داستانی چیای پیرس

نیازى خراپى بەعسییەکان دواى کودەتاى ٨ى شوباتى ١٩٦٣ بەرانبەر گەلى کورد لەو کاتەوە دەستى پێکرد کاتێ کەوتنە پێکهێنانى بەدناوترین ڕێکخراوى چەکدارى بەعسى لە مێژووى وڵاتى عێراقدا، ئەویش ڕێکخراوى (حەرەس قەومى) بوو...


نیازى خراپى بەعسییەکان دواى کودەتاى ٨ى شوباتى ١٩٦٣ بەرانبەر گەلى کورد لەو کاتەوە دەستى پێکرد کاتێ کەوتنە پێکهێنانى بەدناوترین ڕێکخراوى چەکدارى بەعسى لە مێژووى وڵاتى عێراقدا، ئەویش ڕێکخراوى (حەرەس قەومى) بوو، دواى بە بنبەست گەیشتنى دانوستانەکان، جاڕى زۆرى پێ نەچوو لە ڕێگەى ئەو ڕێکخراوە دەمامکیان لەسەر ڕووى خۆیان لادا و بە ئاشکرا لە بەردەم ڕۆژنامەنووساندا جاڕى شەڕیان دا و لە خۆباییانە ڕایانگەیاند کە سوپاى عێراقى خۆى بۆ سەیرانێک لە شیمالى خۆشەویست ئامادەکردووە، ئەوەبوو کەوتنە گیانى خەڵکى بێتاوانى کوردستان. ئەوەبوو لە ١٠ى حوزەیرانى ١٩٦٣ ئەنجوومەنى نیشتمانى حوکمڕان لە عێراق بڕیاری دا، هەولێر و سلێمانى و موسڵ و کەرکووک بە ناوچەى سەربازیی هەژمار دەکرێن و دەبنە گۆڕەپانى پڕۆسەى سەربازیی.

حکومەت مەبەستى بوو قورسایی هێرش بخاتە سەر بەرەیەکى دیاریکراو، لە بەرەکانى تریش خۆى بە شەڕى ئاسان و پچڕ پچڕ خەریک بکات، لە ناو هەموو بەرەکانى شەڕدا بەرەى ئاکرێ – پیرسى هەڵبژارد، مەبەستى لەو کارەش ئەوەبوو بگاتە بارزان، ئەرکى ئەم کارەى بە دوو فیرقەى سوپا سپارد، فیرقەى یەک بە سەرکردایەتى عەمید ڕوکن عەبدولکەریم فەرحان و فیرقەى دوو بە سەرکردایەتى عەمید ڕوکن ئیبراهیم فەیسەڵ ئەنسارى بۆ بەرەى مێرگەسۆر، جێبەجێکردنى پلانەکە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێرى وەزیرى بەرگرى ساڵح مەهدى عەمماش و سەرۆکى ئەرکانى سوپا تاهیر یەحیا دابوو، هەموو ئەمانە پێیان وابوو کەوا داگیرکردنى بارزان لە ناوبردنى شۆڕشیان بۆ دەستەبەر دەکات.

لە ١٥ى حوزەیرانى ١٩٦٣ هێزەکانى فیرقەى یەک بە پاڵپشتى ٥٠٠٠ جاش هێرشیان هێنا سەر چیای سەرى ئاکرێ، پاش شەڕێکى زۆر سەخت و بەرگرییەکى دژوار سوپاى عێراقى توانى دەست بەسەر ئەم شوێنە ستراتیجییەدا بگرێت، دواى ئەوەى سوپا ٦٩ کوژراو و ١٢٢ برینداریان لە شەڕەکەدا بەجێهێشت، لە ڕیزى جاشەکانیش ٢٣ کوژراو و ٣٧ بریندار هەبوو، دواى ئەوە سوپاى عێراقى ئامادەکارى کرد کە چیای پیرس داگیر بکات.

لەگەڵ گەیشتنى هەواڵى شەڕى پیرس بە سەرکردەى شۆڕش مەلا مستەفا بارزانی، خۆى ئامادە دەکات بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە ناوچەى شەڕەکە، پێشتر بڕیاربوو بچێتە ناوچەى برادۆست. لە شوێنى خۆى هەر یەک لە عەقید عەبدولکافى نەبەوى  بە بەرپرسى بەرەى سپیلک و عەبدوڵا ئاغاى پشدەریش بە یارمەتیدەرى دەستنیشان دەکات، فەرمانیان پێ دەدا بەرەى سپیلک بکەنە هێڵى داکۆکى، حکومەت واى دانابوو لەو بەرەوە، بەرەو مێرگەسۆر بچێت. لە شەوى ١٨ لەسەر١٩ى حوزەیراندا مەلا مستەفا بارزانی دەچێتە سەرووى گوندى سەفتییەوە کە دەکەوێتە لاى باکوورى داوێنى چیای پیرس، ئەم شوێنە لەلایەن حکومەتى عێراقى دەستنیشان کرابوو، هەر بۆیە چوار باڵەفڕى (هۆکەر هەنتەر) بۆمبارانێکى سەختیان کرد، لە ئەنجامدا سەلامەت دەبن، بارزانى لەو ساتەدا مەلا شنیى سەرکردەى بەرەى شەڕ و یارمەتیدەرەکانى بانگ دەکات بۆ گفتوگۆ و دانانى پلانى داکۆکیکردن، بڕیار دەدرێت پێشمەرگە سەنگەرەکانى خۆى پتەو بکات بۆ پاراستنى لووتکەى چیای پیرس، هەر بە فەرمانى بارزانى هێزێک بە فەرماندەیی عومەر ئاغاى دۆلەمەرى دەچێت بۆ ناوچەى شووش لە ڕۆژئاواى چیای ئاکرێ بۆ لێدانى دوژمن لە دواوە، هەروەها بەهەمان شێوە هێزێکیش بە فەرماندەیی حادى حسکۆ بڕوات بۆ سەرى سادا لە ژوور گەلى زەنتە بۆ لێدانى دوژمن لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە هەمانکاتدا بارزانى فەرمانى بۆ عەقید عەبدولکافى نەبەوى دەرکرد بۆ پتەوکردنى سپیلک و توندکردنی پاڵەپەستۆ لەسەر لیواى سێ لە ناوچەى خەلیفان کە ئەو کات لەلایەن پێشمەرگەوە گەمارۆ درابوو.

لە ٢٥ى حوزەیرانى ١٩٦٣ سوپاى عێراقى بە یاوەرى ١٠٠٠٠ جاش و بە پاڵپشتى دوو کەتیبەى تۆپخانە و چوار پۆڵ فڕۆکەى جۆرى (مێک و فیوورى هۆکەر هەنتەر)یش، هێرشێکى سەختیان بۆ سەر چیاى پیرس دەسپێکرد، بۆردمانەکە بە شێوەیەک بوو وەکو ئەوەى هەموو چیاکە گڕى گرتووە. لەو شەڕەدا پێشمەرگە بە چەکى زۆر سادە و تەقەمەنى کەم، تەنانەت تۆپەکانیش گولەى پێویستیان نەبووە. ئەمە وایکردبوو سەرکردەى شۆڕش مەلا مستەفا بارزانی هەمیشە جەخت لەوە بکاتەوە لە کاتى ڕووبەڕووبوونەوە دەست بەو تەمەنییە کەمەوە بگرن کە لەبەر دەستییانە بۆ ئەوەى بەهەدەر نەڕوا، لە کاتێکدا چەکەکان زۆرتر چەکى سووک بوون کە بریتى بوون لە چەکەکانى (ئینگلیزى کورت، دارجۆ، بڕنۆ، ڕەشاش برنۆ، تۆپى ٦٠ ملم)، لە کاتێکدا ئەو توانا لۆجستییە گەورەى کە هێزەکانى حکومەت لەبەردەستییان بوو هەر بەراورد نەدەکرا. لە ڕووى خواردنى پێشمەرگە وەکو ئەوەى پێشمەرگەیەکى ئەو کات کە کارى گەیاندنى خواردن و پێداویستییەکانى پێشمەرگە بووە، ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکى دەڤەرەکە لە ناوخۆیان خواردنیان بۆ پێشمەرگە کۆدەکردەوە و بە زۆرى لە نانى وشک، کەشک، نیسک و ساوار...هتد پێک دەهات.

شەڕ لە چیاى پیرس بەردەوام بوو دواى ئەوەى شۆڕشگێڕان زیانێکى گەورەیان بە هێزەکانى حکومەت گەیاند، لە ٢٨ى حوزەیران حکومەت توانى چیاکە داگیر بکات، گرتنى چیاکە دواى ئەوە هات کە فەرماندەى بەرەى چیاى پیرس مەلا شنى بێدارونى کە یەکێک بوو لە یاوەرانى مەلا مستەفاى بارزان بۆ یەکێتى سۆڤییەت، لە پاش چەندین شەڕى بەرگرى لە چیاکە بە هۆى تۆپبارانى سەختى حکومەتەوە، لە ئێوارەى ڕۆژى پێنج شەمە ٢٧ى حوزەیران لەسەر لووتکەى لاى چەپى چیاکە لەگەڵ پێنج پێشمەرگەى دیکە شەهید بوون. بۆمبارانکردنى سوپاى عێراقى پانتاییەکى فراوانى گرتبووە، ناوچەى نزار لە داوێنى چیاى پیرس لە باکوورەوە، بەڕۆژ لە داوێنى چیاى شیرین لە باشوورەوە دووچارى بۆمبارانێکى سەخت و نیشان لێگیراوى ئاسمان هاتبوونەوە، بەجۆرێک بوو کەسانى سڤیل گەلێک زیاتر بریندار بوون لە هێزەکانى پێشمەرگە، کاتێ هێرش بۆ سەر پیرس دەستى پێکرد، هێرشێک بۆ ناوچەى شووش و شەرمن کە عومەر ئاغاى دۆلەمەرى فەرماندە بوو، هێزە هێرشبەرەکە بە خراپى تێکشا و چەندین لاشەى کوژراوەکانى لە پاش خۆى جێهێشتبووە، ئەگەر برینداربوونى عومەر ئاغا نەبوایە لەوانە بوو فەرماندەى هێزەکەى حکومەت عەقید ڕوکن سەعب حەردان بەدیل بگیرابووایە، دواى برینداربوونى ناوبراو لە بەرەى شەڕ دوورکەوتەوە، لە شوێنى ئەو هورمز مەلەک چەکۆ ببوو جێگرى. بە گوێرەى بروسکەیەکى سوپا کە لە ٢٨ى حوزەیران بۆ جەحفەلى لیواى ١ی فیرقەى ١ی ناردووە، دانیان بە کوژرانى ٢٧ کەس و برینداربوونى ٥١ کەس داناوە.

شایانى باسە لەو بەرگرییە سەختانەى کە پێشمەرگە کردى لە میانەى شەڕى پیرس و شەڕەکانى دیکە کە بە دوای داهات، چەندین پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، لەوانە دین کانیەلنجى، خان بێدارونى، حالکەى دۆلەمەرى، حسێن محەمەد ئاغا مێرگەسۆرى، ئەحمەد ڕەشاشچى، شیت سەرکێرى، سەعید شێروانى چەندانى تر شەهید بوون.


سەرچاوەکان:

١- مامخان شێراونى، بارزان و رەچەڵەکى بارزانیان، بێ شوێنى چاپ، 1995، ل 105.

٢- مروان صالح ال معروف، مصطفى البارزانى زعیم الحرکة التحرریة الکوردیة، مطبعة حاج هاشم، أربیل، 2018، ص 118.

٣- مەسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى سێیەم، بەشى یەکەم، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، 2004، ل 125.

٤- شکیب عقراوى، سنوات المحنة فی کردستان، مدیریة مطبعة الثقافة، اربیل، 2007، ص 128.

٥- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلوپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

٦- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، رۆژانێ لە مێژووى شۆڕشى ئەیلول، چاپى دووەم، نووسینگەى تەفسیر، هەولێر، 2006، ل 165 ؛ حاجى میرخان دۆلەمەڕى، گەڕان بە دواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، بێ شوێنى چاپ، 2021، ل 296.

 


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر