ساڵى ١٩٦٥ و ساڵانى دواتر لە ساڵە تاڵ و قوڕسەکانى تەمەنى شۆڕشى کورد بوون، لەو ساڵەدا زۆر شەڕى سەخت ڕوویاندا و زۆر سەرکەوتنیس مەزنیش بەدەست هاتن، دواى پچڕانى گفتوگۆى نێوان شۆڕش و حکومەتى عێراق هەردوولا خۆیان بۆ شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوە ئامادەکرد، لە ناوچە جیا جیاکان بەگژ یەکدا چوون، شەڕى گەوروە و بەربڵاو ڕوویاندا، لەو ساڵە زۆر شوێن و پانتایی فراوان کەوتنە دەستى شۆڕش، ژمارەیەکى زۆرى خەڵک و چەکدارانى سەربە حکومەت پەیوەندیان بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە کرد، بیری نەتەوەیی و شۆڕش بە ناو خێلەکاندا بە قوڵى بڵاو بۆوە، حکومەتى عێراق بۆ بێ هێزکردنى شۆڕش و وەرگرتنەوەى ئەو ناوچانەى کە لە دەستى دابوون چەندین هێرشى بەربڵاوى دەستپێکرد وەک: هێرشى چیاى سەفین و پیرە مەگروون و قەرەداغ و ئەزمڕ و زینەتیر و بەرەى ڕواندز و زۆرى تر، شەڕ و داستانى گەرەى لێ هاتە ئاراوە.
داستانى زۆزکیش وەک یەکێک لە درێژەى ئەو هێرشە بەربڵاوانە هاتە ئاراوە کە لە پایزى ١٩٦٥ سوپاى عێراق کردیە سەر چیاکە، بەڵام بەر لەوەى بیێنە سەر وردەکارى هێرشەکە پێویستە کورتەیەک لەسەر هەڵکەوتەى جوگرافى و شوێنگە سترتیژیەکەى بۆ شۆڕش بخەینە ڕوو، کە يه‌كێكه له چيا ناوداره‌كانی باشورى كوردستان، ده‌ڕوانێته سه‌ر شارى سۆران و به كۆمه‌ڵێك گوند ده‌ور دراوه، وەک: گونده‌كانى به‌رسرين و پيروسوان لە ڕۆژهه‌ڵاتى چياكه و هه‌ريه‌ك له گونده‌كانى سيتكان باكورى و بادليان و دێڵزيانيش له ڕۆژئاوا‌و به‌رزێوه و كه‌ورين و گوان له دامێنى چياكه هه‌لكه‌وتوون، له ڕۆژگارى شۆڕشى ئه‌يلوولدا هه‌ريه‌ك له‌م گوندانه وه‌كو په‌ناگه و پاڵپشتێكى گرنگى شۆڕش بوون له مانه‌وه و به‌هاناوه‌چوونى پێشمه‌رگه به‌تايبه‌تى له ساته‌وه‌خته‌كانى شه‌ڕدا.
گرنگى چياى زۆزك له‌وه‌دابوو بۆ شۆڕشى ئه‌يلوول له ڕووى سه‌ربازيه‌وه، به هۆى هه‌ڵكه‌وته جوگرافيه‌كه‌ى و شوێنگه سترتيژيه‌كه‌ى كه ڕێگاى سه‌ره‌كى هاملتۆن به دامێنى چياكه‌دا تێده‌په‌رێ، له‌لايه‌ك بۆ پارێزگارى كردنى ڕێگاكه و له‌لايه‌كى دیكه‌ش كه ده‌ڕوانێته سه‌ر ده‌شتى ديانا، خاڵێكى گرنگى به يه‌كگه‌ياندنى هه‌ردوو ده‌ڤه‌رى بارزان و باڵه‌كايه‌تى بوو كه مه‌ڵبه‌ندى سه‌ره‌كى سه‌ركردايه‌تى شۆڕشی ئه‌یلوول بوو. هه‌ر بۆيه‌ش حكومه‌تی عێراق هه‌ميشه له پلان و به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌دابوو كه شوێنه ستراتيژيه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ردا بگرێت و له هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا شۆڕش په‌ك بخات.
بۆ پارێزگارى لە ناوچەکە و ڕێگرتن لە داگیرکارى سوپاى عێراق، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هێلێكی به‌رگری له چیای زۆزك و گه‌رووی سرۆت و گه‌رووی عومه‌راغا تا ده‌گاته سه‌ر ڕووباری مووسه‌كاوه دانا و سەنگەرەکانى لێ دامەزراندن (گەردى، ٢٠٢٠، ٣١٥)، سوپای ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگاته شوێنه ستراتیژیه‌كان به‌رده‌وام له هه‌وڵ و پلاندا بوو.
له ده‌ستپێكی پایزی ١٩٦٥ سوپاى عێراق به پشتیوانی فرۆكه‌ی جەنگى و ده‌یان هه‌زار سه‌رباز و چەکدراى بەکرێگیراو (جاش) هێرشی بۆ سه‌ر چیای زۆزك ده‌ستپێكرد، سه‌ره‌تا ده‌ستی به تۆپبارانێكی چڕ كرد له چیاكه، دوای تۆپبارانه‌كه هه‌زاران سه‌ربازی عێراقی هه‌ڵیان كوتایه سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه، دوای چه‌ندین هێرشی چڕوو پڕ توانیان ده‌ست به‌سه‌ر یه‌كێك له به‌رزاییه‌كانی چیاكه‌دا بگرن، ئه‌مه بووه جێگای مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له دامێنیی چیا بۆیه بڕیاری پاشه‌كشه درا بۆ ئه‌وه‌ی به پلانێكی توكمه‌وه هێرشی پێچه‌وانه ئه‌نجام بده‌ن و بتوانن ئه‌و شوێنانه بگرنه‌وه كه له‌ده‌ستیاندان، هه‌رچه‌نده هێزى پێشمەرگە سەرەتا بە چه‌ند هێرشێكی لاوه‌كى دەستى پێ‌کرد بۆ گرتنه‌وه‌ی شوێنه‌كان به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
پاشان بە ئاماده‌كاریه‌كی باش هێزی پێشمه‌رگه به پلانێكی توكمەوە هێرشێكی به‌ربڵاوه‌وى به فه‌رمانده‌یی حه‌جی بێرۆخی فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی سه‌ربازی وه‌ك: (عه‌ریف یاسین و ره‌مه‌زان یاسین و جادر گوێزی و عه‌زیزخان مهاجیر و سه‌باح میركه‌ی خه‌یلانی و علی شكاك و جه‌وهه‌ر بێڕسیاڤی) هه‌روه‌ها (حه‌میده ئەفه‌ندی و مسته‌فا نێڕوه‌یی و حه‌سه‌ن خاڵ هه‌مزه) په‌لاماری سوپای عێراقیاندا، پاش شه‌ڕێكی گه‌رمی چه‌ند سه‌عاتی سه‌ربازانی سوپای عیراق نه‌یتوانی خۆیان له‌به‌ر هێرشی پێشمه‌رگه ڕاگرن، به‌ڵكو شكستیان خواردوو ڕایان كرد، نزیكه‌ی ٢١ سه‌رباز له شاخه‌كه‌ی پشتی گوندی گوان خۆیان فڕێ دایە خواره‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆری لاشه كوژراوانیان له مه‌یدانی شه‌ڕە‌كه به‌جێ مان، هێزی پێشمه‌رگه‌ش تەنها دوو شه‌هید و پێنج بریداری هه‌بوو.
ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی پێشمه‌رگه‌و شكسته‌ی سوپای عێراق بووه مایه‌ی توڕە‌بوونی سه‌رانی حكومه‌تی عێراق و ئه‌فسه‌ره‌كانیان، بۆیە بڕیاریاندا كه به هه‌رچۆنێك بێ پێویسته ئه‌م شوێنانه داگیر بكه‌ن و تۆڵه له هێزی پێشمه‌رگه بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش له ڕێكه‌وتی 3ی ئایاری ١٩٦٦ هێرشێكی گه‌وره‌یان ده‌ست پێكر له قۆله‌كانی چیای هندرێن و زۆزك و گه‌رووی عومه‌راغا به پاڵپشتی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و تۆپخانەى سوپا.
دوای چه‌ند ڕۆژێكی شه‌ڕی به‌رده‌وام كه هه‌ریه‌ك له (مه‌سعود بارزانی و ئیدریس بارزانی) سه‌رپه‌رشتی بەرەى شه‌ڕیان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی كه حكومه‌تی عێراق گوشارێكی زۆری خستبووه سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و توانیبووی چه‌ند شوێنێك له چیای زۆزك بگرێت، (مه‌لا مسته‌فا بارزانی) ڕێبه‌ری شۆڕش خۆی له به‌ره‌كانی جه‌نگ ئاماده‌بوو له چیای زۆزك، هێزی پێشمه‌رگه توانی له هه‌موو قۆڵه‌كان شكست به سوپای عێراق بهینێ و زیانێكی گه‌وره‌ی پێ بگه‌یه‌نێ كه بریتی بوو له كوژرانی (٤٠٠) سه‌رباز و برینداربوونی (٦٠٠)، له ده‌ستكه‌وته‌كانیش كه كه‌وتنه ده‌ستی پێشمه‌رگه چوار تۆپی (٧٥)ملم و چوار هاوه‌نی (٤،٢٠) و ده هاوه‌نی (٢،٣) گرێ و (٦٠٠) پارچه چه‌كی سووك و (١٥) ئامێری بێته‌ل و ژمارەیەکى زۆرى فیشه‌ك.
سەرچاوەکان:
١-مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یەکەم، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر ٢٠٠٤.
٢-غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، ٢٠٢٠.


