ناوچە جیاجیاکان، واى کرد حکومەت بێتە ژێر بارى ئەوەى کە گوێ لە داواکارى کورد بگرێ و گەڕێکى دیکەى وتووێژەکان دەست پێبکاتەوە.           


سەرچاوەکان:

١- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٣- هاوکار کەریم حەمە شەریف: شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.

٤- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپى چوارەم، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر