داستانى گرتک و ماخۆبزنان ١٩٦٩

ئەم داستانە لە ٣٠ى تشرینى یەکەمى ١٩٦٩ لە بەرزاییەکانى پشت گوندى گرتک و ماخۆبزنان لە نزیک سەنگەسەر ڕوویدا، هێزى پێشمەرگە بە فەرماندەى عومەر ئاغاى دۆلەمەرى، هێرشیان کردە سەر سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو، لە ماویەکى کەمدا توانیان دەست بەسە ڕەبایەکاندا بگرن و زیانێکى گەورەى گیانى و ماددیان پێ بگەیەنن و دەست بەسەر ژمارەیەکى زۆر چەکى جۆراوجۆردا بگرن، هەروەها ستراتیژیەتى پلانیان هەڵوەشێننەوە کە بریتى بوو لە دەستگرتن بەسەر بارەگاى بارزانى لە دیلمان.


لە ماوەى شۆڕشی ئەیلوولدا لە نێوان ساڵانی (١٩٦١-١٩٧٥) چەند کودەتایەکى سەربازى لە عێراقدا ڕوویاندا، کۆمەڵێک ڕژێمى بە ڕوالەت ئایدۆلۆژیاى جیاواز بەڵام لە جەوهەردا بە ناواخنێکى ناسیونالیستى عەرەبى لەسەر شانۆى سیاسیدا دەرکەوتن، هەریەکە و بۆ ماوەیەک حوکمڕانى عێراقیان لە دەستدا بوو، ڕژێمى عەبدولکەریم قاسم کە لە ١٤ى تەممووزى ١٩٥٨ سیستەمى پاشایەتى لە عێراقدا هەڵوەشاندەوە و سیستەمى کۆمارى هێنایە ئارا، لە ٨ی شوباتى ١٩٦٣ حزبى بەعس کودەتاى بەسەردا کرد و کۆتایی  بە دەسەڵاتى هێنا، پاشان عەبدولسەلام عارف و کۆمەڵێک لە جەنەڕاڵەکان لە ١٨ى تشرینى  یەکەمى ١٩٦٣ کودەتایان بەسەر بەعسیەکاندا کرد و لە دەسەڵات دووریان خستنەوە،  لە ١٧ى تەمووزی ١٩٦٨ جارێکى دیکە بەعسیەکان هاتنەوە مەیدان و ڕژێمى عەبدولڕەحمان عارفیان پێچایەوە، ناوبراو و دار و دەستەکەیان ڕەوانەى دەرەوەى وڵات کردن، بۆ جارى دووم حوکمڕانیان گرتەوە دەست، کە دەسەڵاتێکى تاکڕەوى درێژخایەن بوو لە مێژووى عێراقدا.  

ئەوەى کە شیاوى گوتنە ئەوەیە هەموو ئەو ڕژێمە یەک بە دواى یەکانە کاتێک کە دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، بۆ قایم کردنى پێگەیان و بەهێز بوونیان سەرەتا گوێیان بۆ کورد شل دەکرد و گفتوگۆ و دانوستان دەهاتنە بەر باس، بەڵام پاش ماویەک کە هێز و دەسەڵاتیان پتەو دەبوو شەڕى کوردیان دەست پێ دەکردەوە، بەڵام ئەوەى لە هەموو هەڵمەتە سەربازیەکانیان دژوار تر بوو ساڵى ١٩٦٨ بوو کە بەعسیەکان بۆ جارى دووم هاتنەوە دەسەڵات، لەو ماویەشدا ناو ماڵى کورد بە جۆرێک دووچارى پەرتەوازەیی و لێکترازان بوو، باڵى مەکتەبى سیاسى کۆن ماوەیەک بوو پەنایان بردبووە بەر حکومەت و هێزەکانیان شانبەشانى هێزەکانى حکومەت لە هێرش و پەلاماردابوون بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش، دیارە سەرەتا توانیان دەست بەسەر چەند شارو شارۆچکەیەکدا بگرن. 

بەڵام شۆڕش بەرامبەر ئەو پێشهاتە نوێیانە دەستەوەستان نەوەستا بەڵکو دەستى کرد بە خۆ ڕێکخستنەوە و پڕچەک کردنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، ژمارەیەک خولى فێربوون لە قەسرێ و حاجى ئۆمەران و گەڵاڵە کرانەوە، بۆ ڕاهێنان لەسەر بەکارهێنان و چاککردنەوەى چەک، هەر لە ساڵى ١٩٦٩ چەکێکى زۆر بە شۆڕش گەیشت وەکو بڕنەو و کاتیوشا و ڕەشاش و تۆپى ١٠٦ملم و ١٠٧ملم، لە ماوەى ٧٠ ڕۆژدا ٣٨٠٠٠ هەزار چەکى بڕنەو دابەشى سەر هێزى پێشمەرگە کرا، ئامادەکاریەکان شۆڕشى نەک لە دۆخی بەرگریدا نەهێشتەوە بەڵکو دەستکرا بە چالاکى پارتیزانى جۆراوجۆر و ئەنجامدانى هێرش و پەلامار لە زۆر شوێندا بۆ سەر سوپا و دامەزراوەکانى حکومەت. 

لە مانگى شوباتى ١٩٦٩ تا کۆتایی ساڵ شەڕ و پێکدادانەکان درێژەى هەبوو، سوپاى عێراق و باڵی مەکتەبی سیاسى کۆن بەردەوام بوون لە هەڵمەتى سەربازی بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش، سەرکردایەتى شۆڕش لە پەرچەکردارى ئەو گوشارە زۆرە کۆمەڵێک دژە هێرش و هەڵمەتى پێشمەرگەیی ئەنجامدا لە شوێنە جیاجیاکان، یەکێک لەوانە داستانى گرتک و ماخۆبزنان بوو، کاتێک کە پێشڕەویەکانى سوپاى عێراق لە ناوچەى پشدەر گەیشتنە بەرزاییەکانى پشت گوندى گرتک نزیک سەنگەسەر، نەخشە و پلانیان وابوو لەوێوە پێش بکەون بۆ ناودەشت و ئەنجا دیلمان، کە بارەگاى بارزانى ڕێبەرى شۆڕشى لێ بوو. لەبەر ئەوەى ئەو هاتنە پێشەوەى هێزەکانى حکومەت ڕاستەوخۆ هەڕەشە و مەترسى بوو لەسەر بارەگاى بارزانى، بۆیە هێزە تایبەتیەکانى بارزانى بە فەرماندەی عومەرئاغاى دۆلەمەرى نێردران بۆ دۆڵى شەهیدان، لە شەوى ٣٠ لەسەر٣١ تشرینى یەکەمى ١٩٦٩ ئەو هێزانەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر سوپا و چەکدارانى بەکرێگیراو کە لە دەوروبەرى بەرزاییەکانى گوندى گرتک و ماخۆبزنان خۆیان قایم کردبوو، هێزێکیشیان نارد بۆ دامێنى چیاکە بۆ ئەوەى گەمارۆیان بدەن و ڕێگەش لە هەر یارمەتیەک ببڕن ئەگەر بەهانایانەوە بێن. 

لە یەکەم هەڵمەتى پێشمەرگەدا دواى چەند دەقیقەیەک چوونە ناو ڕەبایەکان، لە شەڕێکى دەستەویەخەدا ڕووبەڕوویى یەکتر بوونەوە هەتا چەکى سپى وەکو خەنجەریشى تێدا بەکار هات، ژمارەیەکى کەم لە هێزەکانى سەربە حکومەت ڕزگایان بوو ئەوانى تر هەموویان کوژران و بریندار بوون. نزیکەى ١٥٠ ئەفسەر و سەرباز و بەکرێگیراو (جاش) لەو داستانەدا کوژران، زەبرێکى کوشندە بەر هێزەکانى حکومەت کەوت، ئیسماعیل نعێمى فەرماندەى فیرقەى دوو ڕۆژى دوایی هاتە سەنگەسەر بۆ بینینى بارودۆخەکە، بەهۆى ئەو شکستەوە دووچارى داڕمانى دەمار (الانهیار العصبي) بوو بەوپێیەى کە هەرگیز شکستى لەو جۆرەى نەبینیبوو، سوپاى عێراق و هێزەکانى تر نەیانتوانى جارێکى دیکە پڕکێشى دۆڵى شەهیدان بکەنەوە، تەنانەت پێشمەرگە نەیهێشت بێن لاشەى کوژراوەکانیشیان بەرنەوە بۆ سەنگەسەر بەڵکو یازدە بالەفڕیان بەکارهێنان بۆ ئەو مەبەستە. 

دەستکەوتەکانى هێزى پێشمەرگە لەو شەڕەدا بریتى بوون لە ٦٠ غەدارەى کلاشینکۆف و ٣٠ تفەنگى بڕنەو و هاوەنێکى ٨٢ ملم و یەکێکى دیکەى ٦٠ ملم و ٢ دکتاریۆف و دوو ئامێری بێتەل و بڕێک کەلوپەلى سەربازى، شایانى باسە لەم داستانەدا تەنها ٥٠ پێشمەرگە بەشداریان کرد، کە توانیان یەک سریەى مغاویر بە تەواوى لەناو ببەن، لە دواى ئەم شەڕە و چەند شەڕێکى تر حکومەت ئومێدى بە چارەسەرى سەربازى لاواز بوو بەڵکو پەناى بردە بەر گفتوگۆ و دانوستان، لە ئەنجامدا رێککەوتنى ١١ى ئادارى ١٩٧٠ى لێکەوتەوە. 


سەرچاوەکان:   

١- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆڕشی ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.

٢- عومەر عوسمان، ژیانى کوردێک، چاپخانەى موکریان، چاپى دووەم، هەولێر، ٢٠٠٨.

٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٤- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.

٥- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٦- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٧- ابراهیم خلیل احمد و جعفر عباس حمیدى، تاریخ العراق المعاصر، الموصل، ١٩٨٩.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر