لە هاوینى ١٩٦٣ شەڕ و پەلامارەکانى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولسەلام عارف بە فراوانى بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەستى پێکرد، لە ئێزگەى بەغداوە بەیاننامەى ڕەتکردنەوەوەى گفتوگۆى لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕشى کورد ڕاگەیاند و بڕیارى سەرهەڵدانەوەى شەڕێکى خوێناوى دژى کورد دەرکرد، پاشان کەوتە هێرش و پەلاماردانى شار و شارۆچکە و دێهاتەکان، ئینجا دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەدوونان و ڕەشەکوژى تەواوى ئەو ناوچانەى کە کەوتنە بەر پەلامارە سەربازیەکان بەو پێیەى کە بەعسیەکان وایان لێک دەدایەوە ڕژێمى عەبدولکەریم قاسمى پێش خۆیان بە ڕژدى شەڕى کوردى نەکردبوو، بەڵکو ئەوان دەتوانن بە ماوەیەکى کورت شۆڕشى کورد شکست پێ بێنن، دیارە ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستییە کە عەبدولسەلام عارف هەرگیز باوەڕی بە دۆزى کورد نەبووە لە عێراق، ڕەنگدانەوەى ئەوەش لە گوتار و وتەکانیدا دەردەکەوت کە داننان بە کورد و وشەى کوردستانى بەکارنەدەهێنا.
لە پایزى ١٩٦٣ هەڵمەتى سەربازى بۆ زنجیرە چیاى ئەزمەڕ دەستپێکرد کە ٥ کم لە سلێمانیەوە دوورە، بە پاڵپشتى تانک و فڕۆکە و ڕەشاش بەرەو سەنگەرەکانى پێشمەرگە هەڵمەتیان برد، هێزى پێشمەرگەش لە سەنگەرى بەرگریدا بەرەنگاریان بوونەوە، بەو چەکانەى کە لە دەستیان بوو بریتى بوو لە (بڕنەو، یانزەتیر، ڕەشاش برێن)، لە بەرى بەیانەوە هێزەکانى حکومەت سێ جار پەلامارى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان دا، بەڵام بەرگرى و ڕووبەڕووبوونەوەکانى پێشمەرگە بە جۆرێک بوو توانیان هەرسێ پەلامارەکە تێکبشکێنن و بەرەو دامێنى چیاکە پاشەکشەیان پێ بکەن و چەندین لاشەى کوژراویان لە مەیدانى شەڕەکەدا بەجێهێشت.
هەرچەندە دواى ئەو شکستەى سوپا بووە هۆى ئەوەى کە بۆ ماوەیەک هێمنى باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ، بەڵام سوپا لەم بێدەنگیە سەرقاڵى خۆ ئامادەکردن بوو بۆ هێرشێکى گەورەتر و بە پلانێکى توکمەتر، بەڵام هێزى پێشمەرگە ئەو جارەشیان سەنگەرەکانیان زۆر باش قایم کردن و بە توندى بەرەنگاریان بوونەوە و پلانەکەیان شکست پێهێنا و هێرشەکەیان تێکشکێندرایەوە و زیانى زۆریان پێ کەوت، بەڵام سوپاى عێراق لە تۆڵەى شکستەکەیان کەوتنە گیانى شوان و کاروانچى و کاسبکارانى قەراغى شارى سلێمانى و هەموویان گرتن و شەهیدیان کردن.
لەو داستانەى چیاى ئەزمەڕ کە نموونەی زنجیرە داستانەکانى بەرگرى نیشتمانیە، چەند جارێک هێرشى سوپاى بەعس تێکشکێندرا و زیانى گیانى زۆرى پێگەیاندن، لەلایەن هێزى پێشمەرگەشەوە تەنها یەک شەهید هەبوو.
سەرچاوە:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان