داستانی شاخۆلان

داستانى شاخۆلان لە کۆتایی مانگى شوباتى ١٩٦٩ لە گوندى شاخۆلانى باکورى هەولێر ڕوویدا، کاتێک کە دوو پێشمەرگە بۆ کارى شۆڕش دەچنە ئەو گوندە هێزێکى حکومەت کە لە سوپا و جاش پێکهاتبوو بە گوندەکەدا تێدەپەڕن، بە هەر هۆکارێک بێ درک بە بوونى پێشمەرگە دەکەن بۆیە چواردەورى گوندەکە دەگرن و شەڕ لە نێوانیاندا دروست دەبێ، دواى دوو ڕۆژ شەڕو پێكدادان هەردوو پێشمەرگە شەهید دەبن بەڵام زیانێکى گەورە بە سوپا و جاشەکان دەگەیەنن لە کوژراو و بریندار.


شاخۆلان گوندێکە دەکەوێتە باکوورى شارى هەولێر بە دوورى ٢٥کم  لە ناوەڕاستى دەشتى بەڕانەتى، زۆربەى دانیشتوانى گوندەکە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە خەریکن، هەر لە سەرەتاى دەستپێکى شۆڕشی ئەیلوولەوە خەڵکى گوندەکە پاڵپشت و پشتیوانێکى گرنگى شۆڕش بوون، لە هەموو کاتێکى خۆش و ناخۆشیدا خزمەتى پێشمەرگەیان کردووە و گوندەکە بۆتە پەناگه‌ و شوێنى مانەوە و داڵدەدانى پێشمەرگە، هەروەها لە دەربڕینى ڕێز و سۆز و خۆشەویستى پێشمەرگە درێغیان نەکردووە.

گوندى شاخۆلان خاوەنى داستانێکى نەبەردى پێشمەرگەیە کە لە شۆڕشی ئەیلوول لەسەر دەستى دوو پێشمەرگە بە ناوەکانى خەلیل و سەید فەتحى بەرامبەر بە سەدان هێزى سوپا و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) لاپەڕەکانى مێژوویان تۆمار کردووە.

 ڕووداوى ئەم داستانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی مانگى شوباتى ١٩٦٩ کاتێک کە هەردوو پێشمەرگەى ناوبراو بە ئەرکى شۆڕش و پێشمەرگایەتى لەو گوندە میوان دەبن، لەو کاتەدا هێزێکى زۆرى سوپا و جاش لە مانۆرێكی سەربازیدا لە نزیک بەستۆڕە بە ڕێگاى گوندى شاخۆلاندا تێدەپەڕن بەرەو ئیفراز، دیارە لەو کاتەدا کیژۆلەیەکى ٥ تا ٦ ساڵان کە هێزەکە دەبینێ بە هەلەداوان بەرەو ماڵ ڕادەکات بۆ ئەوەى پێشمەرگەکان لەو هێزەى حکومەت ئاگادار بکاتەوە، لەم ئان و ساتەدا ئەوان بیر دەکەنەوە کە شوێنى خۆیان بگۆڕن لەو ماڵەى کە لێی میوان بوون بۆ ماڵێکى دیکە نەبادا ئاشکرا ببن، بەڵام لەو نێوانەدا چەکدارەکان دەیانبینن و تەقەیان لێ دەکەن.  

 ئیتر شەڕوپێکدادان دەست پێدەکات، هێزەکەى حکومەت چواردەورى گوندەکە دەگرن، بەڵام ناوێرن لە شوێن و سەنگەرى هەردوو پێشمەرگەكه‌ نزیک ببنەوە، یەکێک لە جاشەکان دەچێتە مزگەوتى گوندەکە دەبینێ لە حوجرەى فەقێیان نزیکەى بیست گەنجى لێ کۆ بۆتەوە و خەریکى کتێب خوێندنەوەن، جاشەکە زۆر بە لوت بەرزیەوە قسەى نابەجێ بە مەلاى مزگەوت و فەقێیەکان دەڵێ ئەوە خەریکى کۆبوونەوەن، پاشان لێیان دەپرسێ ئەو دوو پێشمەرگەیە بۆ لێرەن و بۆ ڕێگاتان داوە خەڵکى ئاوا بێنە گوندەکەتان؟ ئینجا بە تووڕەیی مزگەوتەکە بەجێ دەهێڵێ و بەرەو شوێنى پێشمەرگەکان دەکەوێتە ڕێ بۆ ئەوەى لەگەڵیان بجەنگێ بەڵام لەگەڵ یەکەم تەقە جاشەکە دەکوژرێ.

شەڕەکە بەرەبەرە گەرم تر دەبێ سەرباز و جاشەکان چواردەورى گوندەکە و ئەوماڵەى پێشمەرگەکان سەنگەریان لێ گرتبوو دەگرن، پێشمەرگەکانیش پەیمان دەدەن کە خۆیان ڕادەست نەکەن بەڵکو تا دوا هەناسە بجەنگن، هێزەکەى حکومەت بەو هەموو توانا سەربازى و چەک و تەقەمەنیەوە نەیاندەتوانى بەسەر دوو پێشمەرگەدا زاڵ ببن و لێیان نزیک ببنەوە بەڵکو بیریان لە سووتاندنى خانووەکە دەکردەوە کە پێشمەرگەکانى تێدا بوون، لە داخان بەربوونە گیانى خەڵکى گوندەکە ژمارەیه‌کى زۆرى گەنج و لاویان گرتن و قۆڵبەست کردن تاکو بەیانى لە دەرەوەى گوند دەستبەسەریان کردن بە سەرماى زستان دەبابەیەک و چەندین سەرباز و جاش بە دیاریانەوە پاسەوانیان لێ کردن.

هێزەکەى حکومەت ئەو شەوە تا بەیانى بە تانک و تۆپەوە لە دەوروبەرى گوندەکە وەستابوون، چەندین جاریش پەیامیان پێدان کە خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام پێشمەرگەکان نەچوونە ژێر بارى داواکارى سەرباز و جاشەکان بەڵکو بڕیارى شەڕى مان و نەمانیان بۆ یەکترى دووپات کردەوە، ڕۆژى دواى هێزێکى سەربازى گەورە بە تانک و تۆپ و زریپۆش و فڕۆکەوە لە هەولێرەوە بۆ پشتیوانى هێزى یەکەم گەیشتنە گوندەکە و هێرش بۆ سەر هەردوو پێشمەرگە بەردەوام بوو، ژمارەیەک خانووى گوندەکە بەهۆى بۆردومان و تۆپباران و هێرشى حکومەت سووتان و وێران بوون، پێشمەرگەکانیش لە بەرگریکردن هەر بەردەوام بوون، تاکو نزیک نیوەڕۆ سەید فەتحى شەهید ده‌بێت، پاشان خەلیل لەگەڵ دوکەڵ و تەپ و تۆزى دەبابە و ڕووخانى دارودیوارى خانووەکە دێتە دەرەوەو ڕووبەڕووى دەبابە ده‌بێته‌وە و ئەویش شەهید ده‌بێت.

 بەو شێوەیە دواى دوو ڕۆژ لە شەڕوپێکدانانى سوپا و جاشێکى زۆر و بە تەواوى توانای جەنگى لە تانک و تۆپ و زریپۆش و فڕۆکە بەرامبەر دوو پێشمەرگە، بە شەهیدبوونى هەردووک پێشمەرگە شەڕەکە کۆتایی هات، بەڵام زیانێکى زۆر بەر چەندین خانووى گوندەکە کەوت و بە دۆشکە تەقەیان لە شوان و مەڕوماڵاتى گوندەکە دەکرد، هاوڵاتیه‌كی سڤیل كه‌وا ئافره‌ت بوو بریندار بوو، زیانەکانى هێزەکەى حکومەتیش بریتى بوو لە ١٢ کوژراو و ژمارەیەک بریندار کە بە هه‌لیکۆپتەر گواستیانەوە. 

 بەهۆى ئەمەوە شۆڕش بە توندى دەستى کرد بە لێدانى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، فارس باوە فەرماندەى هێزى دەشتى هەولیر هێزێکى پێکهێنا و ناردیە سەر ناحیەى قوشتەپە بۆ لێدانى چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاشەکان)و  ئەنجامدانى چەند چالاکیەکى پێشمەرگە، بۆ ئه‌وه‌ی پیشانى خەڵکى هەولێر بدرێ کە هێزى پێشمەرگە بەهێزە و لە چالاکییەکانى بەردەوامە، جگە لەوەش سەرکردایەتى شۆڕش هێزى پێشمەرگەى زیاتر دەستکراوە کرد بۆ لێدانى شوێنە هەستیار و گرنگەکانى حکومەت وەک لێدانى نەوتى باباگوڕگوڕ، بۆ ئەوەى شۆڕش بەهێزى خۆى بۆ حکومەت بسەلمێنێ کە لە توانایدا هەیە دەستیان بگاتە قوڵایی ناوچەکانى عێراق و لێدانى بەرژەوەندییەکانى.                                     

        


سەرچاوەکان:

١- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٢- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى، چاپى یەکەم،١٩٩٧.

٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٤- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٥- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر